پەلکە

از کتاب:
قەڵای ڕاز
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 5 دقیقه  810 مشاهده

پەلکەکانی کردەوە، کاسەیەک ئاو لە تەنیشتیەوە بوو، شانەکەی تێ ژەند و هێنای بە قژیا لوول بوون...شانەکەیان تێ ئەگیرا. هێدی و لەسەرەخۆ بەش بەشی کردنەوە. کردنی بە چوار قەف. جار جارە ناچار بوو شانەکەی لە گرێ پووچکەکان بگیرێنێ و بە یەک تەکان توند ڕایکێشێ...

قژە لوولەکانی گرێ پووچکەشیان زۆر بوو.

بیری کردەوە لە کەیەوە سەری دانەهێناوە، ڕۆژێکە...مانگێکە...یان ساڵێک؟...

نا هەر ئەم بەیانییە بوو. گرێیەکی تری کردەوە. دەنەیەکی شانەکە شکا و لە گرێکەدا مایەوە... جارێکی تر شانەکەی تەڕ کرد. گرمۆڵەیەک قژی تەڕ و دەنەیەکی تری شانەکە لەیەک گیر بوون. جیای کردنەوە و لە ئاوەکەی خستن... بە دڵیا هات:«خۆزگە، یان قژە سەرم خاو ئەبوون، یان هەر نەئەبوون»... و بزەیەکی تاڵی گرت.

-ئەوەتە لەبیرمە ئەم ئاواتەم بووە....

دیسانەوە دەستی کردەوە بە شانەکردنیان...کاسەکە پڕ بووبوو لە گرێ پووچکە و دنەی شانە. شانەکەش زۆر کەل ببوو. گرێ پووچکەکانی گرمۆڵە کرد و لە قەڵشتێکی دیواری حەوشەی خنی، تا نەکەونە ژێر دەست و پا، نەوەک ژانەسەر بکا. بیری کردەوە، ئەوەندەی لەبیری بێ قەد قژەسەری نەخستۆتە بەر دەست و پا، هەر لە کونی دیواری خنیوە....دایکیشی هەر وەها. کەچی ئەو بە ژانەسەرەوە سەری ناوە...ئەمیش دایمە سەری ژان ئەکا!

دایکی ئەیوت: «بەختی دایک جیازی کچە» کە واتە ئەمەش لە دایکیەوە پێی بڕاوە....یانی ئەم میراتییە بە گوڵێ- یش ئەگات؟....

یادی گوڵێ بوو بە هەناسەیەکی گەرم...زایەڵەی کەنینێکی گەش...هەورەکانی ڕەواندەوە...پاشان بوو بە کۆترێکی بچکۆلانە و بە گمەگم لەسەر دڵی نیشتەوە.

-«ئەڵێن گوڵێ لە خۆم ئەچی»...منیش شێوەی دایکم ئەدەم. بیری دایکی کرد. هاتە ژوورەوە، سەیرێکی ئاوێنەکەی کرد. سەری تەواو ڕووتابووەوە. نێو کاسەی ئاوەکە چەن لقە شانە و دوو سێ تاڵی درێژ و ڕەشی تیا مابوو.

-کە واتە ئاواتەکەم هاتۆتە دی.... کە خاو نابن، با هەر نەبن....

چەن دڵی بە قژی خاوەوە بوو.... بەدرێژاییی ژیانی هەناسەی بۆ هەڵکێشاوە.....

تەزێک بە دڵیا هات و چاوەکانی بوون بە کانیاوێکی تەقیو...سەری گرت بەسەر کاسەکەدا و دلۆپ دڵۆپ فرمێسکی تێ ڕشت. تاڵە قژەکان خاو ببوونەوە...وەکوو مارێکی ڕەش و باریک خۆیان درێژ کردبوو. یەکێکیان بە کاسەکەدا هەڵگەڕابوو. ئەوەندەی لە ئاوەکە هاتبووە دەرەوە لوول بووبووەوە. دەستی بەسەر سەریا هێنا...ئیتر لوول نەبوو...قژی پێوە نەمابوو تا لوول بێ....بە پەلە سەرپۆشەکەی دا بە سەریا و هەتا نێو چاوانی داپۆشی و بە ئاسوودەیی هەناسەیەکی هەڵکێشا.

-ئیتر دیار نییە....نە حەمە و نە گوڵێ پێم نازانن.

ئاوێنەکەی هەڵواسییەوە.... کاسە ئاوەکەی سووک هەڵگرت و لەسەر ڕفەکە لای وێنەکەی باوکییەوە داینا.

-خۆزگە وێنەی دایکیشم ئەبوو....

یادی دایکی دڵی پڕکرد. جارێکی تر لە ئاوێنەکەدا بە شوێنیا گەڕا. سەرپۆشەکەی دڕابوو.

-ئەبێ زیاتر بیپارێزم لە دوو سێ لاوە دڕاوە....

دایکی پێکەنی....کەنینێکی تاڵ....ئینجا فرمێسک هاتە نێو چاوی و پێی وت:

-زۆرت ئاگا لێی بێ....ئەمە یادگاری دایکمە....لە سەرەمەرگا پێی داوم.

بیری کەوتەوە... ئەوەتەی چاوی کردۆتەوە ئەمەی بەسەر دایکییەوە دیوە. ئەیوت:

-ئەنتیکەیە....ئیتر لەم سەرپۆشانە دەس ناکەوێ، باشتریشی بۆ بازاڕ نەهاتووە. ئەمانەی ئێستا زوو کاڵەوە ئەبن.

بیری کردەوە.

-هەتا ئەم سەرپۆشەی بەسەرەوە بوو...نەمزانی سەری ڕووتاوەتەوە. هەر سوێندی بە سەرە سپییەکەی ئەخوارد.منیش وامئەزانی پرچەکانی دایکم خاو و سپین...بەڵام لە دوا هەناسەیا چاوم پێی کەوت....باوکم تێی خوڕی. بە سەری سپییەوە سەرت ڕووت ئەکەی؟

دایکم پێکەنی...کەنینێکی تاڵ....چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک و لێوی خۆی کرۆشت.تێگەیشتم تووڕەیە... ئاخر دایکم هەرچی تووڕە بوایە بێدەنگ لێوی ئەکرۆشت و چاوەکانی پڕ ئەبوون لە فرمێسک، بەیانیی پرسەکە، سەرپۆشەکەم دا بە سەرما.ئیتر لەو کاتەوە بە سەرمەوەیە....لەو کاتەوە کە قژەکانم لوول و ڕەش بوون...تا ئێستا...

سەیرێکی وێنەکەی باوکی کرد. بە مێهرەبانییەوە بۆی ئەڕوانی. وێنەی مێردەکەی مۆڕەی لێ ئەکرد، بێگومان حەزی ئەکرد تێی خوڕێ. ئەو بەر ئاوێنە بۆ چۆڵ ناکەی....ئەڵێی گەورەکچی...

-دایکم...بیری دایکم کردووە.

ئاوێنەکەی بەجێهێشت...دایکی ڕۆیشت...

هاتە حەوشە و سەیرێکی دیوارەکەی کرد....زۆربەی کونەکانی پڕبوون لە گرمۆڵە قژی ڕەش...هێشتا کونی

چۆڵی زۆر تیامابوو....

تا دەستی گرت شانە کەلەکەی فڕێ دایە ئاوە شیوەکە....کەوتە نێو گژوگیاکان و توند لێیان گیر بوو. ئینجا بێدەنگ لێوی خۆی کرۆشت و فرمێسکی ڕشت....و ئارام سەری کەوتە سەر شانی.