زەردەواڵەکان لە ئێوارەی چوارشەممەدا

از کتاب:
قەڵای ڕاز
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 7 دقیقه  909 مشاهده

پەنجەرەی ژوورەکەی بەرەو هەیوان کراوەتەوە، چەن زەردەواڵە خۆیان ئەکەن بە ژوورەکەیا بە گیزەگیز ئارامی و بێدەنگیی خەیاڵی ئەشکێنن.

- دایە...دایکم کوانێ؟

- لە مەتبەقە، بۆچیتە؟

- گۆیی لە دەنگمان ئەبێت؟

- نازانم... بۆ ڕۆڵە گیان؟

- دایە تۆ گوێت بێنە...ئەڵێم...ڕاستە دایکم شووی کردووە؟

کسپەیەک بە دڵیا هات و دڵۆپێ فرمێسکی گەورە ئەخوشێتە سەرگۆنای و بە لای لووتیا ئەچۆڕێتە سەر لێوی.

- ئەمە بەلای خۆتەوە چپەت کرد؟ خۆ گوێت کەڕ کردم.

- ڕاستە؟

- بەڵێ، تۆ ئیتر لای دایەی خۆت ئەبی.

- زۆر گوناح ئەبم.

- بۆچی ڕۆڵە. وا مەڵێ دایکت گوناحە با شوو بکات.من زۆر پیرم، نەوەک بمرم. بێت و بمرم لانشینی لای برا و براژن ئەبێت.

- ئەی کە تۆ مردی من چی؟ منیش لانشین ئەبم...دایە لانشین یانی چی؟...کێ بەرگم ئەشوات؟ کێ خواردنم پێ ئەدات؟

- خوا گەورەیە...جارێ نامرم هەتا تۆ ئەبی بە پیاوێکی گەورە، با مانای لانشینیش هەر نەزانی.

- دایە خوا گەورەیە؟...چەندە گەورەیە؟

- زۆر...ڕۆڵە گیان ...زۆر.

- لە ماڵیش گەورەترە؟

- بەڵێ

- چی لە ماڵ گەورەترە؟

- نیشتمان.

- چی لە نیشتمان گەورەترە؟

- دنیا.

- دایە چی لە هەموو شتێک گەورەترە؟

- خوا، ڕۆڵە گیان...خوا لە هەموو شتێک گەورەترە.

- من دایکم بەقەد خوا خۆش ئەوێ.

دڵی گوشرا و فرمێسکەکانی خۆڕتر بوون.

- باشە ڕۆڵە کفر مەکە...ئەگینا خوا گیانێ کوێرت ئەکا !..

- دایە ... باوەیش دایکی خۆی خۆش ئەویست، بۆیە کوێر بوو؟

- نا ڕۆڵە گیان، باوە چاوئێشەی بوو.

- دایە... ئەگەر دایکم شوو بکا، منیش لەگەڵیا شوو ئەکەم.

- تۆ پیاوی...پیاو شوو ناکا....تۆ لەلای دایەی خۆت ئەبی.

- کە پیاوم ناهێڵم دایکم شوو بکات.

- باشە ڕۆڵە دوایی ئەچین سەردانی ئەکەین.

- لە ماڵێکی تر ئەبێ؟...ژنی پیاوێکی تر ئەبێ؟...نا من ناهێڵم شوو بکات. شوو بکا بە خۆم. ئەو هی منە.

- مەگری ڕۆڵە. مەگری کوڕم. دوایی سەردانی ئەکەین. ئێستا بڕۆ تۆپێن بکە با نەبیسێ بەشی خۆی وەرهەمی هەیە......

دەنگێکی بەرز، زەردەواڵەکانی بۆ ماوەیەکی کورت بێدەنگ کرد. دەنگی میمکە سیما زۆر بەرز بوو، هەناسەیەکی هەڵکێشا، بیری قسەکانی ئەوسای کەوتەوە. چەن لەگەڵ ئەمڕۆ جیاوازن.

