دەخیلەک یا ڕەسوولەللا بگە فریام بە جێ ماوم
از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
2 دقیقه
988 مشاهده
دەخیلەک یا ڕەسوولەللا بگە فریام بە جێ ماوم
حەقیقەت ڕووڕەش و عاسیتخلصم ولیکن مستەفا ناوم
بە ئومێدی خەڵاتێکم لەلایەن مەخزەنی لوتفت
کە چونکە پیر و ئوفتادەم گەلێ پێویست و داماوم
لەناو مزگەوتی ماڵی خوا ئەوا حەفلەی وڵادەتتە
مەلەک خزمەتچیە ئیمڕۆ منیش هەربۆیە وەستاوم
پەنا بۆ کێ بەرم قوربان ئەگەر تۆ نەبییە پشتیوان
لەدەست نەفس و لە دەست شەیتان گرفتاری دووسەد داوم
ئەوا عومرم هەموو ڕۆیی لەدەست دونیا حەیاشم چوو
لەدوای نێچیری بێ شەرعی وەکوو تاژی بەهەشتاوم
لە دامێنت نەوەک بەربێ دەخیلە دەستی ئومێدم
بکە چارەی برینی دڵ کە عەقڵ و هۆشی تێکداوم
هەوا و جیفەیی دنیا بەبێ شک یا ڕەسوولەللا
حەیاتی مەعنەویان بردم ئەمەل وا ڕووحی کێشاوم
لە تاریکی شەوی غەفڵەت سەرم دەرناچی بۆ هیچ لا
تەبیبی حاڵزانی من عیلاجێک بۆ دڵ وچاوم
قوڕی کوێ کەم بەسەر خۆما ئەگەر خۆت نەبییە غەمخوارم
ئەمن هەر ئوممەتی تۆمە بە گوێرەی ئولفەت و ناوم
سەگی دەرگاهی خۆتم من دەخیل خوێڕیم مەکە قوربان
سەگی دەرگهی تۆ بێتن لە مەحشەر شوهرەت و ناوم
لە حاڵت بۆ نەپرسیم تۆ گەلێکم زگ بە خۆم سووتا
بە پەیکانی موژەی تۆیە کە چەندین وەختە پەیکاوم
سەرم دانا لەبەر پێتا لەباتی بەردەباز قوربان
بە سەرگەردی بنی پێت بم وەرە داینێ لە سەرچاوم
بە چاو و دیدەیی گریان بە عومری زۆر و دڵ بریان
لە قاپت کەوتووم قوربان ببینە ڕەنگی شێواوم
ئەگەر چی ڕووت و بێ مایە پەنام بۆ تۆ ئەوا هێنا
لە قاپی عیززەتی تۆمە گەلێ بێ کەسم و داماوم
لە مەیدانی شەفاعەتدا دلوورم وەک سەگی برسی
سەگی دەرگانەکەی خۆتم عیلاجێک تا نەسووتاوم
کەڕێت عاسێ یە ئەی عاسیتخلص نەوەک عاسێ بی وریابە
نەکەی دامێنی قەت بەردەی بڵی من شێت و خەڵفاوم