لە وڵاتی شێخان و بادینان فەلەیەکی زۆر لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  557 مشاهده

لەو وڵاتی شێخان و بادینان فەلەیەکی زۆر لەوێ دانیشتبوون، هەموو گوندەکان هەر فەلە بوو. «مستواغا» هەبوو لە دەوروبەری ئامێدیە. ئەم مستواغایە هەموو دەستە و عەشرەتەکەی هەر ئەوە بوو کە لە گوندەکەی خۆیا بوون، فەلەکانیش زیاتر لە سەد گوندیان هەبوو. مستواغا بەر بەرەکانی ئەو هەموو فەلانەی ئەکرد، هەرچەند پەلاماریان ئەدا هیچیان پێنەئەکرا، کە پەلاماری ئەوانی ئەدا زیانێکی زۆری لێ ئەدان و کوشتارێکی فراوانی لێ ئەکردن. گەورەی ئەم فەلانەش «مارشەمعون» بوو.

گەلی ساڵ ئەم دوژمنایەتییە درێژەی کێشا، فەلە لەگەڵ مستواغادا هیچیان پێنەکرا، لە ئەنجاما مارشەمعون وتی، هەموو لەم وڵاتەدا دانیشتووین، ئەم شەڕ و ناکۆکییە تا کەی درێژە بکێشێ لە بەینمانا؟ چاکتر بۆ هەر دوو لامان ئەوەیە ئاشتی بکەوێتە بەینمانەوە. هەستا بە خۆی و سەد سوارێکی فەلەوە هات بۆ ماڵی مستواغا و خزمەتێکی باش کران، لە پاش ماوەیەک والی مووسڵ ناردی بە شوێن مستواغادا و پێی وت: مادام مارشەمعون هاتووە بۆ لای تۆ و ئاشتی کەوتۆتە بەینمانەوە، من حەز ئەکەم تۆیش بچیت سەرێ لەو بدەی و منیش دێم پێکەوە ئەچین بۆ ئەوەی ئیتر ئەو دوژمنایەتیە بنەبڕ ببێ. مستواغاش وتی: باشە.

ئەمانیش بە چەند سوارێکەوە لێیاندا ڕۆیشتن، کە مارشەمعون خەبەری زانی، دیواخانێکی گەورەی هەبوو ڕازاندیەوە و پێشوازییەکی باشیشی کردن. مارشەمعون هەژدە کوڕی تفەنگ بە دەستی هەبوو، مستواغا سەیری کرد هەژدە تفەنگی تەڵێعە لە ناو دیوەخانەکەدا بە دیوارا هەڵواسراون و هەریەکە دوو قەتارە فیشەکەیان بە سەرەوەیە و کوڕەکانیش لەو لاوە بەڕیز دانیشتوون، وتی: مارشەمعون ئەمانە ڕەنگبێ تفەنگی ئەم کوڕانە بن؟ خوا هەر زیادیان کا و عەمریان درێژ کا. مارشەمعون وتی: «بەڵێ ئاغا هی ئەوانە، بریا هەژدە نەبوونایە و تەنها یەکێک بوونایە یەکەکەش وەکوو تۆ بوایە».