حاجی قادری ڕووغزایی هەبوو ساڵێک ئەچێ بۆ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  939 مشاهده

حاجی قادری ڕووغزایی هەبوو، ساڵێک ئەچێ بۆ حەج و لە ڕێگادا سواری حوشتر ئەبێ، پاشان باسی حوشتر ئەکا ئەیگێڕێتەوە و ئەڵێ: کە چووم بۆ حەج لەو دەشتی عەرەبستانە غەزەوێکی خوایان هاورد و ناویان نا حوشتر. حوشتر، حوشتر نەوو تاوێرێک وو؛ ملێکی پێچ و قەمچ. ئەو ساڵە چووبوومە دیوەخانەکەی سەی ئەحمەدی بابە ڕەسووڵ لە سولەیمانی شتێکیان بۆ هاورد پێیان ئەوت «نێرگەلە»، شتێکی پێچ پێچی پێوەبوو ،ئەتوت سووجەماری شارەزوورە. لە باتی ئەوە بکیفێنێ قۆرتە قۆرتی لێوە ئەهات، ملی ئەو حوشترەش لەو مارپێچە ئەچوو. لە باتی ئەوە قۆرتە قۆرتی لێوە بێ، بۆڕە بۆڕی لێوە ئەهات. هەر ئەوەندە بەرزوو ئەتوت چوار هەسوونت خستگەسە سەر یەک. کاورایەکی گولەکەی عەرەبی لەگەڵاوو هەر لەگەڵ پێی ئەوت «یخ»، خێرا پخی ئەکرد. کاورا بە منی وت بێ سوار وە، منیش چووم سواری بووم، ئەمجا کاورا پێی وتەوە «خیی»، ئەوەندەم زانی حوشتر کەوتە جووڵە، بۆڕەیەکی کرد، لمۆزی توند کرد لە زەوی، پاشەڵی بەرز کردەوە و پاشان هەر دوو دەستی بە دوو جمگەوە قوت کردەوە، سەیرم کرد من کەوتمە شەک و شۆک وا خەریکم ڕووەو عاسمان ئەچم، وە قەورەکەی حەمە پاشا ئاگام لە خۆم بڕیا. کە حوشتر ڕاست بۆوە من لە بەینی زەوی و عاسمانا وەکوو قوتەی مل نێرگە کاردووم لێ هات. خێرا پەلامارم دا تۆند دەستم گرت وە کۆپانەکەیەوە. حوشتر ملی وا درێژ، کەچی کلکی ئەتوت کلکی مارمێلکەی بڕیاگە.

ئێمە ماینە بۆرەمان هەس، دەست و قاچی هەر یەکە کڵاوەژنۆیەکیان هەس، کەچی ئەو دواوڕاوە وەکوو بەرچیغی شکاو لە دوو لاوە دەست و قاچی ئەشکایەوە. لەو سەرەوە وەکوو قەورەکەی باوە شاسوار کەوا بەسەر گردەکەوە ئەویش شتێک وەسەر پشتیەوە و کاورای فیقنەی عەرەب ئەیوت ئەمە دووگەکەیەسی. وتم کوڕە کوچکی تۆی لێ نەوارێ دووگ وا لە دواوە، خۆ هیچ نەوێ من مەڕە پەرەکەی خۆمانم دیگە، دووگەکەی وەسەر قنگیا شۆڕ بووگەسەوە، تۆ شێت بووگیت ئێژی ئەوە دووگیەسی. من فرەم وت و ئەو فرەی وت، هیچ نەچوو وە گوێچکەیا. دوو گوێ بچکۆلەی وەکوو گوێچکە مشکی هەبوو، کاوێژی ئەکرد وەکوو گا، کەچی پشقلی ئەکرد وەکوو بزن. ئەی بەردت لێ نەوارێ بۆ دەعبای وا. خۆ لەو سەرەوە من زیڕەم کرد و خوا بکا ئەوی دوژمنیشتە تووشی غەزەوی وا نەوێ. بۆ چ ئەموێرا جیقە بکەم. کاورای فیقنەش هەر پێی ئەوتم خاڵە حاجی وا نزیک بووگیتەوە لە خوا، کە چوویتە «کاوە» بەتەواوی ئەچێتە ماڵی خوا، وتم تۆ برا بەڵا لە خۆت و لەم نزیکبوونەوە و لە ماڵێ خواتدا، ئەگەر ئەمجارە ڕزگارم بوو لەم غەزەوی خوایە و بە ساغی گەیشتمەوە ژێر دەوارەکەی دەشتی شارەزوور، جارێکی کە من وێت و تۆوە، بکەم گووی وا نەخۆمەوە.