حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ وتی: حەمەی پوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  566 مشاهده

حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ وتی: حەمەی پوورە سافیە بۆی گێڕامەوە وتی: شێخان لە سولەیمانی زۆر لە برەودا بوون، دەست و پێوەندیان ئیتر ئیشیان هەر ئەوە بوو کە لە خەڵکیان ئەدا و تاڵانیان ئەکردن. ڕۆژێک بارێ کاڵەکم لە ژنێکی «شەمەیی» بە شەش تارانی کڕی، پارەم دایە و بارە کاڵەکم بردە دووکان، وەختێ هەڵم پچڕی تەنها دەرگا بارەکەی سێ چوار کاڵەکی تیا بوو ئەوی تری هەموو زرکی خەڵووزە لێ دراو و کاڵەکە شکاو بوو، منیش دەستم لێ نەدا.

وەختێ چێشتەنگاو ژنەکە هات و داوای جەواڵەکەی کردەوە، بە زمانێکی شیرین بە ژنەکەم وت: دایکم خۆ تۆ کاڵەکەت بە من فرۆشتووە ئەمە چییە؟ هیچی بە کەڵک نایەت، بێنە شەش تارانییەکەم بدەرەوە و کاڵەکی خۆت چی لێ ئەکەی بیکە. پیرێژن وتی: ماڵێکە و فرۆشتوومە و پارەم وەرگرتووە و تۆیش کڕیوتە، خوا بکا پووڵێکت بۆ نەکا.

لەسەر ئەم قڕە قڕەمان دراوسێ دووکانەکان کۆبوونەوە کەوتنە بەینمان و وتیان: فڵانی ئەمە ئافرەتە، با تارانییەکت بداتەوە، تۆیش کاڵەکەکە هەڵڕێژە خوا بۆت ئەفرۆشێ. من بەم قسەیە ڕازی بووم، بەڵام پیرێژن هەڵیتیزاند و وتی: قوڕ بەسەرت من لەوانە نیم کەس بتوانێ تەشقەڵەم پێ بکا، بزانە ئێستا چلۆن جەواڵی خۆم بە شەق ئەسێنمەوە. لێی دا ڕۆیشت.

زۆری پێ نەچوو تەماشام کرد هاتەوە و هەتیوێکی لەگەڵ بوو، سەڵتەیەکی سوورمەی کۆنی لەبەردا بوو. نوشتەیەکی لە قۆڵی ڕاستی بەستبوو فیشە کلغێکی شڕی لە پشتا بوو، لیسێکی بە دەستەوە بوو، پیرێژن ڕووی کردە هەتیوەکە و وتی: ئەم بەقاڵەیە. ئیتر هەتیو بەبێ هیلو گفت لیسی ڕاست کردەوە و وتی: بە سەری شێخ سەعید، قەحباب، هەر ئێستا جەواڵی ئەم ژنە نەدەیتەوە بەم لیسە هەموو لەشت ئەشکێنم. منیش کە وام زانی لە دڵی خۆما وتم وا چاکە منیش فێڵێ بدۆزمەوە.

هەر هەڵسام و ڕام کردە ژووری دووکانەکە کوتەکێکی زلم هەبوو دەستم دایە و هاتم، وتم: بۆ چی سەگباب من بێکەسم؟ بەسەری سەید ئەحمەدی بابە ڕەسووڵ لەم بەر دووکانەما نەڕۆی بارت کوتەک ئەکەم! لەگەڵ ئەوەش کە بە عومری خۆم ماڵی هیچ شێخێک نەچوو بووم و هیچ ئاشنایەتییەکم نەبوو.

هەتیوە، کە بەم حاڵەی زانی وتی: ئاخر بزانم جواڵەکەت بۆ چی لێ گل داوەتەوە؟ منیش بە تووڕەیی وتم: من کاڵەکم لەم پیرێژنە قۆڕە کڕیوە. کابرا ئەمجا زۆر بە نەرمی وتی: برا تۆ عاجز مەبە با من تەماشای کاڵەکەکە بکەم. هات و چاوی بە کاڵەک کەوت ڕووی کردە پیرێژنەکە و وتی: میمکە بە خوا ئەم فەقیرە هەقیەتی، ئەمە هیچ کاڵەک نییە! ئەمجا وتی: برا ڕێکەون، شتێک پارە بداتەوە و تۆیش جواڵەکەی بدەرەوە.

هەرچەند کابرا زۆر بە شیرینی قسەم لەگەڵ ئەکا، من بە تایبەتیی هەر خۆم گورج ئەکەمەوە قۆڵم هەڵئەماڵم و بە تووڕەییەوە جوابی ئەدەمەوە! وتم قەیناکا نیوەی پارەکەم - کە سێ قڕانە بمداتەوە - منیش جەوڵەکەی ئەدەمەوە. هەتیوەکە وتی: ناوەڵڵا بۆ خاتری من دوو قڕانی لێ وەر بگرە و جەواڵی بدەرەوە. وتم: الحکم للە با خاتری تۆ بێ.

ئیتر هەرچەند پیرێژن هاواری کرد، «کوڕە خۆی بە تارانییەک قوڕاوی ئەخواردەوە» هیچ کەڵکی نەبوو، وتم: بە سەری سەید ئەگەر لە بەر خاتری ئەم دەستە برایە نەبووایە بە سێ تارانیش ڕازی نەئەبووم! ئاخری دوو تارانیم لێ وەرگرتەوە و گەلێکیش پاڕایەوە. ئەمجا منیش جەواڵەکەم دایەوە.