جاران لەو کوردەوارییە -نەوەک جاران بەڵکوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  554 مشاهده

جاران لەو کوردەوارییە -نەوەک جاران بەڵکوو ئێستاش- یەکێک کە ژنی ئەهێنا نەئەبوو بە زاوا ئەیانوت ئەمە بەستراوە، کابرا ئەکەوتە گەڕان بۆ لای شێخ و مەلا بۆ نووشتەکردن و چاری ئەم دەردەی، کە بەڵکوو بکرێتەوە. عاسە بیجەڕێنە هەبوو لە سولەیمانی کە ئیشی هەر ئەوە بوو بەستراوی ئەکردەوە. کابرای بەستراو، کە لە هیچ لایەک هیچی بۆ نەئەکرا، بەناوبانگی عاسە بیجەڕێنە ئەهات بۆ سولەیمانی و ئەچوو بۆ لای، ئەیوت: میمکە عاسە بیکە وە خاتری خوا چارێکمان بکە. میمکە عاسەش خۆی تەنگ ئەکردەوە ئەیوت: بڕۆن باوکم بۆ وازم لێ نایەنن، بەهۆی جەزرەبەی جنۆکە و شەیتانی ئێوەوە ئەوەتە هەر ئێسقانەکەم ماوە. کابرا کە گوێ لەمە ئەبوو ئەوەندەی تر شێرگیرتر ئەبوو و دەستی ئەپێچا بە داوێنیا ئەیوت: بیکە بە خاتری ئەو خوایە، کە ئەو بەهرەیەی داوە وە تۆ ئەگەر چارمان نەکەی!

عاسەش ئەیوت: بڵێم چی باشە با ئەم جارەش بۆ ئێوە بێ.

عاسە دوو ژووری لە خانووەکەیا هەبوو، کابراش کە ئەهات بە خۆی و ژنەکەیەوە ئەهات، ئەمجا میمکە عاسە لە یەکێک لە ژوورەکانای جامێ ئاوی ڕوونی ئەهێنا، چارۆکەیەکی ئەهێنا ئەیدا بەسەر جامە ئاوەکەدا، دارێکی ئەدایە ژێر چارۆکەکەو، چارۆکە وەکوو چادری لێ ئەهات بەسەر ئاوەکەوە. ئەمجا کابرای بەستراو و ژنەکەی ئەهێنا تۆزێ نزیک لە ئاوەکەوە دایئەنان، خۆی ئەچووە ئەو لای چارۆکەکەوە، بە جۆرێ دائەنیشت کە چارۆکەکە بکەوێتە بەینی ئەو و ژن و پیاوەکەوە. مەقەڵەییەکی ئاگریشی لەو لای خۆیەوە دائەنا قانگی ئەکرد بە سەرا، کۆترە قەڵەمێک وتۆزێ کاغەزە شڕەشی لەتەنیشت خۆیەوە دائەنا، لە پشت چادرەکەوە دەمی ئەدا بە یەکا هەندێ شتی وەکوو:

«جۆ لۆ، تەبپو جادو، گالێک» ئەوتەوە. کابرا و ژنەکە ئەوەندەیان ئەزانی شڵپە شڵپ و جروکە جروک لەناو جامە ئەوەکەوە پەیدا ئەبوو و ئەمجا باجی عاسم هەر لەپشت پەردەکەوە ڕووی ئەکردە جروکەکە و ئەیوت: قسە بکە کێ ئەحەی بەستووە؟ ئەگەر کابرا ناوی ئەحە بووایە، ئەگەر شتێکی تری ناو بووایە بە ناوی خۆیەوە ئەیوت: جروکە وشڵپەکە کز ئەبوو و ئیتر دەنگی نەئەهات، باجی عاسم توڕە ئەبوو و ئەیوت: مەلعون قسە بکە، لە منی مشارەوە؟ شڵپە و جروکەکە ئەکەوتنەوە دەنگ! ئەمیش ئەیوت: ئێ کام چاڵ؟ - ئەوا جروکەش هەر جروکەی دێ و ئاوەکەش هەر شڵپە شڵپ ئەکا! ئەیوت: بۆم بێنن. ئەیوت: چۆن ناتوانن؟ ئەیوت: ڕێگا دوورە یا نزیکە؟ چاڵ قووڵە یا قووڵ نییە؟ من ئەمانە نازانم ئەبێ هەر ئێستا بۆم بێنن. ئەمجا ئەیوت: ئەو مەلعونە ناوی چی و کوڕی کێ بوو؟ جروکەکە تۆزێ دەنگی نزم ئەبۆوە، ئەیوت: ها؟ تۆڵپەی کوڕی گۆڵپە؟ ئەیوت: ئەی چی؟ ئا شڵخەی کوڕی مڵخە. جیڕەیەکی لە قەڵەم و کاغەزەکەوە ئەهێنا و ئەیخستە ناو مەقەڵییە ئاگرەکەوە، ئەمە گوایە ناوی شڵخەی کوڕی مڵخەی نووسی و سووتاندی.

