لە ١٩٠٨دا خۆت ئەیزانی ئیمپراتۆرییەتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  472 مشاهده

لە ١٩٠٨دا خۆت ئەیزانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ئاخر و ئۆخری پیریدا بوو، ئەو ڕۆژەی سوڵتان عبدولحەمید وای ئەویست کە شێخ سەعیدی کوڕی سەید محەمەدی کوڕی کاکەحمەد لە وڵاتی سولەیمانی بنێرێ بۆ ئەستەمبوڵ؛ بەڵام دەستەی بەرەی کاکەحمەد زۆر بوو، حکومەتی ئەو ڕۆژە هەر وا بە سانایی پێی نەئەکرا شێخ سەعید بنێرێ بۆ ئەستەمۆڵ.

ڕێکەوتیش وابوو هەر لەو سەردەمانەدا حکومەتی سولەیمانی (کە عبدولحەمید بوو) ناردبووی بە شوێن مەحموو پاشای کوڕی حەمەپاشای جافدا. مەحموو پاشا بە نزیکەی سێسەد سوارەوە دێت بۆ سولەیمانی. ئەم هاتنەی ئەم بەم سوارانەوە وای بردبووە دڵی خەڵکەوە، کە گوایە بۆ ئەوە هاتووە یارمەتی حوکومەت بدا بۆ ناردنی شێخ سەعید بۆ ئەستەمپڵ لەگەڵ ئەوەشا وا نەبوو.

حوکومەت شێخ سەعیدی نارد وشێخ سەعید لە مووسڵ کوژراو دەنگ وا بڵاوبۆوە کە حوکومەت دەستی لە کوژرانی شێخ سەعیدا هەیە.

شێخ مەحموودی کوڕی شێخ سەعید (کە لە گەڵ باوکیا ئەبێ) لە مووسڵ لە پاش کوژرانی باوکی، خۆی ئەگەیەنێتە وڵاتی سولەیمانی وەکوو شێری برسی لێ دێ بۆ توڵە سەندنەوەی باوکی؛ چ لە حکومەت، چ لەو کەسانە کە بوون بەهۆی کوژرانی باوکی لە شاری سولەیمانی و وڵاتی سولەیمانیدا. دەستەیەکی زۆری بۆ ئەم ئامانجە پێکەوە ناوە.

دیسان لەم وەختەشا حوکومەت ئەنێرێتەوە بە شوێن مەحموو پاشای جافا کە بێت بۆ سولەیمانی. مەحموو پاشا بە شەشسەد حەوسەد سواری جافەوە دێت بۆ سولەیمانی. کوڕە کوڕەی جاف کە ئەزانن مەحموو پاشا بۆ سولەیمانی ئەچێ و لەو سەردەمانەشا لووت و پووتی حکومەت لەگەڵ مەحمووپاشادا تۆزێ باش نییە و لە لایەکی تریشەوە شێخ مەحموودیش لەوێیە و شێخ مەحموودیش بە قسەی خەڵک وا چۆتە دڵیەوە کە جاری پێشوو ئەگەر مەحموو پاشا نەهاتایە بۆ سولەیمانی. شێخ سەید باوکی نەئەنێررا بۆ ئەستمۆڵ و لە مووسڵ بکوژرێ. لەبەر ئەمە لە کوشتنی شێخ سەعیدا مەحموو پاشا هاوبەشە؛ کە واتە ئەبێ تۆڵەی لێ بکاتەوە.

ئەم دوو دەنگوباسە لە ناو شۆڕە سواری دەستەی مەحموو پاشادا بڵاوبووەوە. ئەم دەستەیە هەتا لە سولەیمانی نزیکتر ئەبوونەوە ژمارەیان کەمتر ئەبووەوە. لە هەر قۆناغێکا بەشێکان خۆیان ئەدزیەوە تا گەیشتنە ناو شاری سولەیمانی لە شەشسەد حەوسەد شۆرە سواری جاف، مایەوە شەست کەس. ئەوانەش لە پشتماڵەی مەحموو پاشا خۆی بوون.

مەحموو پاشا بەم «شەست» سوارەوە دێتە ناو شاری سولەیمانی و ئەچێتە ماڵی «ئەوڕەحماناغا». لە پاش حەسانەوە بە خۆی و بە پیاوەکانیەوە ئەچێ بۆ «سەرا» کە ئەو سەردەمە لە شوێنی دبووەکە بوو.

