مەلا تۆفیی حاجی برایم ناردی بۆ ڕشتە وتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  523 مشاهده

مەلا تۆفیی حاجی برایم ناردی بۆ ڕشتە، وتی:

لەو دەشتی بازیانە لە گوندێ کابرایەکی سەپان ژنێکی جوان و جحێڵی ئەبێ لەگەڵ دایکێکی پیرا. ئەم ژنە دۆستێکی ئەبێ. بە دۆستەکەی ئەڵێ شەو کە هاتی لەو دیوی چەپەرەکەوە گوێ هەڵخە، ئەگەر ئامۆژگاریم کردی بەو پێیە بڕۆ بەڕێوە، ئەگینا بگەڕێوە. شەوێک وا ڕێکەوت مێردەکەی چوو بۆ سەر خەرمان، کاتێ کە دۆستەکەی دێ و دەنگی پێی دێت بەم جۆرە ئامۆژگاری ئەکات، بێشکەکە ڕائەژەنێ و ئەڵێت:

ڕۆڵە لای لایە، ڕۆڵە لای لایە
باوکت هەستاوە چۆتە چیایە
پێخەفی بردووە و بەم شەوە نایە
تا بەیان ئەڕوا هیچ دەنگی نایە
ئەو سەگەی ماڵمان ناوی زەنگینە
خەسووشم تۆزێ گوێچکەی سەنگنینە
وا لە لای چەپم بۆ خۆی خەفتینە
بێشکەی کۆرپەکەش لای سەر کەفتینە
کە هاتیە ژوورەو کۆڵەکەی ماڵە
تۆزێ لەم لاتر تەنوورە و چاڵە
خۆت لادە لێیان بێرە لای ڕاستم
دەست بکە ملم هیچ مەکە باسم
ڕۆڵە لای لایە، ڕۆڵە لای لایە
دەردت لە گیانم بۆچ خەوت نایە

بەم جۆرە و لەسەر ئەم نیشانانە کابرای دۆستی ئەچێتە لای ڕاستیەوە تا بەیانی بۆ خۆیان پێکەوە ڕائەبوێرن.