لەو وەختەدا کە کاغەزەکەی ئەخستە سەر مقەڵەیەکەوە باجی عاسم خۆیشی دەنگی لێوە نەئەهات و ئەکەوت و ئەکەوت بە لادا. کە ئەمە لەبەر دەستی جنۆکە بێهۆش بوو! کوڕە و ژنە گوێیان لە ئەم هەموو کارەساتەیە! جرویکە شڵپە ئیتر بێدەنگ ئەبوو، باجی عاسە ئەهاتەوە هۆش، چەند تاڵە موو، یا، وە یا چەقۆیەکی پێشتر حازر کردووە، هەڵئەستا ئەهاتەوە بۆ لای کوڕ و ژنەکە ئەیوت:

کوڕم شڵخەی کوڕی شڵخە کە لە خێوەکانی کێوی قافن، لە وەختی مارەبڕینتانا وە یا ئەیوت: لە نیوە شەوی دوای مارەبڕینتانا تۆی بەستووە و فووی کردووە بەو مووانەدا و کردوونی بە گرێ کوێرە خستوونییە چاڵێ مەغریبەوە. بۆ یەکێکی تر ئەیوت: ئەفسونی خوێندووە بەم چەقۆیەدا و دەمی ناوەتە یەک و خستوویەتیە چاڵی جابولقاوە.

من ئەو خێوانەم بانگ کرد کە لەناو ئەوەکەدا بوون تێم خوڕین کە بچن بهێنن، هێنایان. ئەمە مووکان کراونەتەوە، ئەوە چەقۆیەکەیە کراوەتەوە، ناوی ئەو شەڵخە مەلعونەشم نووسی خستمە سەر ئەگرەکە سووتاندم، کە ئەوم سووتاند عەشرەتی شەڵخە هەموو دەوریان لێ دام، من دۆعای ئەو دوو جانەم لەبەر بوو خوێندم، ئەگینا ئەیانکوشتم، بەڵام لەبەر ئەوە کە ئەوەندە ناشیرین بوون، بێهۆش کەوتم، هەموو ئەو عەزیەت و ئازارانەیە بۆیە من چڵ و چێوەکەم ماوە. دە هەستن بچنە ئەو ژوورەوە بە بێ ترس ئیشی خۆتان بکەن.

کابرا پەلی ژنەکەی ئەگرێ و ئەچنە ژوورەکە، دڵی بەهێزە چونکە گوێی لە هەموو شت بووە و کراوەتەوە. شاپڵیتە ئەکەوێتە کار و ڕووباری ماوەران ئەڕژێ سەرباری ئەو دیارییەی کە پێشتر هێناویانە بۆ باجی عاسە، هەندێ پارەی تریشی بە دەستخۆشانە بۆ دائەنێ، ماڵاوایی ئەکەن لەگەڵ هەڵگرتنی پەڕۆی بووکێنی و ئەچنەوە بۆ ماڵەوە.

نووسینی ئەم باسە تەنیا بۆ دەرکەوتنی «عاسە بیجەڕێنە» بوو. دوور نییە هەندێ کەس بڵێن: مچەی کشمیش و عاسە بیجەڕێنە بۆ چی ئەبێ بنووسرێن؟ منیش ئەڵێم ئەگەر ئێمە تا ئێستا لە هەموو ڕوویەکەوە شتمان بۆ بنووسرایە ئەدەبەکەمان زۆر زۆر دەوڵەمەند ئەبوو، ئەگەر ئێستا نرخی ئەماوە نەزانرێ ڕۆژێک ئەبێ نرخیان زۆر چاک ئەزانرێ.