تاقیکراوەکانی کوردی

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 12 دقیقه  1172 مشاهده
  • ئەڵێن ئەگەر مەڕ تووشی «پزو»(پەتا) بوو لنگە کڵاشێک بکەنە ملی لە کۆڵی ئەکەوێ.
  • ئەڵێن ئەگەر منداڵێ تووشی «باژیلە» بوو بێنن زراوی گا -ئاوە تاڵەکەی- لەگەڵ «شەوبار» (سبر) پێکەوە تێکەڵاو کەن و بیسوون بەسەر سنگ و موسڵدانیا باژیلەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.
  • ئەڵێن ئەگەر منداڵێ کۆرپە کە بەر چاوەزار و نەفەس کەوت، لە وەختی زەردەپەڕی خۆراوا، «قانگ» بخەنە سەر ئاگر، مناڵەکە و دایکی مناڵەکە خۆیانی پیا بگرن نەفەسی چاوەزارەکە نامێنێ.
  • ئەڵین ئەگەر منداڵی کۆرپە پەنجەگەورەی پێی خۆی برد بە دەما و مژی، ئەوە کوڕ بە شوێن خۆیا دێنێت
  • ئەڵێن ئافرەتی سکپڕ ئەگەر تۆزێ زیاد ڕەشکە (سیاوڵە) بخوات بەرەکەی ئەخا.
  • ئەڵێن ئەگەر پەڕی سیسارکە کەچەڵە (ڕخمە) لە هەر ماڵێکا بسووتێنن، هەر جڕوجانەوەرێکی زیاندار لەو ماڵەدا هەبێ هەموو هەڵدێن.
  • ئەڵێن ئەگەر ڕیقنەی سیسارکە کەچەڵە لە ژێر ئافرەتی سکپڕدا بسووتێنن بەرەکەی ئەخا.
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ نینۆکی دەست و پێی پێکەوە بکا دایکی و باوکی پێکەوە ئەمرن.
  • ئەڵێن ئەگەر پیاز لە ماڵا بڕوێنرێ، بەدیومە و ئەو ماڵە وێران ئەبێ.
  • ئەڵێن سەری زل و گوێی بچووک نیشانەی ژیری و زیرەکییە، سەری بچووک و زۆر گوێی زلیش نیشانەی بێ ئەقڵی و نەزانینە.
  • ئەڵێن ئەگەر ژنی سکپڕ بنێشت بجوێ، لە پاشا ئەو مناڵە زۆر کات گوێچکەی ژان ئەکا.
  • ئەڵێن ژنی سکپڕ ئەگەر گۆشتی گا بخوا لە پاشا مناڵەکەی تووشی باژیلە ئەبێ.
  • ئەڵێن ئەگەر جووجکی تازە لە هێلکە دەرچوو لە دەنووکەوە هەڵیبگرێ، ئەگەر جووڵایەوە ئەوە کەڵەشێرە، ئەگەر نەجووڵایەوە ئەوە مریشکە.
  • ئەڵێن ئافرەتی سکپڕ کە دڵەکزە بیگرێ ئەوە مناڵەکەی تووکە سەری هەیە.
  • ئەڵێن مناڵێ ژێر پێی بخورێنی ورگن ئەبێ.
  • ئەڵێن گوڵی هێرۆ و ناوکە بەهێ پێکەوە بکوڵێندرێن و بکرێن بە چا و پیاو بیخواتەوە بۆ هەڵامەت باشە.
  • ئەڵێن ئەگەر مناڵ چووە تەوسەوە، بێنن لەو کاتەدا کە تەوسەکە ئەیباتەوە، تۆزێ لە جلەکانی بەری لە عاستی ناو مۆرتخەی پشتیەوە بە مقەست هەڵێنن، بیسووتێنن لە لایەوە، ئەمجا بزمارێکیش لەو عاستەدا -واتە ئەو شوێنە کە پیرانەکەی تیا کراوە- بکوتن بە ئەرزا، تەوسەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.
  • ئەڵێن بە هاوین نینۆک زۆرتر دێ تا زستان.
