بەزمی بەینی بووک و خەسوو بلوێریش ئەیگێڕێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  972 مشاهده

بەزمی بەینی بووک و خەسوو بلوێریش ئەیگێڕێتەوە. بووک و خەسوویەک دەردەدڵ لە یەک ئەکەن، بەم جۆرە بە سەر و باڵای یەکا هەڵئەدەن؛ خەسوو بە باڵای بووکەکەیا ئەڵێ:

کورت و خڕ و تڕزلە
فیڕنە گولەی ناو زەلە
باریک و گێڕ و چاوزەقە
دەم تیکلەیە و کەلە ڕەقە
گژن، دژوێ، مەیموون ڕەنگە
منگن، چڵمن، کڕکڕ دەنگە
ئاش و شێوی پەڵووڵەیە
پیشە و کاری چەمۆڵەیە
ئەقڵی وردی کڵاشە ئەکا
هیچ نەزانە و گاشە ئەکا

تاقە کوڕەکەم بێ هەوسەرە مایەی دەستی دەردی سەرە

ئەمجا بووکێ ئەڵێ:

پیرێژنێکە ڕمووزن
لە ناو ماڵایە گووزن
ئەسووتێنێ وەک پنگر
دەرکی قسەی وەک کنگر
پێوە ئەدا وەک دووپشک
لە بنە بڕە وەکوو مشک
زیت ئەبێتۆ وەک قومقومە
ئەسوڕێتۆ وەک شەمشەمە
ئەشیتێنێ وەکوو هار
ئەکیفێنێ وەکوو مار
باسی خەسوو درێژە
بووکی هەژار تیا گێژە!