سەید حەسەنی موفتی لە سولەیمانی ئەیەوێ ژن...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  585 مشاهده

سەید حەسەنی موفتی لە سولەیمانی ئەیەوێ ژنێکی تر بێنێت. لە دواییا «حەبە خان»ی کچی شێخ عەلی عەبابەیلەی بۆ ئەدۆزنەوە و ڕێ ئەکەون، تاقمێ سوار لە سولەیمانییەوە ئەچن بۆ گواستنەوەی حەبە خان. لەو لاوە سوارەی عەبابەیلەش لەگەڵ بووکا دێن بۆ سولەیمانی. شێخ عەلیش پیاوێکی ناودار و لەگەڵ مەولەویدا زۆر دۆست بوون. مەولەویش لەبەر ئەو دۆستایەتییەی کە هەبوو و بۆ ئیحترامی شێخی عەلی لەگەڵ حەبە خانا دێت بۆ سولەیمانی. لە ڕێگادا حەسەنی ئامێ هەبوو گۆیندە و دەنگخۆشی ناو ئەو دەستە سوارە ئەبێ. بەڵکوو گویندەی ئەو دەورە بوو. ڕووی لێ ئەنێن بۆ وتن. ئەویش بە مەقامی «ئای ئای» دەس ئەکا بە خوێندنی شعری مەولەوی کە ئەو سەردەمە بە شیعری مەلا ڕەحیمی ناوی دەرکردبوو.

هەر کە حەسەنی ئامێ دەس ئەکا بە وتن. مەولەوی لەسەر وڵاغەکەوە حاڵی لێ دێ و وەکوو بارانی بەهار ئاو بە چاویا دێتە خوارەوە. خەڵکەکە ئەمەیان پێ ناخۆش ئەبێ، چونکە ئەوان بۆ شایی هاتوون، کە چی ئێستا شایی بوو بە شێن و گریان. ئەچن بە حەسەن ئەڵێن بابە ئیتر مەیڵێ با لەمە زیاتر گریانی مەولەوی شاییەکە نەکا بە شیوەن. حەسەن بێ دەنگ ئەبێ، بەڵام پێشی ناخۆش ئەبێ کە وا گویندەیەکی وەکوو ئەو بۆ شتێکی وا بێ دەنگ بکرێ. ئەچێتە بن دەستی مەولەویەوە پێی ئەڵێ: «بە قوربانت بم! من شیعری تۆ ئەخوێنمەوە تۆ بۆ چ ئەگری؟» مەولەویش ئەڵێ: «بە قوربانت بم! من کەی وا خۆشم وتووە؟»