  • ئەڵێن مناڵ کە خەتەنە ئەکرێ ئەو زیادە پێستەی کە ئەیبڕن، هەڵیگرن بە پەتێکەوە وشک ئەبێتەوە هەر وەخت ئەو مناڵە یا مناڵێکی تر بە «بۆن» کەوت، بێنن زیادە پێستەکە بخەنە ناو ئاو و هەڵیفلەقێنن، سەر و مێشکی مناڵەکە بشۆن و ملاژوی هەڵبدەنەوە، بەڵام پەنجەکە بەو ئاوە تەڕ بکرێ، بۆنەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.
  • ئەڵێن یەکێ میز وە یا ئاو بە پشیلەوە یا سەگ بکا، بالووک دەرئەکا
  • ئەڵێن هەر کەسە زەردەواڵەیەک بکوژێ خورمایەکی لە بەهەشتا ئەدرێتێ.
  • ئەڵێن لە کاتی نووسینا ئەگەر قەڵەم سەر و بن هاتە دەستەوە، ئەوە پارە دێتە دەست ئەو کەسە.
  • ئەڵێن ئاوی ڕێواس لەگەڵ ئاردی جۆ تێکەڵ بکرێ ئەو کەسەی کە زیپکە وە یا سوورەبای هەیە، لەشی خۆی پێ بهەنووی چاک ئەبێتەوە.
  • ئەڵێن ئاوی ڕێواس بۆ «وەبا»، «ژانەسەر»، «زەردووی» و «فشار خوێن» باشە.
  • ئەلێن خواردنی ڕێواس بۆ بەهێزبوونی دڵ و جگەر باشە.
  • ئەڵێن قارچک زۆر خواردن ئەبێتە هۆی نەخۆشی کۆڵنج و ورگ و نەهێشتنی تۆوی منداڵ (قتع النسلعربی)
  • ئەڵێن ژنی سکپڕ کە ماری چاو پێ کەوت مناڵەکە لە پاشا هەر زمان دەردێنێ.
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ تووشی زەحیری بوو، سێ ڕۆژ خۆی بگرێتە برنجی ڕۆن-کەم خواردن، یەعنی قوبووڵی ڕۆن، چاک ئەبێتەوە.
  • ئەڵێن هەویر کە پەڕی، ئەوە میوان دێت.
  • ئەڵێن تفەنگێک کە هەزار نێچیری کوشتبێت ئیتر نێچیر لە بەری ڕا ناکا و خۆی ئەدا بە دەستەوە بۆی.
  • ئەڵێن یەکێ سەیری ئەو کەسە بکا کە هەڵواسراوە -واتە دراوەتە دار- کەم فیکر ئەبێ.
  • ئەڵێن یەکێ ئەسپێ بە زیندوێتی فڕێ بدا، شتی زوو لە فیکر ئەچێتەوە.
  • ئەڵێن ئەگەر مشک لە شتێکی خوارد وە یا خواردەوە، ئەگەر یەکێک لەو شتە بخواتەوە کەم فیکر ئەبێ.
  • ئەڵێن خواردنی سێوی ترش کەم فیکری دێنێ
  • ئەڵێن زۆر خوێندنەوەی کێڵی قەبر، ئەبێتە هۆی شت لە فکر چوونەوە.
  • ئەڵێن یەکێ میز بکاتە ناو ئاوی ڕاوەستاوەوە کەم فیکر ئەبێ.
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ سێبەڕۆی هەبوو، شاخی گا بسووتێنرێ و تێکەڵاو بە خواردنی بکا و بیخوا، سێبەڕۆکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.
  • ئەڵێن ئەگەر بە زراوی گا هەر دارێک بهەنوون، ئەو دارە کرم هەڵناهێنێ.
  • ئەڵێن ڕەقێنەی پێی گا بسووتێنرێ و بهێنرێ بە دەم و دانا دانەکان سپی ئەبنەوە.
  • ئەڵێن خواردنی شیری مانگای زەرد، زەردوێتی لا ئەبا، ئەگەر لەگەڵ دۆدا بخورێ بۆ نەهێشتنی مایەسیری باشە.
