کەریم ئەفەندی کەرکووکی زادە هەبوو جارێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  681 مشاهده

کەریم ئەفەندی کەرکووک یزادە هەبوو، جارێک ئەپرسێ لە شێخ نەجیبی قەرەداغی ئەڵێ، یا شێخ خورما خواردن هیچ زیانی هەیە و حەرامە؟ ئەڵێ نە. ئەڵێ ئەی ڕەشکە لەگەڵ نانا خواردن؟ ئەڵێ ئەوەیش هەر وایە، هیچ زیانێکی نییە، ئەڵێ ئەی ئاو خواردنەوە حەرامە؟ ئەڵێ ئەویش هەروایە، هیچ زیانێکی نییە. ئەڵێ: «شەرابی مستەکی لەمانە دروست ئەکرێ، بۆ چی ئەبێ حەرام بێ؟»

شێخ نەجیبیش دەست ئەبا بە سەری دوو پەنجەی تۆزێ خۆڵ هەڵئەگرێ و ئەڵێ ئەگەر ئێستە ئەم خۆڵە بکەم بە سەری تۆدا هیچ ئازارێکت ئەگاتێ؟ ئەڵێ نە. ئەڵێ ئەگەر تنۆکی ئاو بکەن بەسەرتا ئەو تنۆکە ئاوە هیچ شوێنێکت ئەشکێنێ؟ ئەڵێ نە. ئەگەر لە ئاو و خۆڵ خشتێک دروست کەن و لەبەر هەتاو وشکی کەنەوە و بیدەن بە سەرتا چیت لێ دێ؟ ئەڵێ وەڵڵا ئەمکوژێ. ئەڵێ ئەمەش وەکوو ئەوە وایە.