سەمای ئاگر و گەردەلوول لە شەوی ڕاز و خولیادا

از کتاب:
قەڵای ڕاز
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 1 دقیقه  973 مشاهده
نامۆ بووین و
نامۆییمان لەگەڵ خۆمان
ماڵ بە ماڵ ئەگوێزایەوە
تەنیا بووین و تەنیاییمان
لەگەڵ خۆمان
سات لەگەڵ سات باڵای ئەکرد.
بەڵام یەک بووین
وەک دوو چاوی کاسەسەرێک
دوو پەنجەی دەست
یەک بووین وەکوو
دوو بەشی یەک دڵی ساکار
ساتە پڕ لە خورپەکانمان
بەیەکەوە ڕائەبوارد و
بەیەکەوە بازمان بەسەر ئاگردا دا
لەبەرتیشکی ئەستێرەکان
ڕێگای خۆرمان ئەدۆزییەوە
لەبیرت دێ؟
کاکە ئەیووب لەبیرت دێ
لەو شەوی ڕاز و خولیادا
چۆن ڕۆحمان کرد بە پەپوولەی شەمی
ئەو کۆڕە شیرینە
لەدواییشا بەیەکەوە باڵمان چزا
بە سکڵی تووڕەییی شەوا
لەبیرت دێ
لەو کاتەشا هەر یەک بووین و
نەبووین بە دوو.
وەکوو دوو باڵی پەپوولە
وەکوو....