  • ئەڵێن زراوی بزن لەگەڵ «نەوشادر»دا تێکەڵاو بکرێ، لە لەشی ئینسانا ئەو شوێنەی کە مووی هەیە بیانەوێ ئیتر مووی لێ نەیێ، مووەکان هەڵکەنن لەو زراو و نەوشادرەی لێ بدرێ، ئیتر مووی لێ نایێ.
  • ئەڵێن بە شیری بزن لەسەر کاغەز بنووسرێ خەتەکەی دەرناکەوێ، بەڵام کە خۆڵەمێشی پێوەکرا، خەتەکە دەرئەکەوێتەوە.
  • ئەڵێن ئەگەر تەنراوی جاڵجاڵۆکە بخرێتە سەر تازەبرینی تەڕ و نایەڵێ، خوێنەکەی ئەوەستێنێتەوە.
  • ئەڵێن زیوێ کە ڕەنگی تێکچووبێ تەنراوی جالجاڵۆکەی پیا بێنن ڕەنگ هەڵدێنێتەوە.
  • ئەڵێن مقناتیسی ئاسنکێش کە «سیر»ی لێ نزیک خرایەوە، ئەوا ئەو هێزی ڕاکێشانەی نامێنێ، بەڵام کە بە سرکە بیهەنوون هێزەکەی بۆ ئەگەڕێتەوە.
  • ئەڵێن کە حوشتر چاوی بکەوێ بە ئەستێرەی سیوەیل هەر خێرا ئەمرێ.
  • ئەڵێن تووکی حوشتر بسووتێنرێ و بخرێتە سەر ئەو شوێنە کە خوێنی ناوەستێتەوە، ئیتر گورج خوێنەکە دەوەستێتەوە.
  • ئەڵێن ژنی نەزۆک ئەگەر مۆخی لولاقی حوشتر بپێچێنێ بە تۆزێ لۆکەوە یا خورییەوە لە پاش پاکبوونەوەی لە حەیز، سێ ڕۆژ ئەو شافە هەڵبگرێ و لەگەڵ مێردەکەیا پێکەوە دروست ببن سکی پڕ ئەبێ.
  • ئەڵین نە پیاوی پیر بنێرە بۆ کەر کڕین، نە پیاوی برسی بنێرە بۆ نان کڕین، نە پیاوی گەنج بنێرە بۆ ژن خواستن. قسەکەش ئەوەیە کە پیاوە پیرەکە لەبەر پیری کەری چاک و خراپ لێک جیا ناکاتەوە، هەر ئەڵێ پێم لە ئەرز ببڕێ باشە. برسییەکەش لەبەر برسێتی نانی چاک و خراپ لێک جیا ناکاتەوە، هەر ئەڵێ سکم پڕ کاتەوە چاکە. پیاوە گەنجەکەش لەبەر چڵێسی ژنی جوان و ناشیرین لێک ناکاتەوە، هەر ئەڵێ هەر ئیشم جێبەجێ ببێ هەر چۆن بێ هەر باشە!
  • ئەڵێن ئەگەر پیاو ڕژد بوو ژنەکەی بە ئازارەوە درەنگ مناڵی ئەبێ!
  • ئەڵێن یەکێ ئەڵامەتی بێ نافەکی دەرپێکەی خۆی بگرێ بە ئاگرا و بۆنی بکا ئەڵامەتەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.
  • ئەڵێن ژنی سکپڕ ئەگەر ڕووی زەرد و باریک بوو ئەوە سکەکە کوڕ ئەبێ، ئەگەر گەش و پان و پۆڕ بوو، ئەوە کچ ئەبێ.
  • ئەڵێن مناڵی ساوا ئەگەر کۆشی خۆی گرت و هەڵیدایەوە ئەوە داوای ڕۆژی ئەکا بۆ دایک و باوکی.
  • ئەڵێن مناڵ کە لە بێشکەدا نەبوو بێشکەکەیان ڕاژەند ئەو مناڵە ژان ئەکا.