- بۆ شوو ناکەی....جوان و جحێڵی، تا گۆشتت قیمەت ئەکا.

- سێ شووم کرد نەحەسامەوە...هەر لێیان ئەدام...دەریان ئەکردم...ژنیان بەسەر ئەهێنام...بەخوا دڵی «ئەمین»م نایە....

-ئەمین؟ کوڕ هی دایکە...گەورە ئەبێ خۆی دێ بۆلات...تۆ چیت بۆ دایکت کردووە، ئەویش ئەیکا. بەیانی پێت ئەڵێ دانەنیشتایەتی شووت بکردایە...کەس نەتی ئەویست. ڕەنج بەخەسار ئەبی....

-ئەو منداڵە تاوانی نییە.

-ئەی تاوانی تۆ چییە...لای دایکت ئەبێ. ڕۆڵە بە قسەم بکە خۆ کافرسانەتی نییە ئەوانیش بەشەرن سیلەی ڕەحم ناگرن.

بە لاقرتێوە بەردەوام بوو:

-هەر ئەوەندەیە دوو جار باوەشت پیا بکا... ئەمینی چی و حەمینی چی...

نقورچکێکی لێ گرت.

بێزی لەو قسانە هەستاوە... پیرێژنە چاودڕاوە....

-وا مەڵێ میمکە گیان هەتا مردن من ئەمین لەیاد ناکەم.

دەنگی میمکە سیما ئەهات بە بێزارییەکی زۆر زیاتر لەو ڕۆژە گوێی لە قسەکانی بوو.

-دایکم خۆتان کردتان بە خۆتان...باش بوایە لە سێ ماڵ ئەحەسایەوە.

بە دڵیا هات: - زۆر مناڵ بووم...بێتاوان بووم...ژنیان بەسەر ئەهێنام...

میمکە سیما جارێکی تر دەنگی هەڵێنا.

-خۆ تۆ سەرت لە هەمباری ئاردانا سپی نەکردبوو. کوڕ ئەڵێی شازادەیە، بوخچەی نەکراوەیە....بێوەژنت بۆ بۆ هێنا؟....هەر مەکرن....مەکر. ئەوەتانێ لەو ڕۆژەوە هێناوتانە تا ئێستا چوار جار کوڕەکەی هاتووە بۆلای.

بەخوا ئەویشتان پێ بەخێو ئەکات....مەهێڵە بیبینێ...ڕێگای مەدەن...ژن مەلای شەوە...لووتی پیامەهێنن.

دڵی توند گوشرا. زەردەواڵەکان کەوتنە گیزەگیز.

(- من دایکم بەقەد خوا خۆش ئەوێ...ناهێڵم شوو بکا...منیش لەگەڵیا شوو ئەکەم.

- باشە ڕۆڵە ئەچین سەردانی ئەکەین.

لە ماڵی کەسێکی کە...ژنی پیاوێکی تر؟...)

دەنگی خەسووی ئەهات گوێقوڵاخ بوو.

- چۆن ئەتوانێ، بەخوا تەنیا ڕۆژێ ناهێڵم بە ژنی بێ. جا چۆن کوڕی بۆ بەخێو ئەکەم...بە تەڵاقدانی ئەدەم.

- کوڕی ئەویست، شووی نەکردایە...ئەوە من وتم.

قسەکانی میمکە سیمای بۆ سەر یەک نەئەخرا.

(- بۆ شوو ناکەی...خۆ کافرسانەتی نییە...تا جوان و جەحێڵی...بێوەژن بە مەکرن...باش بوایە لە سێ ماڵ ئەحەسایەوە....تاوانی تۆ چییە....)

بە بێزارییەوە لێوی خۆی کرۆشت.(هەر ئەوەندەیە باوەشت پیا بکا...ئەمینی چی و حەمینی چی؟)هەموو گیانی بوو بە پەپوولەیەکی ڕۆح سووک و بەرەو بۆنی گوڵە جێ ماوەکەی باڵی گرتەوە....هەستا چووە بەرهەیوان.

