تاقیکراوەکانی کوردی

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 14 دقیقه  1727 مشاهده

کورد تووشی «زەردوویی» ئەبێ بەمجۆرە دەرمانی ئەکەن:

ئەم زەردووییە لە دیوی ناوەوەیە و لە دەریشەوەیە. بەشی دیوی ناوەوەی بەم جۆرە دەرمانی ئەکرێ:

«ئەهێنن دە مسقاڵ تووتن ئەکەن بە سێ بەشەوە، هەر بەشێکی ئەکەنە پریاسکەیەکەوە و ئەیبەستن. ئەمجا کووپێ شیری مانگا دێنن و یەکێ لە پریاسکەکەی تێ ئەخەن و شەو لەبەر ساماڵ دایئەنێن تا بەیانی. بەیانی دێنێ پریاسکەکە جوان جوان ئەگووشێتەوە ناو شیرەکە تا بە تەواوی تووتنەکە تام ئەداتەوە ناو شیرەکە و پریاسکەکە فڕێ ئەدا و کوپە شیرەکە ئەخواتەوە. بەمجۆرە لە دەردی ناوەوەی زەردووییەکە ڕزگاری ئەبێ.

- ئەڵێن «شیرەی ئەسپەناخ» لەگەڵ شەکر تێکەڵاو بکرێ و بخورێ بۆ لاچوونی زەردوویی بە کەڵکە.

- ئەڵێن یەکێ «گەنەکەوەڵە» بێگەزێ، شووتییەکی سووری گەیشتوو بێنن بیکەن بە دوو کەرتەوە لە پاش ئەوە کە هەڵکۆڵرا، ئاوەکەی بگرن و بیکەنە ناو یەکێ لە کەرتەکانەوە، ئەمجا بێنن ئەوەندەی شیری «خوشلیک» تێکەن کە ڕەنگی ئاوی شووتییەکە بگۆڕێ و بیکا بە دوو ڕەنگ، پاشان بیخواتەوە چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن یەکێ «گڕفت»ی کردبێ شیری «خوشیلک» لەگەڵ ئاردی جۆ بکرێ بە هەویر و پاشان بیکەن بە حەب، دوو سێ حەبی لێ بخوا چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: یەکێ تازە سەرەتای «گۆجی» (ئیفلیحی، شەلەل)ی بێ بێنێ بڕکێ «قانگ» - واتە بڕکە تەڕەکەی ئەوەی کە تۆوی قانگ ئەگرێ - جوان جوان بیکوڵێنێ هەتا خەست ئەبێتەوە. ئەمجا هەڵیسوێ لەو جێگەیەی کە نەخۆشییەکەی توش بووە چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن برنج کە ئەیکوڵێنن بۆ «پڵاو» ئەو ئاوەی کە دای ئەهێڵن منداڵێ کۆکەی هەبێ ئەو ئاوەی بدەنێ کۆکەکەی نەرم ئەبێ و چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: یەکێک کە تووشی «کۆکە ڕەشە» بوو، قەلەباچکەیەک بێنن لە پاش ئەوە کە کوژرا بە پەڕ و گۆشت و ئیسقانەوە بیکوتن جوان جوان، پاش ئەوە بیکوڵێنن تا تەواو وەکوو مەعجوون تۆزێ ئاوی لێ پەیدا ئەبێ. ئەو ئاوەی بدەن بە کۆکەڕەشدارەکە چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: یەکێک قرژاڵ گازی لێ بگرێ تا کەر لە بەغدا نەزەڕێنێ بەرەڵای ناکا!

- ئەڵێن: هەر کەس زۆر تەزبێحی «یوسر» هەڵبگرێ وەجاخی کوێر ئەبێ.

- ئەڵێن: هار چاوی بە ئاو بکەوێ هارتر ئەبێ.

- ئەڵێن: گۆشتی گا کە هەر نەکوڵا تۆزێ چای وشک ئەکەنە نا مەنجەڵەکە دایئەڕزێنێ.

- ئەڵێن: مار کەڕە و دووپشک کەڕە.

