پێشەکی

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 7 دقیقه  996 مشاهده

دوو جۆرە ئەدەب هەیە: ئەدەبی تایبەتی، ئەدەبی گشتی، تایبەتییەکە هی نەتەوەیەکی تایبەتییە و لە جاڕگەی ئەو نەتەوەیەوە دروست ئەبێ، گشتییەکەش ئەدەبێکە، کە هەموو نەتەوەیەک تیایا هاوبەشن. ئەم جۆرە ئەدەبەیان بریتییە لە نوکات و قسەی بەتام و ئەو شتانەی کە زاخاوی مێشک ئەدەنەوە. هەر نەتەوەیەک زمان و قەڵەمی بڵاوکردنەوەی هەبووبێت، لەو قسانە، یا لەو مەفهوومانەی خستۆتە ناو چوارچێوەی زمانەکەی خۆی و بڵاوی کردۆتەوە. ئەو نەتەوەیەش کە ئەو زمان و قەڵەمەی نەبووبێت هەر وا ماوەتەوە و نەیتوانیوە هیچ چەشنە بزووتنەوەیەک بۆ خۆی دروست بکا، تەنیا ئەوەی بۆ ماوەتەوە کە بۆی خوێنراوەتەوە: لە فڵانە کتێبی فڵانە زماندا وا نووسراوە و وا وتراوە.

کورد یەکێک بووە لەو جۆرە نەتەوە بێزمانانە: خۆی هیچی بۆ کۆ نەکراوەتەوە بۆ چاپکردنی بە زمانەکەی خۆی، لە زمانانی ترەوە شتی بۆ خوێنراوەتەوە و ئەو شتەی بە هی ئەوان زانیوە، با ئەساڵەتی ئەو شتەش هی ئەو بووبێت، بەڵام لەبەر ئەوە کە خراوەتە سەر زمانێکی تر و لەوەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەم، بە ماڵی ئەو زمانەی زانیوە.

من لەسەر ئەو باوەڕەم و لام وایە ڕاکەشم لەگەڵ واقیعدایە کە: کورد هەتا ئەم چەرخی دواییە زمانەکەی نەخراوەتەوە سەر لاپەڕەی چاپ، ئەو چاپەی کە لەناو ئەودا بڵاو بۆتەوە یا عەرەبی بووە بە حوکمی دین، یا فارسی و هەندێ جاریش تورکی بووە بە حوکمی حوکم، کوردەکە ئەگەر ویستبێتی شتێک بۆ خۆی بنووسێ هەر بە یەکێ لەو زمانانە بووە. ئەدەبی کوردی تەنیا ئاشنایەتی بە ئەدەبی ئەو زمانانەوە بووە، چونکە تێکەڵاوییەکەی هەر لەگەڵ ئەوانا بووە. ئەدەبی ئەورووپی بە هەموو جۆر بێگانە بووە لە ئەدەب و زمانی ئەم، چونکە ئەم ئەدەبی ئەورووپییە لەم سەدەی بیستەمدا تۆزێ لەناویا بڵاو بۆتەوە، ئەو هێزەی نەبووە (لە لایەن بڵاوبوونەوەوە) کە کار بکاتە سەر ئەدەبەکەی ئەم، بەتایبەتی ئەدەبی فولکلۆر.

ئەو زمانانەی کە وتم لەبەر ئەوەی خاوەنی هێز بوون، لە وڵاتانی پان و درێژی ژێردەستیانا هەر شتێکیان دیبێت و بیستبێت بەو زمانانەی خۆیان گوزارشتیان لێک داوەتەوە و شتەکە بەو زمانە بڵاو بۆتەوە. یەکێ لەو شوێنانە کە شت و زمانەکەی ئەوانی تێدا بڵاو بۆتەوە وڵاتی کوردەواری بووە. گەلێ شت، گەلێ ئەدەب، گەلێ فۆلکلۆری ئەوان خراونەتە سەر ئەو زمانانە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەمان، ئەمانیش وایان زانیوە، کە هی ئەوانە، کە چی لە ڕاستیدا وەکوو ئایەت ئەفەرموێ «بضاعتنا ردت اليناعربی»، یا سەرگوزەشتێکی کوردی ئەڵێ: جارێک کابرایەکی کورد لە هاوینا ڕێی ئەکەوێتە شاری بەغدا، کابرای ئاوفرۆشی بەغدایی بانگ ئەکا «مای بارد»، ئەمیش بەلایەوە شتێکی سەیر ئەبێ، ئەڵێ: برا بکێشە باییی قڕانێک لەو مای باردە، نەیژی کوردە پووڵی نەدیگە! زۆر بەتاسەوە ئەیخواتەوە، سەیر ئەکا ئەمە هەر ئاوە و هیچی تر! کە ئەگەڕێنەوە بۆ وڵات، لەناو عەشرەتا دائەنیشێ و ئەڵێ: کوڕە، ئەگەر چوونە بەغدا و بانگیان کرد «مای بارد» نەکەن بیخۆنەوە، ئەوە هەر ئاوە پەتییەکەی لای خۆمانە، با پووڵەکەشتان لێ نەسێنن!

زۆرێکی زۆر لە نوکات و قسە و سەرگوزەشتێ کە لە ناوچەی کوردەوارییەوە دروست بووە لەبەر بڵاوبوونەوەی ئەو زمانانە لە ناوچەکەدا ئەو سەرگوزەشت و قسانە خراونەتە سەر ئەو زمانانە و کوردەکە خوێندوویەتەوە، وتوویە لە فڵانە کتێبی عەرەبی، یا فارسی، یا تورکیدا وا ئەڵێ و شتەکەی داوەتە پاڵ ئەوان، ئیتر ئەوەی لەبیر چۆتەوە کە ئەمە هی خۆیەتی و ئەوان خستوویانەتە ناو زمانی خۆیانەوە لەمیان زەوت کردووە!