  • ئەڵێن چۆلەکە و کێچ لە گوندی «تەوێڵە»دا نییە.
  • ئەڵێن: یەکێ «ذات الجنبعربی»ی بوو قرژاڵ بپیشێنێ و لێی بنێ یا ئەیکوژێ، یا چاکی ئەکاتەوە.
  • ئەڵێن یەکێ کە چاوی بفڕێ، تۆزە نانێکی بخاتە سەر فڕینەکەی ئەوەستێتەوە.
  • ئەڵێن مریشک کاتێ هێلکە ئەکا لەو کاتەدا کە هێلکەکە لە قنگی دەرئەچێ پێش ئەوە هەوای لێ کەوێ ئەو هێلکەیە بەر هەر شتێک بکەوێ، وە یا بەسەر هەر شتێکا بکەوێ وێنەی ئەو شتە وەر ئەگرێ!!
  • ئەڵێن کەروێشک وتوویە هەر چوار پەلم بە گەڵی ئەو کەیبانووە کە ئەمنێتە سەر قبووڵییەوە!
  • ئەڵێن ئەگەر مار تەماشای زومورت بکا کوێر ئەبێ.
  • ئەڵێن: ئەگەر یەکێ فشار «چغگ» ی هەبوو، بێنێ ٦٠ دەنک «عەناب» لەگەڵ مستی «جاتر»ی وشک، (ئەگەر جاترەی تەڕ نەبوو، ئەگینا ئەگەر تەڕیش بوو ئەوەندە بێ کە ئەگەر وشک کرێتەوە مستێک بگرێتەوە) سەر لە ئێوارە بیکاتە ناو خامێک و نزیکەی پێنج شەش پیاڵە ئاوی تێکا، تا بەیانی لەناو ئاوەکەدا بمێنێتەوە بە تەواوی تام ئەداتەوە، ئیتر هەر لەناو ئەو ئاوەدا بمێنێتەوە ئەمجا بێنێ هەموو نان خواردنێک ئیستکانێکی لێ بخواتەوە ئەتوانێ چ دوو سێ ڕۆژیش هەر جارە کە ئیستکانەکەی لێ ئەخواتەوە ئیستکانێکی تر ئاوی تێ کاتەوە. کە ئەو ژەمە تەواو بوو، دیسان هەر وەکوو وترا ژەمێکی تر بگرێتەوە، بەم جۆرە ماوەیەک لەسەری بڕوا، زەختەکەی نامێنێ و لە کۆڵی ئەکەوێ.
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ گوێی ژان بکا، پیاز بپیشێنێ، کۆکەکەی هێشتا بە تەواوی سارد نەبووتەوە، بینێتە ناو کونی گوێی ئیتر ژانی نامێنێ.
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ گوێی هاتە ژان، تۆزێ «کەرە» بە ئەندازەی کەوچک چایێک، تۆزێ گەرمی بکا و بیکاتە ناوی، چاک ئەبێتەوە.
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ میزی ڕانەئەگرت «بەڕوو» بکوڵێنێ ئاوەکەی بخواتەوە، وە یا بەڕووەکە بە برژاوی بخوا، میزە جۆرتکەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.
  • ئەڵێن یەکێک ئەگەر دەردی بەڵەکی هەبوو بە پێی پێخاوس بەهەر شوێنێکا بڕوا ئەو شوێن پێیەی ئیتر گیای لێ ناڕوی.
  • ئەڵێن پیاوی کوێر زۆر حەز لە ژن ئەکا و پیاوی خەساو چاوی زۆر تیژە.
  • یەکێ نەخۆشی شەکری هەبێ خۆی بگرێتە خواردنی «شەوەر» (سێپەڕە) نەخۆشییەکەی بە تەواوی لێ ئەکەوێ.
  • ئەڵێن کچ و ژن بەوە جیا ئەکرێتەوە؛ کچ کە هەڵئەستێ بڕوا لە پێشا پێی چەپی پێش ئەخا، ژن پێی ڕاستی پێش ئەخا.
