دیسان هەوری بەڵا هات سایەقەی وەسڵی گوڵان ڕۆیی
از کتاب:
دیوانی بێخود
اثر:
بیخود (1879-1955)
2 دقیقه
773 مشاهده
دیسان هەوری بەڵا هات، سایەقەی وەسڵی گوڵان ڕۆیی
شەوی ماتەم پەیا بوو، ڕۆژی خۆشی بولبولان ڕۆیی
تەمی غەم تا قیامەت بۆ چی دانەگرێ وڵاتی کورد
کە زاتێکی وەفادار و نەجیب و خانەدان ڕۆیی
بچووک بۆ قوڕ نەپێوێ؟ گەورە توخوا بۆ بە کوڵ نەگری؟
کە عاسای دەستی پیر و هێزی ئەژنۆی گەنجەکان ڕۆیی
سەدای باوک و براڕۆی خەڵق و گرمەی سینە، ناڵەی دڵ
وەکوو ڕەعدی بەهار ئیمڕۆ زەمین تا ئاسمان ڕۆیی
مشوورخۆری گەلی میللەت جەنابی مُصطفی مظهراعلام
کە بانگی حوسنی خوڵقی بۆ هەموو کوردوستان ڕۆیی
مەگەر «کاکینە» هاوتای ئەو بکا، ناویان لەیەک دوور بێ
وەگەرنێ چەشنی ئەو چەشنی حیکایە و داستان ڕۆیی
لەسەر وەتراخی دەشتی ڕۆح و شاخ و داخی بەرزی دڵ
هومای ئەوجی سەعادەت، بازی عیرفان ئاشیان ڕۆیی
بە غایب بوونی ئەو باوکی فەقیر و خادیمی قەومە
لەسەر هۆش و لە دڵ سەبر و لە تەن تاب و تەوان ڕۆیی
ئەگەرچی میللەتی کوردی دوچاری دۆزەخی غەم کرد
بەڵام شوکری خوا خۆی بۆ بەهەشتی جاویدان ڕۆیی
موحاسیب موهمەلی ئەم شیعرە گەر جەمع و جیبایەت کا
ئەزانێ کەی ڕەوانی پاکی بۆ باخی جینان ڕۆیی
وەتەن بێخودتخلص وەکوو ئەولادەکانی بۆچ نەناڵێنێ
«مدیری دائیرەی بەرزی معارِف زی نشان ڕۆیی»