بە فرمێسکی پەشێمانی بکە تاعەت گوناھی زووت

از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
 2 دقیقه  999 مشاهده
بە فرمێسکی پەشێمانی بکە تاعەت گوناهی زووت
تەماشای هەوری ڕەش ناکەی کە قەترەی چەند سپی و جوانە
هەموو عومرت لە دەست ڕۆیی قسەی نەرمت نەبوو هەرگیز
لە ئەم بێ خوڵق و ڕوو گرژیە چ بوو نەفعت ئەتۆ گیانە
حەیات بۆچی نەکرد جارێ حەیاتیشت لە دەست دەرچوو
ئەتۆ نەتبیست نەبی فەرمووی حەیا شوعبێکی ئیمانە
وەکوو کەشتی شکاو دنیا لەناو بەحری حەوادیسدا
کەبۆ خۆی حاڵی ئەوها بێ تەلەب کاری پەشێمانە
دەخیلت بم لە بۆ نانێک مەڕێژە ئاوی ڕوخسارت
کە ئاوی ڕووت لە جێی خۆی ما بزانە ئاوی حەیوانە
ئەگەر عەقڵت لە دەست دەرچێ بەڵایە نەفسی ئەممارەت
لە دوای ویش عاسیتخلص وریا بە لەوی پیستر کە شەیتانە
لە بەر با و بژی نەفست چراغی دڵ پەنادە زوو
هەمووی پێچ وپەنایە ڕێت هەمووی هەر چاڵ و زندانە
ئیتر قەت مەیدە دەست نەفست لغاوی ئیختیاری خۆت
چە ڕێی چاکت نیشان نادا ئەمە هەر نەسسی قورئانە
بە زەیتی زینەتی دنیا دڵ و ڕووحم وەها سووتان
سەراپا بوونە خاکستەر عەجەب لەم دەور و دووکانە
وەرە بن سێبەری عیززەت بکە کەسبی قەناعەت تۆ
کڵاوی بێنەوایی خۆت لەوێدا تاجی سوڵتانە
ئەگەر مردی بە مەردانە بچۆ ناو بەحری هوشیاری
بە چاوی دڵ تەماشا کە خزێنەی دوڕڕ و مەرجانە
شعوورت تێک مەدە عاسی لەکیس خۆتی مەدە مەرد بە
دەبێتە شاهیدی فەزلت هەموو ئەم ڕەمز و بورهانە
دڵی ڕووناک و باتین بین چە چاوی زاهیری ناوێ
هەموو مینابی گەر خانوو چە پێویستی کولانکانە
دڵی هوشیار لە ئەم بەحرە وەکوو کەشتی جەنابی نووج
لەسەر جوودی ویسالی حەق ئومێد و عەزمی وەستانە
وەرە عاسیتخلص ئەتۆ مەرد بە بچۆ زندانی خامۆشی
لەوێ مەعلووم دەبێ بۆ تۆ کە فەوقی قەسری شاهانە