- ژنانی کوردەواری ئەڵێن بتەوێ بزانی چ کچێک بەسەروبەرە بۆ ماڵ و گورج و گۆڵ و ماڵداری کەرە بۆ مێرد، لە کاتی نانخواردنا سەیری بکە: ئەگەر گورج و گۆڵ بوو لە نانخواردنا ئەوا ئافرەتێکی تەواوە؛ ئەگەر خاو و خلیچک بوو ئەوە بە کەڵکی ماڵ نایە.

- ئەڵێن: ئەگەر بتەوێ جوانی و زمان شیرینی ژن تاقی بکەیتەوە لەو وەختەدا کە بەیانیان لە خەو هەڵئەسێ سەیری بکە ئەگەر جوان بێ دەرەکەوێ، ئەگەر زمان شیرینیش بێ هەر دەردەکەوێ.

- ئەڵێن: قارچکی «کەما» بێنن وشکی کەنەوە پاشان لەگەڵ شەکردا بیهاڕنەوە. ئەو کەسەی کرمی هەیە بەیانیان لە خورێنی لێ بکا بە کەفلەمەوە بیخوا هەموو کرمەکانی ئەخا.

- ئەڵێن: یەکێ مەقەست بدا بە دەست یەکێکی ترەوە ناکۆکی و ناخۆشی ئەکەوێتە بەینیان. جا بۆ ئەوە ئەمە ڕوو نەدا، دێنێ ئەو کەسەی کە مقەستەکەی بە دەستەوەیە و ئەیەوێ بیدا بەوی تر دەستی هەڵئەگێڕێتەوە، مەقەستەکە ئەخاتە سەر پشتی دەستی، ئینجا ئەوی کە هەڵی ئەگرێ.

- ئەڵێن: مەڕ کە بە جۆ بکەوێ -واتە جۆی زۆر بخوا و بیگرێ- بخرێتە ناو ئاوەوە چاک ئەبێتەوە و بەری ئەدا.

 

- لە بارەی «کەمتیار» ەوە ئەڵێن: ساڵی نێرە و ساڵی مێ. دوژمنایەتییەکی پیس هەیە لە بەینی ئەو و سەگدا، تەنانەت ئەگەر سێبەری بکەوێتە سەر سەگ لە ترسی ئەوە کە نەوەک بیخوا ڕائەوەستێ!

هەر کەس زمانی کەمتیاری پێ بێ سەگ پێی ناوەڕێ. زمانی بەسەر دەرگای ماڵێکا هەڵئەواسن کە ئەو ماڵە شادی و زەماوندی تێدا بێ هیچ بشێوییەک لەو شادییەدا پەیدا نابێ.

هەر کەس «کەڵبە»کەی هەڵگرێ و پێی بێ هیچی لە فێر ناچێ.

ئەگەر «دڵ»ەکەی بکرێ بە منداڵا ئەو منداڵە زیرەک دەرئەچێ و زوو فێری شت ئەبێ.

ئەگەر «مێشک»ەکەی بهێنرێ بە برۆدا هەر کەسە ئەو خاوەن برۆیە ببینێ خۆشی ئەوێ.

دەستی ڕاستی ئەگەر ژن لە وەختی منداڵبوونا بیبەستێ بە قۆڵیەوە بە ئاسانی منداڵەکەی ئەبێ.

«چەمۆڵە»کەی ئەگەر بە هەر دارێکی بەردارا هەڵبواسرێ مەلی زیاندار توخنی ئەو دارە ناکەوێ.

«کوز»ی و پێستی ناوکی بە لای هەر پیاوێکەوە بێت هەر ژنێک سەیری بکا عاشقی ئەبێت و هەروەها بە لای هەر ژنێکیشەوە بێت هەر پیاوێک سەیری بکا عاشقی ئەبێت.

ئەگەر پێستی کەمتیار بکرێ بە بێژنگ و گەنمی پێ ببێژنەوە ئەوە ئەو گەنمە کە کرا بە «تۆ» و چانرا نە کولە توخنی ئەکەوێ نە تەیر و تیور.

«پشقل»ی کەمتیار لەگەڵ ڕۆنی «ئاس» دا تێکەڵاو بکرێ سەری بێ تووکی پێ بهەنوون تووکێکی جوان دەر ئەکا.