هۆن هۆن فرمێسک بە چاوەکانیا ئەهاتە خوارەوە. چاوی لە جادەکەی خوار دێوە بڕیبوو.

تارماییەک دەرکەوت. نزیکتر بووەوە...دڵی خورپەی کرد. کۆمەڵێ زەردەواڵەی ورووژاو دەوریان دا.

(- ئەمین گیان

- بەینێ تر کوڕەکەشتان پێ بەخێو ئەکات.

- چۆن ئەتوانێ بەخوا تەنیا ڕۆژێ ناهێڵم بە ژنی بێ...

- باش بوایە سێ شووی نەئەکرد.

- بە تەڵاقدانی ئەدەم.

- دایکم بەقەد خوا خۆش ئەوێ.

- باشە ڕۆڵە سەردانی ئەکەین.

- با شوو بکا بە خۆم.

- بەینێ تر کوڕەکەشتان پێ بەخێو ئەکات...

- با توند باوەشت پیا بکا...ئەمینی چی و حەمینی چی؟...خۆ کافرسانەتی نییە....سیلەی ڕەحم ناگرن....ڕێگەی مەدەن....لووتی پیا مەهێنن....باش بوایە لە سێ ماڵ ئەحەسایەوە....

- بەخوا ناهێڵم تەنیا ڕۆژێ...بە تەڵاقدانی ئەدەم...بەخوا ناهێڵم...

- دایکم بەقەد خوا خۆش ئەوێ...زۆر گوناح ئەبم...

- باش بوایە لە سێ ماڵ ئەحەسایەوە...کوڕەکەشتان پێ...

- دایکە...دایکە گیان...)

زەردەواڵەکان هەر ئەیانگیزان و...

(- دایکم بەقەد خوا خۆش ئەوێ...)

- دایە...گیان

- بڕۆ...بڕۆ...ئەمین بڕۆ...

(- باش بوایە سێ شووی نەئەکرد...گیزگیز.

- بەخوا بە تەڵاقدانی ئەدەم و...

- کوڕەکەشتان پێ بەخێو ئەکات گیز...لووتی پیا مەهێنن...ڕێگای مەدەن.

- بەخوا بە تەڵاقدانی ئەدەم...گیزگیزگیز...)

- ئەمین...ئەمین...تەڵاق و...ئەمین...

(- دایکم بەقەد خوا خۆش ئەوێ).

- بڕۆ...بڕۆ...تەڵاق...بڕۆ...

- دایکە...دایکە گیان.

ئەمین بەدەم گریانەوە هەر ئەهات و هەستی بە ئازارێکی گەورەتر لە ئازاری بەردەکان ئەکرد. لەسەر دووڕێیانی شەقامەکە تاوێ ڕاوەستا...سەیرێکی دایکی کرد و بەدەم زریکەی گریانەوە بەلای قەبرستانەکەدا ڕای کرد، هەتا لە چاو ون بوو.

زەردەواڵەکان ، خۆیان کرد بە کونی گوێچکە و ناو قژ و لووت و چاویا...

ئێستاش لە ژوورێکی بچووکدا دانیشتووە. دەستەکانیان بەستۆتەوە هەر سەر ڕائەوەشێنێ و چاوەکانی دەرپەڕیون...سەیری سەر قەبران ئەکات...دەنگی میمکە سیما دێت.

- حەی لاڵانم لەنگ کەن بۆ ئەو بووکە جوانەتان...ڕەنگە دەستیان لێ وەشاندبێ.

- نازانم...هەر دەستی بکەینەوە چی بەر دەستی کەوێ حەوای ئەدا و هەر ئەڵێ...بڕۆ بڕۆ.

جارجارەش ئەڵێی زەردەواڵە داویەتە دەموچاوی، بە چوار دەوری خۆیا هەر پەل ئەکوتێ و دووریان ئەخاتەوە...ئێوارەی چوارشەممە بوو...پێم وت مەچۆ بۆ حەمام...خۆ هی ئێسە بە قسەی کەس ناکەن.