عێل سەرەوژوور بوەوە بۆ کوێستان ئەچوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  592 مشاهده

عێل سەرەوژوور بوەوە بۆ کوێستان ئەچوو، دوا دواییەکەی لە «شلێر و ناوخوان» بوو، کابرایەکی کورد لەوێ ئەکەوێتە بیری کە کەوای نییە، بەپەلە ئەگەڕێتەوە بۆ پێنجوێن ئەچێتە بەر دووکانەکەی «ئەوڕەحمانی حەمەی وەسمانی خەیات» پێی ئەڵێ: کەوایەکم بۆ دروست کە. ئەڵێ: پێنج قەران. ئەڵێ: لەو چیتە بێ. ئەڵێ: شەش قەران. ئەڵێ: ناوەکەی زۆر بێ. ئەڵێ: حەوت قەران! بە کورتی کابرای کوردە هەرشتێک ئەڵێ، ئەوڕەحمان قڕانێک بۆی سەر ئەکەوێ، تا ئەگاتە پانزە قەران! کابرا ئەڵێ: خاسە براکەم بۆم دروستکە و بییە وە دەسمەوە، با بگەم وە خێڵەکە.

ئەوڕەحمان تۆپە چیتێک دائەگرێ و مەقەستی تێ ئەخا بۆی ببڕێ، کابر هەر دەست ئەداتە تفەنگەکەی و ئاوقەی سەرسنگی ئەکا ئەڵێ: دویت باوک، وەستای بەرگدوور! پانزە قڕانم لێ ئەستێنی و گەرەکتە وە قەیچیش پارچە پارچەی کەی و دەسم بووڕی! وە کەلام هەر ئێستا ئەتکوژم. ئەوڕەحمان کە وا ئەزانێ ئەڵێ: برا ئەمە هین تۆ نییە، هینەکەی تۆ وا لە ژوورەوە لە جلخانەکە، سوڕێکی بازاڕ بخۆ و وەرەوە کەوای خۆت لەبەر کە! کابرا ئەڵێ: دە وا بێژە.

کابرا ئەچێ بۆ ناو بازاڕ و ئەوڕەحمان بە شاگردەکەی ئەڵێ پێنج و شەش تەقەڵی بکە و بیهێنەوە، تا کابرا ئەگەڕێتەوە، کەوا تەواو ئەبێ و لەبەری ئەکا، کە قۆڵی تێ هەڵئەکێشێ لەسەر شانییەوە تەقەڵەکانی هەموو بەر ئەبێ و ئەشکەوتی تێ ئەکەوێ. ئەوڕەحمان هەر ڕاست ئەبێتەوە زلەیەک ئەماڵێ بە بۆناگوێی شاگردەکەدا و ئەڵێ: کەرانباوگاو من وتم گیرفانی لە تەنیشتەوە بۆ بکە یا لەسەر شانەوە؟ کابراش ئەڵێ: ئەوە دەردت وێ، دویت باوک گیرفان لەسەر شانەوە ئەکەی بۆ کەوای خەڵکی.