 

کەر

- ئەڵێن: کەر کە دەستی کرد بە زەڕین سەگ پشتی دێتە ژان.

- ئەڵێن: ئەگەر کەر زۆر زەڕی، شتێک بئاخننە گوێیەوە ئیتر نازەڕێنێ!

- ئەڵێن: ئەگەر بەرازی تینوو بخەنە سەر کەر - واتە بیکەن بە باری - هەر کە کەرەکە ئاوی خواردەو بەرازەکە ئەتۆپێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ خەوی لێ نەکەوێ

- واتە دژە خەو بێ - ددانی کەر بخاتە ژێر سەری خەوی لێ ئەکەوێ!

- ئەڵێن: ئەگەر ژنێک شیری کەم بوو «سپڵ»ی کەر وشک بکاتەوە و بیهاڕێ و گۆی مەمکی خۆی پێ بهەنوێ شیری زیاد ئەکا!

- ئەڵێن: کەر لەو وەختەدا کە ئەزەڕێنێ ئەگەر بەردێک ببەستن بە کلکیەوە، ئیتر نازڕێنێ.

- ئەڵێن: ئەگەر منداڵێک زۆر گرینۆک بوو پارچەیەک لە پێستی ناوچەوانی کەر بکرێ بەو منداڵەدا ئیتر ناگری.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ خوێنی لووتی پژا و هەر نەوەستایەوە هەندێ سرکە بکرێ بە سەر تەرسی کەرا و ئەو کەسە بۆنی پێوە بکا خوێنەکەی ئەوەستێتەوە.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ دووپشک پێوەی بدا بەرەواژە سواری کەر ببێ ژانەکەی نامێنێ.

 

ڕێوی

- ئەڵێن: ئەگەر شوێنێ کۆتری زۆری لێ بوو ویستیان کۆترەکان بڕۆن سەری «ڕێوی» یەک لەو شوێنە دابنرێ ئیتر کۆترەکان ئەڕۆن.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ «فێ»ی لێ بوو زراوی ڕێوی بێنن سەرێکی بخەنە ناو لووتی کابرای فێدارەوە و فوو بکرێ بەسەرەکەی تریا ئیتر جارێکی کە ئەو کەسە فێ نایگرێتەوە.

- ئەڵێن: خواردنی گۆشتی ڕێوی بۆ «گول» باشە؛ واتە لە کۆڵی ئەکەوێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ جمگەکانی ژانی کرد، پیوی ڕێوی بتوێنێتەوە و ئەو جمگانەی پێ بهەنوون چاک ئەبێتەوە و ژانی نامێنێ.

- ئەڵێن: ئەگەر هێلکەی گونی ڕێوی بکرێ بە شوێنێکی منداڵا - هەڵبواسرێ

- ئەو منداڵە زۆر بەبێ ئازار دان دەر ئەکا.

- ئەڵێن: ئەگەر بە خوێنی ڕێوی سەری منداڵ بهەنوون سەری موو دەر ئەکا، ئەگەر کەچەڵیش بێت.

- ئەڵێن: ئەگەر کەڵبەی ڕێوی - واتە دانەکانی تەنیشتی - هەڵبواسرێ بە فێداردا فێیەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ سپڵی هەبوو ئازاری ئەدا، سپڵی ڕێوی بخاتە سەر، لە کۆڵی ئەکەوێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ گوێی هات ژان، پیوی ڕێوی بتوێننەوە و تێی کەن ژانەکەی ئەشکێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ ئازاری سپڵی هەبوو تۆزێ لە دڵی ڕێوی تێکەڵاو بکا لەگەڵ بە ئەندازەی مسقاڵێ شەراب و بیخواتەوە ئازارەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ مێشکی ڕێوی لەگەڵی «وەرەس»وەرەس: گیایەکە زۆرتر لە یەمەندا ئەڕوێ. تۆوەکەی وەکوو تۆوی کونجی وایە، کە گەیشت شەق ئەبا و هەودای وەکوو زەعفەرانی لێوە دەرئەچێ. بەو هەودایانە شت ڕەنگ ئەکرێ. تێکەڵاو بکرێ ئەو کەسە کە سەری کڕێژی هەیە یا زینەکەی هەیە، یا کەچەڵە، یا مووی ئەڕزێ بەو دەرمانە بیهەنوێ ئەوانەی هەموو لە کۆڵ ئەکەوێ.