  • ئەڵێن یەکێ سکی بچێ بە ئەندازەی ئیستکانێ ئاوی «پوونگە» بخواتەوە لە کۆڵی ئەکەوێ، واتە پوونگەکە ئەگەر تەڕ بوو ئاوەکەی بگوشن، ئەگەر وشک بوو ئاوی تێ کەن ئەوەندەی بکوڵێنن تا ئاوە ساغەکەی ئەمێنێتەوە.
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ سکی بچێ نۆک بخوا ئەیوەستێنێتەوە.
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ دەنگی بنووسێ، فنجانێ قاوەی تاڵ، ڕۆنی زەنگی تێ بگرێ و بیخواتەوە دەنگەکەی بەرەڵا ئەبێ.
  • ئەگەر یەکێ دەنگی بنووسێ نۆک لەناو ئاو بکوڵێنن و ئاوەکەی بخواتەوە دەنگەکەی بەرەڵا ئەبێ.
  • ئەڵێن: ئەگەر یەکێ دەنگی بنووسێ کەبابی چینی بخوا دەنگەکەی بەرەڵا ئەبێ. ئەمەیان من خۆم تاقیم کردەوە زۆر ڕاست بوو، برایم خان پێی وتم.
  • ئەڵێن: ئەگەر یەکێ بریندار بوو، برینەکەی لە گۆشتدا بوو، میزی مانگای زەرد بێنن بیکوڵێنن، ئەوەندە بکوڵێ تا ئەبێ بە مەعجوون، ئەمجا بیکەن بە فتیلە، ئەگەر برینەکە کۆن بوو، هەر لێی بنێن چاک ئەبێتەوە...
  • ئەڵێن ئەگەر یەکێ تووشی سێبەڕۆ بوو «سیر» بێنێ وەکوو چۆن دەنک دەنکە و دەنکەکانی پێکەوە نووساون، لێکیان بکاتەوە، ئەمجا ئەو دەنکانە بە دەرزی کون کون بکا، بە جۆرێ کە کونەکان دیوەودیو ببن، دەنکی چەند کونێ وای تێ بکا، لە وەختی نووستنا ئەو دەنکانە قوت بدا یەک دوو شەو وا بکا سێبەڕۆکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.
  • ئەڵێن بۆنکردنی ڕەیحانە بۆ هەڵامەت باشە.
  • ئەڵێن ئەگەر مار چاوی بە ئینسانی ڕووت بکەوێ لێی هەڵدێ.
  • ئەڵێن چای وشک لەگەڵ زەردێنەی هێلکە بکرێ بە مەعجوون و بکرێ بە شاف. ئەو کەسەی سکی ئەچێ هەڵیگرێ بۆی باشە.
  • ئەڵێن یەکێ وشکەبیرۆی هەبوو لیمۆی ترش بە توێکڵەکەیەوە بەسەر یەکا بگوشرێ و ئاوەکەی بگیرێ، سێ ئیستکان لەو ئاوە بخواتەوە چاک ئەبێتەوە.
  • ئەڵێن یەکێ نەخۆشی شەکری هەبوو ناوکی خورما بهاڕێتەوە ورد ورد، پاشان وەکوو قاوە لێی بنێ و بیخواتەوە چاک ئەبێتەوە.
  • ئەڵێن یەکێ هەر ئەڕشایەوە قۆیناخی بدەنێ چاک ئەبێتەوە.
  • ئەڵێن یەکێ پێکەنین بیگرێ، سەیری نینۆکی خۆی بکا پێکەنینەکەی لا ئەچێ.
  • ئەڵێن لەو کوردەوارییە لە ئاوایی کاکە، سەگی ڕەش لوورانی، ئەوە بەڵایەک دێت بەسەر ئەو ئاواییەدا و سەگەکە لە دوورەوە چاوی لێیە ئەلوورێنێ ئەڵێ: لە ماڵی خاوەنەکەم دوور بێت کە بەڵا هات و ڕووبەڕووی ئەو نزیک کەوتەوە کلک ئەگرێ بە ناو گەڵیا و بە لوورە ئەڕوا و ئەڵێ: لە خۆم بە دوور بێ!