ساڵی ١٩٣٤ بوو کارەبا پینج ساڵێک بوو هات...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  604 مشاهده

ساڵی ١٩٣٤ بوو، کارەبا پینج ساڵێک بوو هاتبووە سولەیمانی، بەڵام کەس ئاگای لە پانکە و مانکە نەبوو بە تایبەتی ماڵان. «حاجی مەلا عارفی بستۆ» چووبوو بۆ بەغدا پانکەیەکی «مارللی» هەژدە ئینجی هێنابوو، ئەوە یەکەم جار بوو پانکەی مێز بێتە سولەیمانییەوە. حاجی مەلا عارف ماڵەکەیان لە ژوور خانەقای مەحوی و لە خوار مزگەوتی خومخانەوە بوو با بڵێین بەسەر جادەکەی ئەو وەختەوە.

حاجی مەلا عارف پیاوێکی دەوڵەمەند بوو، خانووەکەی خانووبەرەیەکی چاک بوو، حەوشەیەکی گەورە بە خشتی سوور فەڕش کراو، حەوزێک لەناو حەوشەکەدا، خانووەکە دوو نهۆمی بوو، هەموو ژوورەکان کەوتبوونە باکووری حەوزەکەوە، نهۆمی خوارەوە سەرتەنوور و ژووری زەخیرە و شتە بوو، نهۆمی سەرەوەش ژووری نووستن و دانیشتن و کەلەگی بوو. بەرهەیوانێک لەبەر کەلەگیەکە دابوو ئەیڕوانی بەسەر حەوزەکەدا، بە چەند پێ پلیکانەیەک لە حەوشەکەوە ئەچووە بەرهەیوانەکە.

دنیا هاوین بوو، حاجی مەلا عارف لەسەر پایەندازی وە یا بڵێین لەسەر شەرەفی ئەم پانکە ناوازەیە کە ئەو هێناویە بۆ ماڵێ خۆیان، بانگێشتێکی نانخواردنی ئێوارەی کرد بۆ هەندێ لە دۆست و برادەرەکانی بۆ ئەوە پانکەیان چاو پێبکەوێ. خۆیشی پیاوێکی دڵتەڕ و لەگەڵ دڵتەڕییەکەیشیا بە دەسەڵات بوو. ئەوانەی کە لەبیرم مابن: ئەحەڕەش و ڕەشەی مەلا برایم ئەو وەختە حاجی نەبوون. حەمدی ئەفەندی چایچی، وەستا ساڵحی چایچی، دەروێش ئەحمەدی چایچی، وەستا ئەوڕەحمانی کەبابچی، وەستا ئەحمەدی حاجی سیفوڵڵا، مەلا مستەفای حاجی مەلا ڕەسووڵ، شێخ محەمەدی مەحوی، برایم خان، مەلا حەسەنی عەلاف، وەکوو بێتەوە یادم مەلا ئەسعەدی مەحوی و ئەحمەدی کوڕی خۆی. ئەمەنە و گەلێکی تریش، بەڵام لەبیرم نەماون. دیارە منیش بووم.

ئەم دەستەیە، نوێژی شێوان لە خانەقای مەحوی نوێژ کرا و پاشان چووین بۆ ماڵەوە. کە چووین سەیر ئەکەین کورسی بە سێ لای حەوزەکەدا دانراوە، لای دیواری ڕێگا نەبوو. ئەو کورسیانە کە ئێستا پێی ئەڵێن قەنەفە. کورسییەکان ئەوەندە زۆر بوون ئەم هەموو خەڵکە کە زیاتریش بوون، هەموو جێیان بووەوە. یەک دوو گوڵۆپ لە بەرهەیوانەکە ئەسووتا. لە پاش ئەوە کە دانیشتین سەیرمان کرد شتێکی بن خڕی کەمەردار بە تەل، لە بەردەمی هەیوانەکە دانراوە، سێ چوار پەڕی وەکوو گوێچکە تەنەکەی سپی کەوتۆتە ناو کەمەتەلەکەوە و لووتی تۆزێ ڕووە و سەر حەوزەکە شۆڕکردۆتەوە، هەموومان لەو شتە بەڵاجەوییە سەرسام ماین، حاجی مەلا عارف خۆی وتی پانکەکە ئەمەیە، ئەمجا وردە وردە بە قاڵدەرمەکانا سەرکەوت چوو بە لایەوە. شتێکی وەکوو تەنافی بە دەورا پێچرابوو، لێی نەوی سەرەکەی لە شوێنێکی تر قایم کرد، تومەز ئەمە سەری پلاکەکەی بوو کردی بە شوێنی پلاکی دیوارەکەدا و لەو لاوە دەستی نا بە دوگمەکەیا، کتوپڕ ئەم شتە بەڵاجەوییە کەوتە جووڵە جووڵ و سووڕخواردن بەم لا و بەو لادا. ئەم عالەمە هەموو واقی وڕما و سەری لێ تێکچوو، هەندێکیان ئەترسان، ئەوەندەمان زانی نەرمەبایەکی لێوە پەیدابوو و هات بە ڕوومانا، هەر ئەو نەرمە بایە ئەیدا لەسەر حەوزەکە، ئاوەکە وردە شەپۆلی لێ پەیدابوو. گڵۆپەکان بوون بە هەزار گڵۆپ. ئیتر نان و مانمان لە بیر چۆوە، هەر خەریکی سەیرکردنی ئەم غەزەبی خوایە بووین، ئێجگار لەوە سەرمان سوڕمابوو چۆن دەمێک بەو لادا لا ئەکاتەوە و پاشان بەم لادا. لە ئەنجاما حاجی مەلا عارف بە زۆر هەڵیساندین وتی نانەکەتان سارد بۆوە، لە ڕاستیدا نانێکی چاکی دروست کردبوو، یا ڕەبی بە ڕەحمەت بێ حاجی مەلا عارف لەگەڵ مردووی حازری.