منداڵی دوێنێم تۆ پیرت کردم

از کتاب:
قەڵای ڕاز
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 6 دقیقه  1194 مشاهده
«شەو درەنگە
ئاسمان ژنێکی ئاوسی پێ لە مانگە
شار خامۆشە
شەقامەکان بەبێ چرکە
لەسەر سنگی ڕاکشاون.
دارتەلەکان
پۆلیسێکی شەوبێداری ڕاوەستاون».
دەنکە زیخێ فڕێ درا
پەنجەرەیەک کرایەوە
سووکێ دەستێ هاتە دەر و
دەستێکی تر خۆی هەڵبڕی.
خرینگەی بازنە
بزەیەک و
هەناسەیەک
ترپەی چەن پێ
قۆخەیەک و
سووچی چەن پەردەی لادراو.
- خواحافیز.
- خوات لەگەڵ بێ.
-خۆشم ئەوێی!!
- چاوەڕێتم.
دوای چرکەیەک
پەنجەرەیەکی داخراو
برووسکەیەکی نووشتاوەی
چەسپ لێدراو
لەناو مشتێکی قووچاودا
پارێزراو
سەر و قژێکی شێواوی ئاڵۆزراو
لاڕوومەتی سوورەوەبوو
سەرێ شکاو
ئاخ و ئۆخەی تێکەڵ کراو
دەسڕەیەکی بۆن مێخەکی گرێ دراو.
تاوێ لەسەر دەم و دڵ و تاوێ سەرچاو.
 
شەو درەنگە
ئاسمان ژنێکی ئاوسی پێ لە مانگە.
شار خامۆشە
ژوورەکەیان
پەردەیەکی دڵخوازانەی پڕ لە شادی و مێهر و ئاوات
زاوا توولە نەمامێکی قیت و قۆز و
بووکەکەمان
شۆخە کچێکی قەشەنگە.
 
شەو درەنگە
مامانێک و چەن سەرەژن
چایی و شیر و خوایە ئامان.
ژنێکی جوان لەسەر کاسە ژان بژاردوو
چاو دەرپەڕیو
عارەق و فرمێسک تێکەڵ بوو
لە تاکەوشی مێردەکەیا ئاو ئەخوات و
مامان شەکەت خەو لێ کەوتوو.
 
شەو درەنگە
بێشکەیەک و زەڕنەقووتەی خەو لێ زڕاو
ژنێ ماندوو بەسەر بێشکەوە دانووشتاو
لایە لایلایە، ڕۆڵەکەی دایە...
پرخەی باوکێ
لەتاو ئازاری ڕۆژانە
شەکەت کراو.
 
شەو درەنگە
قووتابییەک، مۆمێکی چاو بە فرمێسک و
سۆپایەکی پڕ بڵێسە
بەسەر کتێب و دەفتەرا
نووشتانەوە
وەنەوزێک و دوان و سیان
چاو پرواندن، چایی خواردن
کتێبێک و دوان و سیان.
 
بوومەلێڵی بەیانییە....
ئاسمان ژنێکی ئاوسی پێ لە مانگە
ڕەنگ بڕووسقاو
شار پڕ لە دەنگی قورئان و کاتی بانگە
کاتی بانگە.
دارتەلەکە
پۆلیسێکی شەونەخەوتووی
کاڵەوەبووی زۆر بێدەنگە.
چاوی زەردی
بڕیوەتە دەسڕەیەکی بۆن مێخەکی گرێ دراو
بە سۆزەوە
لەسەر سنگ و چاو دانراو
پەنجەرەکە کوڵمی ناوە بە ڕوومەتی کچێکەوە
مشتی قووچاو
چاو هەڵماسیو
برووسکەیەک
بە فرمێسکی شادی و ئازار
لەناو لەپیا لۆچ و خووساو.
 
بوومەلێڵی بەیانییە
بووکەکەمان خۆش خەوتووە
زاوا ئەنگوستیلەیەکی
لەپشت سەری بووک
داناوە
 
بوومەلێڵی بەیانییە
ئەسپەنەرە ئەسووتێت و
بەسەر سەری ژنەکەدا
ئەیگەڕێنن.
مەلۆتکەیەک شەتەک دراو
لەلای دەستیەوە دانراو
نێو چاوانی بە هەورییەک
توند توند پێچراو
بۆنی شیر و قۆیماخ تێکڵاو
 
بوومەلێڵی بەیانییە
پیاوەکەمان
بوخچەی نانی نیوەڕۆکەی
لەلای دەستیەوە داناوە.
پووزەوانە هەڵئەکێشێ.
ژنە بێدەنگ پیاڵە و کەوچک ئەشۆرێت و
هەر هەناسە هەڵئەکێشێ.
هەرچی ئەکا دڵی نایەت داوای لێ کا و
لەم کراسەش چاو ئەپۆشێ
 
بوومەلێڵی بەیانییە
مۆم سووتاوە و
سەری خامۆش
لە جەستەی تواوە ناوە.
قووتابییەک بە شەکەتی ڕاکشاوە
خەو ئەبینێ درەنگ چووە و
لە ئەزموونەکەی جێماوە.
 
