دوو پیاوی گەورە بە ڕاووشکار بە دەشتێکا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  993 مشاهده

دوو پیاوی گەورە بە ڕاووشکار بە دەشتێکا ئەڕۆن، تەماشا ئەکەن وا لە دوورەوە کابرایەکی ڕیش سپی لیکنی شڕەبار پەڕێکی چڵکنی کردووە بە سێبەری چاوی، سواری نێرەکەرێک بووە و ماکەرێکی ڕووتیشی خستۆتە پێش خۆی و وردە وردە گۆرانی بۆ ئەڵێ و ڕووەو ناو شار ئەڕوا. یەکێ لە پیاوەکان بەوی کەیان ئەڵێ: بیدوێنە. ئەڵێ: وادیارە ئەم کابرایە دەمشڕە جنێومان ئەداتێ. ئەڵێ: گوێ مەدەرێ بیدوێنە با جنێومان بداتێ.

ئینجا ئەچێ و سەرەڕێی پێ ئەگرێ، دەستی لە ملی کەرەکەی ئەکا و ماچێکی ئەکاتەوە، ماندوونەبوونێک لەگەڵ کابرا خۆی ئەکا، کابرا بە تووڕەییەوە ئەڵێ: تۆ دەست ئەکەیتە ملی براکەت، دە لەگەڵ ئەو بدوێ، کارت چییە بە منەوە؟ ئەگەر دایکت ناردووتی، من هیچ لە بیرم نەماوە کەی دایکتم دیوە؟ خۆ ئەگەر لەوانەشی بۆ کڕیار ئەگەڕێی و لە ناو شارا موشتەریت دەست نەکەوتووە، دەشتەکی ئەو پیشە حیزە نازانن.

کابرا ئەڵێ: بە خوا خاڵە نە دایکم ناردوومی و نە بە شوێن موشتەریشا ئەسووڕێمەوە، چاوم پێت کەوت وام زانی چاوت ئێشێ، منیش تۆزێ دەستی حەکیمیم هەیە، بەزەییم پێتا هاتەوە، دەرمانێک بوو، وتم با پێت بڵێم بەڵکوو چاوئێشەکەت لە کۆڵ کەوێ.

کابڕا وتی: ئەرێ وەڵڵا، بە قوربانت بم چاوم ئێشێ پێم بڵێ بەڵکوو لە دەم و نەفەسی تۆوە چاک ببمەوە. ئینجا هەڵیدایە و وتی:

ڕۆنی هەتاو، دەنگی دەهۆڵ، ڕەنگی ئاو، تیشکی ئەستێرە، خشتەی گاگێرە، سێبەری مەنارە، وەفای خەڵکی ئەم شارە، چاوی مار و پێ مرۆلە، دەوڵەمەندی پیاو ڕووتەڵە، ئاشتی میراتگر، یەکیەتیی جێگەگر. ئەمانە شەش مانگ لەبەر سایەقەی هەتاو دانێ، شەش مانگ لە دەسکاوانێکی بێبنا بیکوتە، شەش مانگیش بیخەرە بەر ڕشەبا، ئینجا بیکەرە کلتووری بن کلکی ئەو دێڵەکەوە، بە کلچێوێکی یەرەقی ئەو نێرەکەرە بیهێنە بە چاوی سەر و خوارتا ئیشەڵڵا زوو چاک ئەبیتەوە.

مامەی ڕیش سپی تۆزێ خۆی بۆ جووڵاند و یەکێکی کەڕەنای بۆ کێشا وتی: جارێ ئەمە پێشەکی بۆ هەقی هاتنەکەت، بە بێمزەڕەتی سەر خۆت و بۆزەی هاوڕێت، کە چاکیش بوومەوە کۆنە کارەکەرێکی ڕەشتاڵەی دایانی نەنکم ماوە، ئەتدەمێ بۆ خۆت و ئەو هاوڕێیەت - کە بۆ پێکەنینی خۆی تۆی کردووە بە پێستی لاقنگی گا - بەیانی لە ئاشخانەکەی دوایەوە «شلە حەی حەی» بکەن بۆ نانخواردنی ئێوارەتان ئەگەنە میوانخانەکەی پێشەوەی.