حەسەن بەگی عەلی بەگی جاف بۆی گێڕامەوە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  912 مشاهده

حەسەن بەگی عەلی بەگی جاف بۆی گێڕامەوە وتی:

پیاوێکی تاوەگۆزی لای ئێمە کە ناوی حەمەمرا بوو، بە کاروان ڕێی ئەکەوێتە هەڵەبجە، ئەمە یەکەم جارە کە ڕێی ئەکەوێتە شارەوە، بە بەر دوکانی سەرتاشێکا تێئەپەڕی، ئەزانێ لەم شوێنەدا سەر ئەتاشن، ئەڵێ وەڵڵا سەر و ڕیشم هاتووە با بچم یەکجار لێرە بیتاشم و ئەو وەختە بچمەوە.

ئەچێتە دوکانەکە، کابرای سەرتاش لەسەر ئەسکەملی دایئەنێ، خاولی ئەخاتە بەر بەرۆکیا و سەر و ڕیشێکی پوختی بۆ ئەتاشێ، پاشان خاولی ڕائەوەشێنێ و ئەڵێ موبارەک بێ و حەمەمرادیش هەڵئەسێ و ئەڵێ: «خوا سەواوت بنووسێ» و ملی ڕێ ئەگرێ و دێتەدەرەوە، کابرای سەرتاش ئەڵێ: بۆ کوێ؟ بێنە پارەی سەرتاشینەکە. ئەڵێ: پارەی چی؟ ئەی من نەموت خوا سەواوت بنووسێ. کابرا ئەڵێ: خوا سەواوت بنووسی چی؟ بێنە پارەی سەرتاشینەکە. لەم قسەیەک و لەو قسەیەک ئەبێ بە شەڕیان و تێر لەیەک هەڵئەدەن.

سەی مەحموو وتی: حەمەمرا لە پاشا خۆی ئەم کارەساتەی گێڕایەوە، وتی: وتم: حەمەمرا ڕاست ڕاست کامتان سەرکەوتن؟ وتی: وەڵڵا سەی مەحموو ئەو لە شەق تێهەڵدانا لە سەرەوە بوو، بەڵام من لە لێدان و شەپازللەدا هەر فرە فرە لە سەرەوە بووم! قسەی من لەسەر ئەمەیە: ڕاستە لەو لادێیانەی کوردەوارییدا یەکێک کافرمانێک ئەگرێ بە دەستەوە، هەر کەسە دێت خۆی ئەخووسێنێ و ئەویش سەری ئەتاشێ، پاشان ئەم کە هەڵئەستێ ئەڵێ: خوا سەواوت بنووسێ، ئیتر پارەومارە لە ناوا نییە، دیسان شاریش لە شەقا لە پێشن، لادێیی نازانێ شەق بووەشێنێ، شەق هەر لە ناو ئەوانا باو نییە.