قوربانییەکانی نەتەوە
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
2 دقیقه
1354 مشاهده
بیخەرە گەردن، پەتی جەڕاوت
بیخەرە سەر پشکۆ نێچیری ڕاوت
گیر کە لە جەستەت نینۆکی سوورت
بیگەینە گوێ زەمزەمەی دوورت
بێخەنە... ژووری تاریکی زیندان
شەبەق بخەرە جێی قەپ و ددان
گڕ بەربدەرە خاشاکی لاشە
گۆشت هەرزان بکە بۆ داڵ و واشە...!
ئێسقان ورد بکە سەر بپەڕێنە
جومگەی ئەم و ئەو لێک بترازێنە
ببڕە، بکوژە، بکە بە سووتوو
فوارەی خوێن بخە ناو قورگی تێنوو
مەست بە بە جەرگی برژاو و پارە
بە خوێن ڕووناک کە ئەم شەوە تارە..!
با تەنگەی ئەستوور، چەشی دارکاری
مەستی ئازاردان پێی گوناهباری
هەڵپەڕێ لە سەر ئێسکی ئەم و ئەو
قاقای تێکەڵکا لەگەڵ قاسپەی کەو
با.. پیشەی سنگی کراو بە دارا
بکا بە تاری بەزمەکەی دارا
با.. ئەم بسووتێ، ئەو ببێ بە خۆڵ
ئەم بە قاورمە، ئەو بە شیپەی چۆڵ
چی لەوە... مێزی ڕازاوەی ئەوێ
دسکاتە ملی قەد باریک شەوێ
زەڕەی پیاڵە و فنجان مەبەستە..!
شەرەف تۆ بڕۆ هیچ ڕامەوەستە..!
با خەڵکی هەموو قەڵاچۆ بکرێ
تەقەلا و ڕەنج و سامانی ببڕێ
سا ئەوی دەستی دار بگرێ بە حاڵ
لە گڕی شەڕدا بێ بە کۆی زوخاڵ
لەبەر مەرامی پیسی داگیرکەر
جەردەی (ئایەتی) خوێن ڕەشتن لەبەر
بمرێ نیشتمان، بسووتێ میللەت
بژی ژێر دەستی، بمێنێ زیللەت..!
بەڵام... پشکۆی ژێر خۆڵەمێش و ژیڵ
گوێ هەڵخراوی دەنگی زەنگ و زیل
ئەویان مەڵاسی بای تۆڵەسەندن
ئەمیان چاوەڕێی خرۆشی (هەستن)
کە ئەو هەڵی کرد ورد گەشایەوە
ئەمیان ئاوازی دەنگی دایەوە
ئەوسا نۆرەی گورز ئەکەوێتە دەس
گەلی داخ لە دڵ بە بەزم و هەوەس
کۆزەر و پەربای وا ئەکا بەشەن
چەرخ نەیدیبێ مەگەر بە دەگمەن
ئەوسا هەر کەسێ لە مەیدانا مرد
جێی شانازییە بۆ نەتەوەی کورد