پاشایەک تووشی نەخۆشی ببوو بە هیچ چار...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  836 مشاهده

پاشایەک تووشی نەخۆشی ببوو بە هیچ چار نەئەکرا، لە ئەنجاما پێیان وت: کراسی پیاوێکی بەختیار لەبەرکەی لە نەخۆشییەکەت ڕزگارت ئەبێ. ئەویش هەستا کەوتە وڵاتان بۆ دۆزینەوەی پیاوێکی بەختیار؛ هەر دەستی نەکەوت هەتا ڕۆژێک لە دەشتێکا سەیر ئەکا و کابرایەکی شوان لەسەر شاخێک بە لای مەڕەکانیەوە دانیشتووە، گاڵۆکەکەی کردووە بە مەچەکیا و «بلوێر» لێی ئەدا بۆ مەڕەکانی. دنیای بەلاوە وەکوو کا و با وایە. پادشا وتی: بەختیار ئەگەر ببێ ئەمەیە. هەستا چوو بە لایەوە پرسیی: مامەی شوانە کەس شک ئەبەی لە خۆت بەختیارتر و کامرانتر بێ؟ وتی: ئەگەر بەختیار هەبێ هەر منم. وتی: کە واتە کراسەکەتم بەرێ لە بەری کەم. وتی: جا ئەگەر کراسم هەبووایە لە کوێ بەختیار ئەبووم!