کابرایەکی بڵباس بە کاروان ڕێی ئەکەوێتە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  826 مشاهده

کابرایەکی بڵباس بە کاروان ڕێی ئەکەوێتە کۆیە، ئەچێتە دیوەخانی حەماغای کۆیە. کابرا لە وڵاتی خۆی ماینێکی بە دەستیاو هێنابوو. کە ئەچێتە ماڵی حەماغا ماینەکەی ئەتۆپێ. لە ڕوویشی هەڵنایە کە بە حەماغا بڵێ شتێکی وا ڕووی داوە و ئێستە منیش نیمە ماینەکە ببژێرم بۆ خاوەنی.

هەر لەوێ دائەنیشێ و خۆی ئەکا بە تووڵبڕ، بەیانی و ئێوارە ئەچێ ئالیکی ماینە تۆپیوەکە وەرئەگرێ. ئیتر کەس لێی ناپرسێ کە کابرا تۆ ئیشت چییە لێرە ماویتەوە. ئەوەندە ئەمێنێتەوە تا لە ئالیکی ماینەکە پارەی ماینێکی دەست ئەکەوێ و ماینێکی تر ئەکڕێ. پاش ئەوە هەڵئەستێ بڕوا، ئەچێتە لای حەماغا ماڵاوایی لێ ئەکا و کارەساتەکەشی بۆ ئەگێڕێتەوە. حەماغا سەرباری ئەوەش فەرمان ئەدا ماینێکی تریشی ئەدەنێ.