بەگەی حسێن مەولان هەبوو، پیاوی مستەفا بەگ ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  1030 مشاهده

بەگەی حسێن مەولان هەبوو، پیاوی مستەفا بەگی «سلێمانکەندی» بوو. وتی: چەند دانەیە پێستە ڕێویم پێ بوو ئەمبرد بۆ سابڵاخ بیفرۆشم، ئەو ساڵەش ڕێویی حیز بوو، پارەی نەئەکرد، شەوێ ڕێم کەوتە یاڵاوا، ماڵێکی گەورەم لێوە دەرکەوت، چوومە ئەوێ، هەرکە نزیک بوومەوە ئافرەتێکی جوانکەلە هات و سەر ڕێگەی پێگرتم وتی: بە خوا باوکم جێگەمان نییە و پیاومان لە ماڵەوە نییە! هەر چەند وتم: کچێ ئافرەتی چاک بە، بەم زستانە و بەم نێوەشەوە بچمە کوێ؟ هەموو ئاواییی نووستوون کێ ڕێگەم ئەکاتەوە؟ هیچ کەڵکی نەبوو، من زۆرم وت و ئەو کەمی بیست، لێیدا ڕۆیشت و قاپییەکەی داخست، منیش لە دەرەوە مامەوە، سەرما کوتامی، ناچار تەپاڵدانێک هەبوو خۆم کوتایە ئەوێ.

شەو بوو بە نیوەشەو سەیرم کرد قاپی حەوشە کرایەوە و ئافرەتێک بەبێ چرپە هات بۆ تەپاڵدانەکە - ناسیمەوە کە ئەمە ئافرەتەکەی ئێوارەیە - هات بەهێواشی بانگی کرد: «حەمەدێ هاتووی؟ منیش خۆمم نەبڕکان وتم: ئا! گرتمۆڵکەیەکی بۆ فڕێ دام وتی: ئەوە بخۆ ئێستا دێمەوە بۆ لات. کە کردمەوە تەماشام کرد، دەستەسڕێکی سپیی ڕیشوداری هەڵبەستراوە پڕیەتی لە گوێز و مێوژ و بادام، تێرم لێ خوارد.

لەو وەختەدا ئافرەتەکە هاتەوە و هاتە لامەوە، دەستمان کردە ملی یەک و یەکێکمان کرد! لەپاشا پێی وتم: حەمەدێ گیان کە چوویتە شار چیم بۆ دێنی؟ منیش وتم: بە خوا خۆت ئەزانی هیچی ترم پێ نییە، هەر ڕێوییە و ڕێوی ئەگەر پارەی کرد هەر شتێکت ویست بۆت دێنم. کتوپڕ لێم کشایەوە و وتی: ئای ڕێویی باوەحیز! ئەمە تۆی؟ ئەوە چی ئەکەی لێرە؟ هەڵسا خێرا ڕۆیشت، وتی: منیش لە ترسا ئیتر نەموێرا لەوێ دانیشم، وتم ئێستا ئەچێ خەڵکم بە سەرا ئەڕژێنێ. هەستام کادانێک بوو، چوومە کادانەکەوە.

زۆری پێ نەچوو تەماشام کرد ژنەکە هاتە کادانەکەوە، بە سەبرێ بانگی کرد: حەمەدێ هاتووی؟ منیش دەنگی خۆمم گۆڕی لەسەرخۆ وتم: ئا هاتووم! هاتە تەنیشتمەوە، دەستمان کردە مل یەک و لەوێشا یەکێکی ترمان کرد! پاشان وتی حەمەدێ گیان کە چوویتە سابڵاخ چیم بۆ دێنی؟ منیش وتم: بە خوا هەر ڕێوییە و ڕێویی پارەی کرد چیت بوێ بۆت دێنم. سەیرم کرد دیسان خۆی ڕاپسکاندەوە و وتی: ئای ڕێویی کەرانباوگاو ئەوە گەیشتیتە ئێرەیش؟ ئەمەی وت و لێی دا ڕۆیشت.

فڵانی، ئەمجا بە تەواوی ترسم لێ پەیدا بوو هەڵسام ئەوێشم بەجێ هێشت، پشتیرە کۆنێک هەبوو، چوومە ئەوێوە، لەوێش زۆری پێ نەچوو دیسان ئافرەتەکە هاتەوە، سەری کرد بە ژوورەکەدا و منیش کۆکەیەکی بچکۆلەم کرد. وتی: حەمەدێ ئەوە لەوێیت؟ منیش زۆر بە سەبر وتم: ئا.

ئەمجا بە سەربەستی هاتە لامەوە و دەستمان کردە ملی یەک، لەوێش یەکێکی ترمان کرد! لەپاشا وتی: حەمەدێ کە چوویتە شار چیم بۆ دێنی؟ منیش وتم: بە خوا فڵانی هەر ڕێوییە و ڕێوی ئەگەر پارەی کرد چیت بوێت بۆت دێنم. ژنە ئەم جارە دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: خوا بتگرێ، ڕێوی بۆ خۆت و بۆ کەتنت، گووی تۆیش بە گۆڕی بابی حەمەدێ!

ئینجا لێم پرسی: ئێستا پێم بڵێ بزانم باسوخواس چییە؟ وتی: چیت پێ بڵێم؟ ئەمە لەگەڵ حەمەدێ کەرانباوگاو، گۆیا دڵمان پێکەوە بوو، ئیمشەو بڕیارمان دابوو بە یەک کە بێت بۆ لام، ئەوا ئەو حیزەڵە خوێڕییە نەهات و تۆیش ئەم کەتنەت گێڕا، منیش وتم: قەیدی چییە ئێمە بە ئیشی خۆمان گەیشتین هەرچەند زۆریشم سەرما بوو.

بەیانی ئیتر نان و شێوێکی باشی دامێ و بەڕێی کردم، کە ڕۆیشتم دنیا بوو بە چێشتەنگاو لەسەر کانییەک دانیشتم دەسەسڕە سپیم دەرهێنا، هەندێ گوێز و مێوژی تێدا مابوو خواردم. سەیرم کرد کابرایەک هات ئەویش دانیشت، چاوی بە دەسەسڕەکە کەوت بەلایەوە سەیر بوو، وتی: برا ئەو دەستەسڕەت لە کوێ بوو؟ وتم: برا ناوت چییە؟ وتی: حەمەدێ. وتم کەوا بێ هی تۆیە و هەموو کارەساتەکەم بۆ گێڕایەوە، کابرا لە داخا خەریک بوو شەق بەرێ و دەسەڵاتیشی بەسەرما نەبوو، من لەو زەلامتر و بەهێزتر بووم، وتم: برا تووڕەیی پێ ناوێ، تۆیش قسە بکە. کابرا دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: وەڵڵا ڕاستی ئەوەیە ئەم دەستەسڕە هیی منە گوێز و مێوژ و بادامم تێ کردبوو و بە دیاری بردم بۆ ئەم دۆستەم، پێشم وتبوو شەوێ دێم، ئیتر بۆم ڕێ نەکەوت بچم، ئەوا تۆ دەستی خۆتت وەشاند. وتم: برا گوێی مەدەرێ، سووچی خۆت بووە، بۆ لەمەودواتان. دەستەسڕەکەم دایەوە و پێکیشەوە چووین بۆ سابڵاخ، تا ناو شار هاوڕێ بووین، لەوێ ئیتر لێک ون بووین.