بازرگانێکی دەوڵەمەند هەتیوێکی ڕەشی زۆر...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  613 مشاهده

بازرگانێکی دەوڵەمەند هەتیوێکی ڕەشی زۆر ناشیرینی هەبوو، ڕۆژێک بە هەتیوەکەی وت: تۆ لە حوجرە دانیشە، من ئەڕۆم هەتا نیوەڕۆ ئیشم هەیە. ئەگەر یەکێک هات بۆ کوتاڵکڕین بفرۆشە؛ بەڵام ئاگات لێ بێ من چلۆنم فرۆشتووە، تۆش وای بفرۆشە؛ بە هەرزان لە دەستت دەرنەیەنن. هەتیوەکە وتی: بەسەر چاو. کابرای بازرگان چوو بە شوێن ئیشەکەی خۆیەوە. یەکێک هات چیت بکڕێ، ئەو چیتە گەزی بە چوار قڕان بوو، هەتیوە دایە بە دوو قڕان! کە خەڵکەکە زانیان ئاوایە لە هەتیوە کۆ بوونەوە بە نیوەقیمەت و چواریەکەقیمەت گەلێ کوتاڵیان لێ کڕی!

وەختی عەسر بازرگانەکە هاتەوە بۆ دووکان، تەماشای کرد لایەکی دووکانەکەی چۆڵ بووە. پرسی: هەتیوە! کوا، ئەم کوتاڵانە چی لێ هاتووە؟ هەتیوە وتی: ئاغام هەمووم فرۆشت و ئەوە پارەکەیەتی. ئاغا تەماشای کرد هەتیوە هەمووی بە تاڵان داوە! هەر هەڵسا کوتەکێکی گرت بە دەستەوە گەلێکی لە هەتیوە ڕەشەکە دا.

ئینجا هەندێک تەماشای دەفتەری کرد و دوایی سەری هەڵبڕی ڕووی کردە هەتیوە، چاوی پێ کەوت وا ئەگری فرمێسکی چاوی و چڵمی لووتی و لیکی دەمی تێکەڵاو بوون، زۆر ناشیرین هاتە بەر چاوی، بە دەست خۆی نەبوو بەم دیمەنە ناشیرینە پێکەنی. هەتیوە وتی: «ئا! ئاغام ئێستە کە لە قازانجی خۆی تێگەیشتووە، ئینجا لە خۆشیانا پێ ئەکەنێ».