من گەلێ لەو کتێبانەم خوێندۆتەوە یا زۆر جار بیستوومە کە یەکێک شتێکی گێڕاوەتەوە و وتوویە ئەمە لە فڵانە کتێبی فارسی یا عەرەبیدا نووسراوە، کە چی لە ڕاستیدا شتەکە بە مەفهوومێکی ڕاستەقینە و بە جۆرێکی ئەسیل لەناو کوردەکە خۆیدا هەیە و هەبووە، بەڵام لەبەر ئەوە کە زمانی بڵاوکردنەوەی نەبووە، نەکەوتۆتە ژێر ئەو بڵاوبوونەوەیەوە بە زمانەکەی خۆی، زمانی تریش دەستییان کردووە خستوویانەتە ناو زمانی خۆیانەوە و داویانەتە پاڵ خۆیان، ئەمە شتێکی تر، نەتەوە ئەبێ هەموو شتێکی هەبێ، کوردیش ئەگەر دانی پیا بنێن کە نەتەوەیە، نابێ ئەمیش ئەوانەی نەبێ، خۆ ئەگەر وتراش نەتەوە نییە ئەوا ئیتر من هیچ قسەیەکم نامێنێ!

من لە ساڵی ١٩٥٧ەوە لە بڵاوکردنەوە و چاپکردنی ڕشتەی مرواریدام، لەو ماوەیەوەدا تا ئێستا ئەمە بەرگی حەوتەمییەتی، ئەو شتانەی کە لەناو کورددا هەبوون و بڵاوبوونەتەوە، من کۆم کردوونەتەوە خستوومنەتە نێوانی دوو بەرگی بەرگەکانی ڕشتەی مروارییەوە، ئەو شتانەی کە من وتوومن هی خۆم نین و من نەموتوون بەڵکوو کوردەکە خۆی وتوونی و هەر کورد بۆی ناردووم، کە چی وەختی واش بووە بیستوومە وتوویانە: ئەو فڵانە شتە کە لە ڕشتەی مرواریدا هەیە لە فڵانە کتێبی عەرەبی یا فارسیدا هەیە. من ئینکاری ئەمە ناکەم، ڕەنگ بێ هەبێ، بەڵام وەکوو وتم: ئەدەبی گشتی، هەموو نەتەوەیەکی دراوسێ تێیدا شەریکن، پێشدەستی هی ئەوان ئەوە بووە، کە زمانی بڵاوکردنەوەیان هەبووە، لە ئێمەیان وەرگرتووە و بە ناوی خۆیانەوە بڵاویان کردۆتەوە، من ئەمە ئێستا قبووڵ ناکەم، شتی خۆمە و بە زمانی خۆم بڵاوی ئەکەمەوە، لەمە زیاتر باجدان خوا هەڵناگرێ!

هەندێ ناو لە ڕشتەی مرواریدا دێت، ڕەخنەگر لە ئەدەب، ئەو ناوانە ئەکا بە گوڵدەستەی دەستی بۆ ڕەخنەگرتن! دیسان من ئەمەش هەر قبووڵ ناکەم، چونکە من چۆنم بیست و چۆن بۆیان گێڕاومەتەوە یا بۆیان ناردووم و بە ناوی کێوە ناردوویانە، بەو تەرحە بڵاوی ئەکەمەوە، دەست لە ئەمانەت نادەم، لەگەڵ ئەوەشا من بە لامەوە وایە ئەو ناوانە کە ئەو جۆرە قسانەیان کردووە یا نواندووە، بە لای من و بە لای هەموو ئەدەبپەروەرێکەوە بلیمەتیی ئەوان دەرئەخا، نەک پایە کەمکردنەوەیان، بۆ وێنە: یەکێکی وەک شێخ ڕەزای تاڵەبانی هۆنەرێک بووە وەکوو هۆنەرەکانی تر، کە چی لەو ڕێچکەیەی ئەو و لەو ئیلهامەی ئەودا نە هیچ هۆنەرێکی تر ئەیگاتێ، نە من و تۆیش ئەتوانین ئەو فیکرانەی ئەو دەریبڕیون، دەریانببڕین! ئەمە لێرەدا بلیمەتیی شێخ ڕەزا دەرکەوت، پایە نزمی ناوەکانی ڕشتەی مرواریش چەشنی سەمەرەیان هەیە.

مەجۆلی خامە و مەلا سمایلی کانیسکان و عەزیز بەگ و سەدەها ناوی تر بەلای منەوە بلیمەت بوون، ئەگینا بۆچ من نازانم وەکوو ئەوان بڵێم؟! نەتەوەکانی تر لە هەموو شتێکی خۆیانەوە بۆ قسە لێوەکردن دریغیان نەکردووە، منیش نایکەم. ئەگەر ئێستا نرخی ئەوانە نەزانرێ، مێژووی سبەی و دووسبەی نرخیان ئەزانێ. دوور نییە هەندێ شت لە ڕشتەی مرواریدا هەبێ، بە چاو هەندێکەوە بڵێن ئەوە چییە وا چاپ ئەکرێ؟! من بە لامەوە لە ڕووی ئەدەبێکی پان و فراوانەوە، چاپکردنی ئەوانە پێویستترە، چونکە ئەوان ئازووخەیەکی هەمەڕەنگن بۆ دواڕۆژ.

خاڵۆ! بچۆ کتێبێکی بێگانەکان بخوێنەوە بزانە چییان کردووە و چییان نووسیوە؟! هەر ئەو نووسینەی ئەوان بووە بۆ ئەو شتانە کە مێژوویەکی گەورەی بۆ دروست کردوون.