تەماشای چەرخی چەپگەرد کەن بە زیددی چەرخی گەردونە
از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
2 دقیقه
1074 مشاهده
تەماشای چەرخی چەپگەرد کەن بە زیددی چەرخی گەردونە
ئەوەی شایانی عیززەت بێ ئەوێستا سووک و مادوونە
ھەوا و دەستووری نائەھلە بناغەی حورمەتی تێک دا
وەتەن شێوا و پڕ حەسرەت ئەھالی زار و مەفتوونە
لە چۆل و دەشت و ھەم چیادا تەماشای خوێنی کوردی کە
لەگەڵ فرمێسکی باب کوژراو دەڵێی ڕووباری جەیحوونە
حەرەس قەومی کە وەختی ھات بەلینگی ڕووت و بێدەرپێ
لە ڕاستی کوردی بێچارە دەڵێی مەڕوان و مەئموونە
خیلافی ئەمری یەزدانە ھەموو ڕەفتار و ئەفکاریان
ئیدارە و حوکمی بێجێیان خیلافی شەرع و قانوونە
ئەگەر چە ڕاستە دووپێنە بە وەحشەت فەوقی چوار پێنە
بە عەقڵ و سوورەت و سیرەت ھەمووی سەگسار و مەیموونە
زەرەرمان ھیچ نەکرد ئێمە کە چونکە تێگەیشتین باش
بڕینی پەنجەیی کورتی کە چەند پڕ ئێش کەسکوونە
بە ھیوای تۆڵە وەرگرتن کە سەرفی ڕووحی شیرین کەین
ئەوا فەرھادی سەردارمان خەریکی کێوی بێستوونە
ئەگەر فیرعەونی میسریش بێزەریف با تێبگا بۆ خۆی
سیلاحی کوردی ساحیب حەق عەسای مووسا و ھاڕوونە
دەبێ ھەر خۆی بخنکێنێ لە گێژی بەحری حەسرەتدا
لە دەستی چوو کە خاکی کورد ھەمووی ھەر گەنجی قاروونە
سەرت دەرکە ھەتا ماوی بە ڕێگای فورسەتا ڕاکە
شیمال ھەر موڵکی کوردانە ئەتۆش چارت بە لاچوونە
زەریفی تێبگە یابە وەکوو حەڵقە لە گوێتی کە
میسالی نیشتمان و کورد وەکوو لەیلا و مەجنوونە
وەتەن خاوێن و بێغەم بوو بە زوڵمی ئێوە چڵکن بوو
لەبۆ شۆرینی بڕنەومان گەڵی باشتر لە سابوونە
ئەگەر حەسرەت دەخۆی بۆ نەوت بڕۆ ھەندێک بە سەرتاکە
بە کار نایە درۆ و تەفەرە بەڕاستی وەختی دەرچوونە
لە شوومی زوڵم و بێرەحمی لە دەرحەق نیشتمان و کورد
بناغەی ھێزی ناحەقتان بەرەو ڕووخان و تێک چوونە
بیحەمدیللا کە ناوی کوردی بە ناوی ئەو کەسەی دەرچوو
بەغیرەت کێوی ئەلبورز و بە ھیممەت پیرە مەگرونە
منیش ھاوناوی ئەو زاتەم وەلاکین شوھرەتم عاسیتخلص
بە تیشکی ڕۆژی سەرکەوتن قەریحە و زھنەکەم ڕوونە