عیشقی پیرۆز

از کتاب:
گەشەی ئەوین
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 1 دقیقه  784 مشاهده
لە چی ترسای؟
لە چی تۆرای؟
بۆچی ڕووی خۆتت وەرگێڕا؟
وات ئەزانی دارستانی بەژنی جوانت ئەسووتێنم؟
کۆشکی بەرزی خۆشەویستت ئەڕووخێنم؟
ڕاستە گیانە، پشکۆ و بڵێسەی ئاگرم
هەرەسی بەفری تاسەم و
چاوەڕوانی هاوار و گرم و هۆڕ ئەکەم.
ڕاستە گیانە، هاوارێکی زۆر بەرزم و
ملە و زریان و لافاویش چاک ئەناسم!
بەڵام، بەڵام
خۆ تۆی ئازیز، ئێجگار لەوە باڵاتری
دەستی زریانت پێ بگات...
هەرەس بتکا بە ژێرەوە...
خۆر بتوانێ بتسووتێنێ...
شەپۆڵ یاریت لەگەڵ بکات.
تۆ سروودێکی تازەیت و
لەسەر لێوی ئەم وڵاتە
ڕۆژی بە هەزاران کەڕەت ئەتخوێننەوە
تۆ ئەو عەشقە پیرۆزەی وا
شەو تا بەیان
بەیان تا شەو
لە باوەشی گوڵجاڕێکا، پرچی جوانی دائەهێنی و
خۆشەویستی، لەناو کوورەی دڵی پاکتا ئەتوێتەوە.
لە چی ترسای
هەرچی دەماری ناو دڵمە، هەڵیکێشن
ناتوانن... نا...
خۆشەویستیت
لە بیر و مێشکم دەرکێشن!