لەو لاوە شێخ مەحموو. کە ئەبیەت وا لە مەحمووپاشا هاتووتە سلێمان و مەمحمووپاشاش گیا دەستی لە کوشتنی شێخ سەعیدا هەبووە، بە خۆی و بە لەشکرێکی کۆکەکەوە ڕوو ئەکاتە ناو شار بۆ کوشتنی مەحموو پاشا. لەو وەختەدا کە مەحموو پاشا ئەچێ بۆ سەرا دیارە ئەزانن چۆن کارەساتێک ئەبێ، پیاوەکانی خۆی هەموو فیشەک ئەخەنە بەر تفەنگ ئەگرن بە دەستەوە و دەست ئەخەنڵ سەر تێسکە، مەحموو پاشا ئەخەنە ناوەڕاستی خۆیان و بەو جۆرەپۆلیس کە مەحموو خدری کوڕی خلە پەزە ئەبێ، پیاوەکانیشی هەموو لە دەرەوە ڕائەوەستن، مەحموو پاشا و مەحموو خدر پێکەوە دوو بە دوو لە ژوورێکا ئەمێننەوە. لەو لاوە شێخ مەحموو کە ئەبیەت وا مەحموو پاشا چۆتە سەراوە ئەکەوێتە سەر ئەوە کە پەلاماری سەرا بدا و سەرا بگرێت. بە هەڵداوان ئەم خەبەرە دێنن بۆ مەحموو خدری مودیری پۆلیس. مەحموو خدر لایەنی مەعموریەتی لەبیر ئەچێتەوە و دەماری عەشرەتی ئەیبزوێنێ، ئەڵێ: «عەشرەت پشتی عەشرەت نادا بە زەویدا. ئادەی پۆلیس». فەرمان ئەکاتە سەر پۆلیس کە بچن سەر سەراکە بگرن. مەفرەزی پۆلیس بە تفەنگەوە هەموو کەلێن و قوژبنی سەربانی سەرا ئەگرن و پیاوەکانی مەحموو پاشاش دەوروبەری دەرکی سەراکی ئەتەنن و سەرا قایم ئەبێت.

لەم وەختەدا ڕیش سپیانی سولەیمانی بە قورعانێکەوە ئەچن سەر ڕێ بە شێخ مەحموو ئەگرن و ئەڵێن بیکە بە خاتری ئەم قورعانە بگەڕێوە. سەرا قایم کراوە و لە هیچ و پوچ ئەبێ خوێن لەش ببا، مەبە بە هۆی ڕژانی خوێنی بێ گوناحان و با سولەیمانی تێک نەچێ. شێخ مەحموو کە بە قورعانەوە ئەچن بە پیریەوە. لەبەر قورعانەکە ئەگەڕێتەوە و واز لە فیکرەکەی خۆی دێنێ.

لەملاوە «کە قسە لێرەدایە» لە جۆشی ئەم شڵەژانەدا کە وا مەحموو پاشا و مەحموو خدر پێکەوڵ دووبەدوو لە ژوورەکەدا دانیشتوون، مەحموو خدر ڕوو ئەکاتە مەحموو پاشا و پێی ئەڵێ: ئەرێ مەحموو پاشا ئەو وەختە کە حەمە پاشای باوکتیان کوشت عومرت چەند بوو؟ مەبەستی مەحموو ئەوە بوو کە بەم قسەیە ئەیەوێ تانووتێک لە مەحموو پاشا بدا و دڵی بریندار بکا. مەحموو پاشا ئەڵێ: جەنابی مەحموو خدر لەو وەختەدا کە حەمە پاشای باوکم کوژرا عومرم ٣٢ ساڵ بوو؛ بەڵام لەم وەختەدا کە هەر حەمە پاشای باوکم خلە پەزەی باوکتی کوشت عومرم بیست ساڵ بوو.

مەحموو خدر ئیتر نایەتە زان و پاش گەڕانەوەی لەشکری شێخ کە ناو شار تۆزێ ئارام ئەبێتەوە، مەحموو پاشا هەڵئەستێ و دێتەوە بۆ ماڵی ئەوڕەحماناغا.