 

گورگ

- ئەڵێن: ئەگەر سەری گورگ هەڵبواسن بەو شوێنەدا کە کۆتر و پەلەوەری لێیە نە پشیلە و نە دەعبای تر ناچێتە ئەو شوێنە بۆ خواردنیان.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ کەڵبە یا چاو یا پێستی گورگی پێ بێ زاڵ ئەبێ بە سەر دوژمنیا و هەموو کەسیش خۆشی ئەوێ.

- ئەڵێن: ئەگەر کلکی گورگ لە «کادان» دا بێ نە گا، نە کەر، نە مەڕ و بزن ناچن بۆ خواردنی ئەو کایە

- ئەڵێن: ئەگەر پێستی گورگ و مەڕ پێکەوە کۆببنەوە هەموو تووکی پێستە مەڕەکە هەڵئەوەرێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ بیکا بە عادەت و هەر لە سەر کەوڵی گورگ دانیشێ تووشی کۆڵنج نابێ.

- ئەڵێن: ئەگەر پێستی گورگ بکرێ بە تەپڵ، ئەو تەپڵە لە ناو هەر چەند تەپڵی ترا بێ کە لێدرا هەموو تەپڵەکانی تر ئەدڕێن!

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ تووشی «مەوەرزە» بوو بە پیوی گورگ خۆی بهەنوێ ئەو دەردەی لە کۆڵ ئەکەوێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ فێدار بوو چاوی گورگ هەڵبگرێ لەگەڵ خۆیا فێدارییەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.

- ئەڵێن: گوێی گورگ وردە ئێسکی تێدایە وەکوو تەرسی گا و وشتر. جا ئەگەر یەکێ ددانی هاتە ژان لەو وردە ئێسکە بهێنرێ بە ددانیا ژانەکەی ئەشکێ.

- ئەڵێن: ئەگەر تۆزێ لە زراوی گورگ لەگەڵ تۆزێک هەنگوینی ئاگر نەدیودا تێکەڵاو بکرێ و بهێنرێ بە چاوا، شەوکوێری و کەم حوکمی چاو لائەبا.

- ئەڵێن: ئەگەر کلکی گورگ بە ناوی ئافرەتێکەوە گرێ بدرێ ئەو ئافرەتە کەس ناتوانێ بچێتە لای تا ئەو گرێیە نەکرێتەوە؛ واتە کابرا ئەبەسترێ.

- ئەڵێن: گورگ کە بریندار کرا و خوێنی لێ هات و ئینجا ڕۆیشت، گورگی تر کە چاویان پێکەوت ئەیخۆن.

- ئەڵێن: ئەگەر تووشی ڕەوە گورگ بوویت و پەلاماریان دایت ئیشێکی وا بکە یەکێکیان لێ بریندار کەیت. هەر خوێنی لێ هات ئیتر گورگەکانی تر بەر ئەبنە ئەو، ئەو ئەخۆن و واز لە تۆ دێنن، بەو جۆرە تۆ ڕزگارت ئەبێ.

- ئەڵێن: یەکێ کە بەرد لە مێزەڵدانیا بوو گوڵی گەنمەشامی بۆ بکوڵێنرێ وەکوو چا بیخواتەوە بەردەکەی نامێنێ.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ خوێنی لووتی پژا، بۆن بە تەرسەقولەوە بکا خوێنەکەی ئەوەستێتەوە.

- ئەڵێن: ئەوی «ئاگرە» یەتی ئەستێ بێنن و کابرایەک کە گورگی کوشتووە -بە کوردی ئەڵێ ئەبێ بە دەستی بێ- بێنێ پڕ بکا لە ئاوی سماق و بیپرژێنێ بەو شوێنەدا کە ئاگرەکەی لێ هاتووە. پاشان بە بەرد و ئەستێ لە بەر برینەکەدا بەرد و ئەستێیەک هەڵبکا، پزیسکی پەرد و ئەستێکەی لێ بکەوێ ئیتر چاک ئەبێتەوە.

