لەو کوردەوارییە مەلایەکی چاک لە دێیەک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  757 مشاهده

لەو کوردەوارییە مەلایەکی چاک لە دێیەک بوو، ڕۆژێک کۆلکە مەلایەک چووە دێیەکە و وتی: خەڵکینە! من مەلایەکی چاکم و ئەبم بە مەلاتان. ئەوانیش وتیان: مەلای خۆمان چاکە و مەلامان ناوێ. ئەویش وتی: مەلاکەی ئێوە هەر مەلا نییە لەچاو منا. مەلای گوندەکەش لەوێ بوو؛ لەم قسەیە تووڕە بوو، وتی: تۆ چۆن ئەڵێی بە من مەلایەکی چاک نیم. ئەمیش وتی: بابە ئەمەی پێ ناوێ، وەرن تاقیمان بکەنەوە. ئێمە ئێستە هەردووکمان «مار» ئەنووسین، هەر کامێکمان چاکمان نووسی، ئەوە ئەوەمان مەلایەکی چاکە! مەلا چاکەکەش وتی: باشە.

هێنای لەسەر کاغەزێک وشەی «مار»ی نووسی. کۆلکەمەلاکەش خەتێکی پێچەڵپووچی نووسی. ڕووی کردە خەڵکەکە، وتی: خەڵکینە! وەرن ئێوە و خواتان، سەیر کەن بزانن ئەمانە کامیان مارن؟ خەڵکەکەش کە سەیریان کرد، وتیان: وەڵڵا بابە مار ئەوەتە، تۆ نووسیوتە؛ دیارە ئەم مەلایەی ئێمە تا ئێستە دەستی ئێمەی بڕیوە و هیچ مەلا نییە. مەلای هەناسەساردیش هەرچەند هاواری کرد کە مار ئەوەیە من نووسیومە، کەڵکێکی نەدایە و دەریان پەڕاند.