لە بڵسەن مەلایەک هەبوو مەلاوەلیی ناو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  655 مشاهده

لە «بڵسەن» مەلایەک هەبوو «مەلا وەلی»ی ناو بوو، ژنی هەبوو «خاخازێ»ی ناو بوو، خاخازێ ئافرەتێکی سەربەدەرەوە و قسەزان بوو. لە ماوەی ژیانیا مەلا وەلیش قورعانی پێخوێندبوو. مەلا وەلیش خۆی قسە خۆش بوو، چاوێکیشی نەبوو، ڕۆژێک هەندێ فەقێ و مەلای ئەو دەورە ئەبن بە مێوانیان، دیارە لە هەموو کۆڕێکا هەموو جۆرە قسەیەک ئەکرێ. لەسەری ئەو قسانەدا باسی کچ ئەکرێ، کە بە لای مەزهەبی شافعییەوە چۆن وە کێ ئەیدا بە مێرد. لەمەوە قسەی لێ ئەبێتەوە و هەرە یەکە ئەڵێ چ جۆرە کچێک باشە. سەرە دێتە سەر مەلا وەلی، ئەویش ئەوی بیزانێ ئەیڵێ، خاخازێش خەریکی ئیش و نان دروستکردنە و گوێی لە قسەکانی هەموویان ئەبێ. کە سەرە ئەگاتە سەر مەلا وەلی مێردی، لە قسەکانی ئەم ئەو زیاتر تووڕە ئەبێ و خۆی پێ ڕاناگیرێ، ئەڵێ:

یەک چاوی بێفڕە، کەی وا ئەبێ؟ تۆ لە هەموویان نەزانتری. کچ ئەمانەیە: «کچی دە ساڵان بیلبیلەی چاوان، کچی پانزە ساڵ دەسکە گوڵێکی ئاڵ، کچی کناچەی بیست ساڵ تەواو گۆشت و دوگێکی بۆ خاوەن حەساو، کچی سی ساڵان دایکی منداڵان، کچی چل ساڵان پیرێژنی ماڵان، کچی پەنجا ساڵ کوشتنیە حەڵال، کچی شەست ساڵ لەعنەتی لێ بێ لە خۆی و ماڵی». کە ئەمە ئەڵێ هەموویان ئیتر پەکیان ئەکەوێ.