پڕیشکەکان

شیعری ئاراگون، شاعیری گەورەی فەرەنسایە
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکه‌ی فلاح (1928-1990)
 2 دقیقه  811 مشاهده
١
واز لە سکاڵا بێنە
هیچ شتێک لەوە زیاتر
مایەی گاڵتە پێکردن نییە
کە مرۆڤێک بکڕووزێتەوە
ئەگەر نەگری
٢
بڕوام پێ بکەن
هیچ شتێک
بە قەدەر بیرکردنەوە
ژان کێش نییە
٣
هەرچەندە شیعر
کورتتر بێ
چاکتر بە ناخی دەروونا
ڕۆ ئەچێت
٤
با ئەم شاعیرە
شاربەدەر کەین
چونکە لە شارەکەدا
جێگای ئەم جۆرە
ژانە نابێتەوە
۵
ئەسووڕێمەوە
نووکی نێزە لە دەروونم چەقیوە
ئەسووڕێمەوە
شتێک لە خەیاڵمایە
ئەسووڕێمەوە
بە گوڵدانێکی گوڵی سیس و
ژاکاوەوە
بە چەند وێنەیەکی
بچووک کراوەوە
ئەسووڕێمەوە
بە جل و بەرگی کۆنەوە
ئەسووڕێمەوە
کونێکی گەورە لە دڵمایە
٦
هەموو شتێکمان بۆ ئەوانە
دروست کردووە کەوا ئەخنکێن
هەموو شتێک بۆ ئەوانەی
هەناسە بدەن
پەنجەرەمان بەسەر شەوا
بەرز کردۆتەوە
لە هەموو شوێنێک
داڵدەمان کردۆتەوە
ئێوەش ڕەگی سکاڵامان ببڕن
٧
هەرگیز
هیچ شتێک
لە زەردەخەنە جوانتر نییە
با لەسەر ڕوویەکی
شێواویش بێت
ئایا ناتانەوێ جوان بێت؟
٨
ئەم هەنگاوە بریندارانە
دوور خەنەوە
٩
چەن پێت ڕەوایە
چاو وەگێڕی
لەو شتانەی خوێناوین
۱۰
هەموو شتێک بە تەواوی
لە شوێنی خۆیایەتی؟
یان هیچ نەبێ وا ئەبێ؟
١١
ئەی دەرۆزەکەر
دەستە ڕاکێشراوەکانت بشۆ
١٢
کێ ئەڵێ من ئازار ئەکێشم؟
ئەوانم لەبیر ئەچێتەوە؟
١٣
بێدەنگبوونت بەس نییە
بەڵکوو پێویستە بزانی
شتێکی تر بڵێیت
١٤
ئەو درەختە، بە نەفرەتکراوە
ئەگەر چاو شاد و دڵخۆش نەکات
هەروەها شاعیریش مافی مانەوەی نییە
ئەگەر گوڵ دەر نەکات
١٥
هیچ زامێک نییە
ئەگەر کەمێک جوانی بکەین
دەمێکی لێ نەیەتە دی
هەروەها هاوارێک
نەتوانین بیگۆڕین
تاقانە تاوان؛
ڕێکنەخستنی ئاوازەکانە
١٦
قسە بۆ ئەو کەسانە ئەکەم
کە ناتوانن بخەون
ئەوان بە تەنیا نین
مادام لەوان ئەچم
هەروەها قسەش بۆ ئەوانە ئەکەم
حەز ئەکەن بمرن
بۆچی ئەڵێن:
من خۆپەرستم
١٧
ژیان پڕە لە پڕیشک
بەڵام لەگەڵ ئەوەشا
هەر ژیانە
١٨
جار جار جێی خۆیەتی
لە شەوا هاوار کەین
١٩
جارێکی تر چاوی منداڵە مردووەکان
نایەڵێ لەمڕۆ بە دواوە
ئاوێنە ببینێ
٢٠
ئایا ئەزانی؟
وشەی شەرمەزاری چییە؟
٢١
هەوڵ بەن
ئەم وشەیەی لە خەنجەر ئەچێ
ئاوێتەی بەیتی شیعرێکی فەڕەنسی بێت