 

- ئەڵێن: ئەو منداڵەی کە تووشی «خەرکانە»ی ئەبێ ژنێک کە بە دەستی بێ بێنێ پارچە کاغەزێکی شینی شەکر ئەخاتە سەر ناوچەوانی منداڵەکە و «عەقیق»ێک گەرم ئەکا و ئەیخاتە سەر کاغەزەکە خەرکانەکە وشک ئەکا ئەم ئیشەش ئەبێ لە ڕۆژی چوارشەممەدا بێت.

- ئەڵێن: ئەو منداڵەی تووشی برینی ئاگرە ئەبێ، بێنن جۆ لە سەر ساج بسووتێنن، پاشان سماق ناوکەکەی لێ بکرێتەوە، توێکڵە تورشەکەی لەگەڵ ئەو جۆیە سووتاوەدا پێکەوە بیانکوتن و لێی بنێن چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ چاوی ژان بکا و بئاوسێ و ئاو بکا، بەز و گۆشت پێکەوە بکوتن و بیخەنە سەری چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ چاوی تێک بچێ و ژان بکا بئاوسێ «سەر توێژ»ی ماست بخەنە سەر لۆکە و شەوێ لە کاتی نووستندا بیخەنە سەری چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ چاوی تێکچوو بێنێ سەرگوڵی - کە لێ ئەنرێ - لەناو ژێر پیاڵەیەکدا ساردی کاتەوە دوو سێ جار هەر جارە یەک دوو دڵۆپی تێکا چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ چاوی تێکچوو

«تڵپە» چای بگووشێ و بە شەو بیخاتە سەر چاوی بیبەستێ چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێک موو لە پەنجەی هات «بنێشتەتاڵ» لەگەڵ «سابوونی ڕەقی» سابوونەکە ورد بکرێ و پێکەوە بکرێن بە مەعجوون لێی نێن چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: شیری ئەسپەناخ و شەکر تێکەڵاو بکرێن و بخورێن ژانە سەر لا ئەبا.

- ئەڵێن: یەکێ میزی بگیرێ ئەسپەناخ بە کاڵی بخوا میز گیرانەکەی لا ئەچێ.

- ئەڵێن: یەکێ گەروو و مەڵاشووی ژان بکا گیای ئەسپەناخ بە کاڵی بخوا ڕزگاری ئەبێ.

- ئەڵێن: یەکێ شەنگەسوورە و زەردەواڵە پێوەی بدا ئەسپەناخ بکوڵێنن و بیخەنە سەر شوێنەکەی چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: یەکێ دومەڵی لێ هاتبێ هەر دەرگای نەبێ هەندێ ئەسپەناخی کوڵاوی بخرێتە سەر زوو دەرگای ئەبێ.

- ئەڵێن: خواردنی گیای ئەسپەناخ بۆ نەخۆشی سنگ و وەرەم و تای گران و تینوێتی زۆر بەکەڵکە.

- ئەڵێن: یەکێ سپڵی هەبوو خۆی لە خواردنی ئەسپەناخ بپارێزێ.

- ئەڵێن: گیانلەبەری گەڕ لە هەر کەس بکەوێ ئەو کەسە تەمەنی کورت ئەبێ.

- ئەڵێن: یەکێ خەوی دی با بە شەو نەیگێڕێتەوە، ئەگەر یەکێکی وای دەست نەکەوت کە بزانێ چۆن بۆی لێک ئەداتەوە لەسەر ئاوێکی ڕووناک و پاک بیگێڕێتەوە.

- ئەڵێن: ئاوی دەباخانە و ئاوی نێرگەلە بڕێژرێتە ماڵێکەوە کە جادووی تیا کراوە جادووەکە بەتاڵ ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: کوڕی منداڵ بخرێتە باوشی بووکەوە نۆسکەی ئەو بووکە کوڕ ئەبێ.

