مەردۆخییەکان کتێبێک هەیە لە نحودا جامیی
مەردۆخییەکان، کتێبێک هەیە لە «نحو»دا «جامی»ی پێ ئەڵێن؛ لەبەر ئەوە کە دۆعاکردنێکی مەولانای جامییان هەیە بەرانبەر بۆ ئەم کتێبە نایخوێنن، تاقی کراوەتەوە هەر کامیان بیخوێنن یا ئەمرن لەپێش تەواوکردنیا یا لە خوێندن پەکیان ئەکەوێ؛ ئیتر لەبەرئەمە توخنیی خوێندنی ناکەون بەڵام بە دەرز ئەیڵێنەوە. جارێک فەقێیەکی ئەو خۆشناوەتیە «وەسان» ناوێ؛ لەلای مەلایەکی مەردۆخی ئەم کتێبە بە دەرز ئەخوێنێ، بە دوو ساڵ ئەو وەختە تەواوی ئەکا، لەپاش تەواوکردن؛ مەلا لێی ئەپرسێ: ها کاکە فەقێ! چۆن بووی لە خوێندنی ئەم کتێبەدا؟ ئەویش ئەڵێ: مامۆستا ئەوەتەی من دەستم داوە بە خوێندنەوە؛ ئەوەندی ئەم کتێبە لەزەتم نەبردووە و ئەوەندەی ئەم کتێبە بە پوختی تێ نەگەیشتووم. ئەویش ئەڵێ: دەسا کاکە فەقێ، وەختی خۆی من ئەم کتێبەم نەخوێندووە، چاوت لێیە چۆن بەپوختی پێم وتیت؟ فەقێ کە ئەمە ئەبیستێ؛ ڕەنگێکی زەرد و مۆڕ و شین هەڵدێنێ و ئەڵێ: چما تۆ مەردۆخیت هەی قون فرەباب! تۆ کە وەختی خۆی نەتخوێندییە؛ لۆ بە من دەرێی؟! تۆ ئەمە دوو سارانە لۆ حومری منت بەفیڕۆ بردییە، هەی خودا بتگرێ ئینشائەڵڵا.