کابرایەکی مەنگوڕی، باراشێک ئەبا بۆ ئاش...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  742 مشاهده

کابرایەکی مەنگوڕی، باراشێک ئەبا بۆ ئاش ئەیهاڕێ و ئەیهێنێتەوە، لە گەڕانەوەدا ئەگاتە سەر «دەوەنێک» و لەوێ تووشی کابرایەکی دراوسێیان ئەبێ - کە ئەویش هەر ئەچێ بۆ ئاش - لێی ئەپرسێ: ئەوە تۆ باراشەکەی خۆتت هاڕی؟ ئەویش ئەڵێ: ئەی کو؟ نایهاڕم! ئەمیش ئەڵێ: بە گۆڕە بابم دەسا ئەگەر من لە کنت بوومایە نەم دەهێشت چەقە لەوی ئاشەوە بێنیت؟! ئەویش ئەڵێ: کوڕە دایەلێت دەگێم چما نەتدەهێشت؟ ئەڵێ: بە گۆڕە بابم نەم دەهێشت!

لەم قسەیەک لەو قسەیەک ئەبێ بە شەڕیان. ئینجا ئەوی لە ئاش هاتۆتەوە ئەڵێ: دەسا دایەلێت دەگێم دەبا ئەم دەوەنە ئاش بێت بزانم چەرایەت دەکەوێ نایەڵیت؟ بارەکان لە کەرەکان ئەکەنەوە و هەریەکە تەکان ئەداتە بارەکەی خۆی کە بیدا لە ئاشەکە!

لەم سمڕ سمڕە دەست ئەدەنە خەنجەر و یەکتری ئەکوژن! کە بە سەرایانا ئەچن ئەبینن وا دوو بار و دوو تەرم لەوێ کەوتوون، یەکێکیان نوزەیەکی تیا ماوە، کە لێی ئەپرسن ئەم کەین و بەینە ئەگێڕێتەوە و ئەویش ئەمرێت!