- ئەڵێن: کڵاو بە هەڵگەڕاوەیی و گەسک لەسەر سەر دانان خراپە و شوومی دێنێ.

- ئەڵێن: یەکێ ئەگەر گوێی ڕاستی بزرنگێتەوە ئەوە باسی ئەکەن، ئەگەر گوێی چەپی بزرنگێتەوە ئەوە گۆڕ بانگی ئەکا.

- ئەڵێن: ئەگەر یەکێ خۆشەویستەکەی لە وڵاتێکی دوور بوو هیچ خەبەرێکی نەبوو سەر لە بەیانییەک بچێتە سەر سێ ڕیانێک سێ بەرد فڕێ بدا بە نیازی هەواڵێکی خۆشی خۆشەویستەکەی پاش ئەوە گوێ لە هاتوچووکەران بگرێ. یەکەم شت کە گوێی لێ ئەبێ ئەگەر شتێکی چاک و خۆش بوو ئەوە خۆشەویستەکەی ماوە و لە خۆشیدایە، خۆ ئەگەر گوێی لە شتێکی خراپ بوو ئەوە خۆشەویستەکەی لە ناخۆشیدایە یا مردووە!

- ئەڵێن: هەور بۆ لەش سووتاو ئازاری زۆر ئەبێ.

- ئەڵێن: پێستی سمۆرە بکرێ بە کیسە پارە سەر بە ڕزق ئەبێ.

- ئەڵێن: ئێسکی پەپووسولەیمانە بخرێتە ناو کیسەی پارەوە، ئەو کیسە پارەی لێ نابڕێ.

- ئەڵێن: یەکێ تووشی کۆکەڕەشە ببێ شیری کەری بدرێتێ چاک ئەبێتەوە.

- ئەڵێن: لە ڕێوبانا ئەگەر مار چاوی بڕییە ئافرەتی سکپڕ، ئەو سکە کوڕ ئەبێ.

- ئەڵێن: کە با زۆر بوو تازە بووکێک بچێتە سەربان «باگردێن» ێک ڕاست بکاتەوە بایەک ئەوەستێتەوە.

- ئەڵێن: کە باران نەباری بەیداخی دار شەخسێک بێنن و لەناو بیرێکا ڕای وەستێنن و پاشان بەرد بخەنە ناو بیرەکە باران ئەبارێ.

- ئەڵێن: کە بێ بارانی بوو پیاوچاکێکی لەخوا ترس بگرن و بیخەنە حەوزەوە باران ئەبارێ.

- کە باران نەباری لەو وڵاتی کوردەوارییە بووکەبەبارانێ ئەکەن:

بووکە بە بارانێ ئەوەیە کە منداڵان دارێکی درێژ دێنن و چیتی زەرد و سووری پێوە ئەبەستن و بە ماڵانا ئەسوڕێنەوە. کە چوونە هەر ماڵێک کابانی ئەو ماڵە دێنێ لە سەرەوە ئاو ئەپرژێنێ لە بووکە بە بارانەکە و دەست ئەبەن شتێکیش ئەدەن بە منداڵەکان. هەروەها دێنن لە ماڵەکان «دەرزی» ش ئەدەن لە بووکەبەبارانەکە تا ئەم منداڵانە گەڕەک یا گوندەکە تەواو ئەکەن یا نایکەن باران دەست ئەکا بە بارین، تا بارانەکە ئەبارێ بووکەبەبارانەکە لە بەر ئاو لێ پرژانی ماڵەکان بە تەواوی تەڕ ئەبێ. منداڵەکانیش کە ئەچنە بەر دەرگای خەڵک ئەم بەستەیە ئەڵێن: لە هەورامان ئەڵێن:

یا خوا وارۆ پەی خەلەی
گیواو بزیو پەی گەلەی

لە وڵاتی هەولێر ئەڵێن:

هەیاران، مەیاران
یاخوا ببارێ باران
گەنمی حەسەن و حوسەینان
هەموو قڕبوون لە تێنان

لە وڵاتەکانی تر ئەڵێن:

هەناران، مەناران
یاخوا داکاتە باران
گەنم و جۆ بێ بۆ شاران
کەسمان نەمرێ لە برسان