کابرایەک کوڕێکی سەرشێتی هەبوو هەراسی بە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  659 مشاهده

کابرایەک کوڕێکی سەرشێتی هەبوو هەراسی بە باوکەکەی هەڵگرتبوو کە دوو ژنی بۆ بێنێت، باوکیشی ئەیوت: ڕۆڵە دوو ژن بە جارێ نابێ. ئەویش ئەیوت: نا هەر ئەبێ دوو بێ. لە ئاخرا دایکەکەی چوو بێوەژنێکی دۆزیەوە و پێی وت: مارەت ئەکەم بۆ کوڕەکەم، بەڵام ئەبێ بتبینم چۆن کەفوکوڵی ئەنیشێتەوە! بێوەژن وتی: تۆ کارت نەبێ.

هێنایان و لێیان مارە کرد. باوکی چووە لای کوڕە و وتی: ڕۆڵە ئەوا ژنمان بۆ هێنای هەستە بچۆرە لای، ئەویش ئەیوت: دوو ژن نەبێ نامەوێ. وتی: ئاخر دوومان بۆ هێناوی، ئێستا بچۆرە لای یەکێکیان، لەوێ بێرە دەرەوە بچۆرە لای ئەوی کەشیان. کوڕە بەم جۆرە ملی هێنایە ژێر بار و هەستا چووە لای پیری بێوەژن.

بێوەژن هیچ دەرفەتی نەدا، یەکێکی ئەکرد سازی ئەکردەوە بۆ یەکێکی تر، ئەو شەوە تا بەیانی وای لێ کرد باریکی کرد. بەیانی باوکی هات وتی: ڕۆڵە ژنەکەی تر چاوەڕێ ئەکا ئاخر بچۆرە لای. وتی: باوە هەر ئەمەم بەسە. ئەو شەوەش بێوەژن لۆکاندییەوە! ڕۆژی دوایی باوکی هات و وتی: ڕۆڵە ئاخر ژنەکەی تر بەتەمایە دانیشتووە، وتی: باوە ئەو دەرکە و دایکیشم تەڵاق بدە، ئەمە بەشی هەردووکمان ئەکا! دوو سێ ڕۆژی تری پێ چوو، کوڕە بە تەواوی هێزی لێ بڕا، وای لێ هات نەیئەتوانی مێشەکان لە لەشی خۆی دەرکا! مێشێک هەر زۆر عەزیەتی ئەدا، ئەمیش لەژێر لێوەوە نووزەیەکی لێوە هات و وتی «لاچۆ باوە حیز ئەگینا ئەڵێم بە باوکم ژنێکت بۆ بێنێ».