دوکتۆر کاوس قەفتان گێڕایەوە وتی پوورم بۆی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  571 مشاهده

دوکتۆر کاوس قەفتان گێڕایەوە وتی: پوورم بۆی گێڕامەوە وتی:

ئەوا ڕۆژێک لە ماڵەوە هەموو دانیشتووین، دەرگای حەوشەکە کرابۆوە، ئەوەندەمان زانی پیاوێک بە هەڵەداوان کردی بە دەرگادا، هاتە حەوشەوە. بە بڕسکاویی پرسی ئەرێ پێشاوەکە لە کوێیە؟ ئێمەش وا تێ گەیشتین کە ئەم کابرایە تەنگاوە و ماڵەکەی بە مزگەوت زانیوە، ئاودەستەکەمان پیشان دا، خێرا سەری کرد بە ئاودەستەکەدا؛ ئەوا ئێمەش چاومان لێیە دەستی برد بەسەری پەنجەیەکی تۆزێ پیسایی دەرهێنا خستیە سەر پەڕۆیەک و هاتە دەرەوە و وتی: ماڵتان ئاوا بێ و ڕووی کردە قاپی حەوشە بۆ ڕۆیشتن، ئێمەش ئەمەمان زۆر بە لاوە سەیر بوو و لێمان پرسی خاڵە تۆ ئەمە چیت کرد و بۆچ وات کرد؟ وتی: برا بێژم چی؟ نەخۆشم، چوومە لای ئەو حەکیمەی دراوسێتان، موعایەنەی کردم وتی: بچۆ تۆزێ لە پیساییەکەت بێرە تا تەحلیلی بکەم، منیش بێژم چی گووم نایە، هاتم بەپەلە ئەمەی بۆ ئەبەم تا بزانم دواجار چی ئێژی؟

وتی: ئێمەش وتمان جا باوکم ئەمە چۆن ئەبێ؟ ئەو داوای هی خۆتی کردووە! ئەویش وتی: برا ئەمە ئێوە ئێژن چی؟ گوو هەر گووە، هی من وێ و هی یەکێکی تر وێ هەر بۆ ئەو خاسە! ئەمەی وت بە فڕکان لە دەرگا دەرچوو بە نیازیی خۆی بۆ لای دوکتۆر.