نیمەڕۆیە
ئاسمان ژنێکی ئاوسی
تەنگەتاوە.
ژان ئەیگرێ و منداڵەکەی
تەواو قورسایی داداوە.
شار پڕ لە غەڵبەی ژیانە
کوڕەکەمان دەسڕەیەکی
بۆن مێخەکی جوان قەدکراو
-چی نەماوە، هەر ئەمشەو تا سبەینێ.
کچەکەمان
بۆ چەن جارە
ئەچێتەوە بۆ ژێرخان و
بە دزەدز
برووسکەکە لە گۆشەی لەچکە دەردێنێ
ماڵەوە بڕیاریان داوە
دێینە داوات دووسبەینێ
 
نیمەڕۆیە...
بووک و زاوا
دار و عەشقەن
نیگا و پەنجەرە لە یەکتردا
هەڵپێکاوە.
خەونی ڕەنگاوڕەنگ ئەبینن
شادی و هیوا تێکەڵاوە.
 
نیمەڕۆیە...
بەزم بەزمی کوڕانەیە و
نوقڵ و پووڵە و بە سەر زەیسانا ڕژاوە.
پێکەنین و گاڵتە و جەفەنگ
هەرکەس ناوێکی لێ ناوە
ڕزگار....ڕێبوار.... شێرکۆ.... کاوە.
پێکەنین و گاڵتە و جەفەنگ
هەرکەس ناوێکی لێ ناوە
ڕزگار... ڕێبوار...شێرکۆ... کاوە.
 
نیمەڕۆیە...
پیاوەکەمان
سووکێ لە کار دەس ئەکێشێ
عارەقەکەی نێو چاوانی ئەسڕێت و
نان و پەنیر دەرئەهێنێ
لەدواییشا جگەرەیەک دائەگیرسێنێ.
بە خۆی ئەڵێ:
باش کار ئەکەم بەڵکوو نەورۆز
کراسێکی تازەی بۆ بکەم.
ژنەکەمان
منداڵەکەی ئەلاوێنێ
منداڵ گەرمی گڕوگاڵە و
ئەتریقێنێ
 
نیمەڕۆیە...
قووتابییەک
بەرەو ماڵ ئەگەڕێتەوە بە فیکەفیک
سروودێکی زۆر ئاشنا
ئەڵێتەوە،
هەر هەموو پرسیارەکانی
بێهەڵە جواب داوەتەوە
خۆی ئەبینێ مامۆستایە و
لەسەر کلاس دەرسی تازە ئەڵێتەوە.
پزیشکێکە و سەرێشەکەی دایکی دەرمان ئەکاتەوە.
 
ئێوارەیە...
ئاسمان ژنێکی زەیسانی
پڕ لە خەم و پەژارەیە.
ڕەنگی زەرد و چاوی تەماوی
ڕۆڵە کووژراو مەمکەی لە شیرا ترنجاو.
شار خامۆشە
شار ژنێکی کۆس لێ کەوتووی سیاپۆشە
شەقامەکان
لە هەناسەی بۆگەنیوی
ئێوارەدا کپ خنکاون.
دارتەلەکان
پۆلیسێکی لارەملی بێدەسەڵات
چرای چاویان دانەگیرساو
بڕوانێتە کۆستی وڵات.
کوڕە دەسڕەی بۆن مێخەکی
لە دەس بەربوو
چەن تەقەلا و ئیتر بێدەنگ
بێدەنگ خەوتوو
کچەکەمان برووسکەکەی
قایم گرتوو.
بە ئاواتی بەیانەوە
ئارام خەوتوو.
بابە و کاکە و دایە و دادە
هەریەک لە شوێنێ پاڵ کەوتوو
چاو دەرپۆقیو بێ هەناسە
 
ئێوارەیە...
بووک و زاوا دوو پەیکەرەی لەیەک ئاڵاو
ڕەش داگەڕاو.
 
ژنە ئەبڵەق
چاو لە پەنجێرەکە پڕبوو
میوانەکان هەر کامەیان لە شوێنێکا
بێدەنگ خەوتوون
کۆرپە چاوی نەپشکووتووی
ئارام...ئارام...هەتا هەتا
خەو لێ کەوتوو.
 
دایکە خنکاو
باوکە منداڵ ئەڕفێنێ تا بەرهەیوان
خۆی ئەکێشێ بەسەر لەشیا و ئیتر
تەواو
قوتابییەک بەسەر کتێبەوە نووستوو
بزەی شادیی سەرکەوتنی هەر پاراستوو.
 
سەری شەوە...
شار پڕ لە دەنگی هاواری واوەیلایە
براڕۆیە ڕۆڵەڕۆیە
چەپۆکە و بە سەرا ئەدرێ
دەستی حەسرەتی باوکانە و ئەژنۆ ئەگرێ
برا برای خۆی ناناسێ
هەر چەپکە گوڵی ژاکاوە
ئەم دەس و ئەو دەسی پێ ئەکرێ.
دارتەلەکە
پۆلیسێکی کوێری بەپاوە وەستاوە.
شەقامەکان
گۆڕستانێکی گەورەن و
دەرکەکانیان ئاوەڵایە
دەمێکی پڕ لە هاوارن
چاوێکی پڕ خاک و خۆڵی بە پرسیارن
ئاسمان ژنێکی زەیسانی
خەفەتبارە.