شیروان عەلی ئەمین گێڕایەوە وتی لەم...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  660 مشاهده

شیروان عەلی ئەمین گێڕایەوە وتی:

لەم سەردەمانەی دواییدا تەنەکەچییەک هەبوو لە سولەیمانی وەستا فەتحوڵڵای ناو بوو. ڕۆژێک کابرایەکی عەرەب ئەچێتە لای داوای لەوحی لێ ئەکا. ئەویش هیچی لێ تێ ناگا، لە عەرەبیشدا تەنها وشەی «یابە» ئەزانێ و یچی تر. کابرای عەرەبیش لە وشەی «کاکە»وە بەو لاوە هیچی تر نازانێ. هیچیان لە هیچیان تێ ناگەن. لە ئەنجاما وەستا فەتحوڵڵا دەستی بەرز ئەکاتەوە دەست ئەکا بە پڵتۆک لێدان و بەدەمیش ئەڵێ: «یابە هەی لنگ لنگ و دنگ دنگ هەیە، دنگ دنگ».

کابرای عەرەبیش نە لە لنگ لنگ و دنگ دنگ تێ ئەگا نە لە پڵتۆک لێدانەکەی. پێی ئەڵێ: «شتگول». ئەویش وەکوو بەڕووی لە دەما هەڵتۆقیبێ بە کوردی پیادێت، ئەڵێ: لەوحەکان دوو جۆرن، جۆرێکیان تەنکن، کە پڵتۆکی لێ ئەدەی، دەنگ ئەداتەوە و زینگەی لێوە دێ ئەڵێ لنگ لنگ لنگ. جۆرەکەی تریشی ئەستوورە کە پڵتۆکی لێ ئەدەی دەنگەکەی ئەڵێ دنگ دنگ دنگ، جا جەنابت کامیانت ئەوێ؟

کابرای عەرەب لەم فەرمایشانە سەری سڕ ئەمێنێ و دەمی ئەبێ بە تەڵەی تەقیوە و لێ ئەدا ئەڕوا، چونکە لە هەوەڵەوە لە لنگ و دنگ تێ نەئەگەیشت ئێستا ئەم ڕیس و گوریسەشی هاتە سەر، هەر بە تەواوی سەری لێ تێکچوو.