پووڵدان

پووڵدان
از کتاب:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
اثر:
معروف آغایی (1966-1998)
 6 دقیقه  721 مشاهده

ڕێبوارەکان بەلەز بەلامدا تێدەپەڕین. هێندێکیان بارستی کۆڵەباری خەم و پەژارە پشتی چەماندبوونەوە و زامی ئاواتە خنکاوەکانیان جەرگی بریندار کردبوون. بە نێو چاوانی پڕ گنجەوە کە وێنەیەک بوو لە ژیانی سەخڵەتیان، بە بەرچاومدا ڕادەبردن. نۆرەی دەستەیەکی دیکە دەهات. ئەوانەی کە تامی خەمیان نەچێشتووە و ئێش و زامیان نەدیوە. لەولای شەقامەکە پیرەپیاوێکی ماندووی داماو، دەستی لە ئەژنو وەرێنابوو و لە نیزیک کتێبە تۆزاوی و پەڕپووتەکانی دانیشتبوو و بیری دەکردەوە و بەو تاسەیەوە کە بۆ کوتاڵ فرۆشێکی بە تێرو نەبووە، جەرگی جەرگی دەخواردەوە.

پێم لە ڕۆیین و چاوم لە ڕوانین نەدەوەستان. هەکە وا دەڕۆیشتم وە بیرم هاتەوە دەبێ بچم ماشێن بە کرێ بگرم و برا چکۆڵە نەخۆشەکەم بەرمە لای دوکتۆر لە شاری ورمێ. بۆ وەرگرتنەوەی پووڵ بەرەو بانگ وەڕێ کەوتم. سەردەمی گۆڕینی کۆپین بوو، خەڵک بە نۆبە دەچوون بۆ ژوور. چوومە ناو سەفەکە، منداڵێك هەشت ساڵانە لە پێش من ڕاوەستابوو، پووڵدانێکی سوور و جوانی بە دەستەوە بوو، هەڵی دەخولاند، تێی ڕادەما، لێی ورد دەبۆوە. دەتکوت چاوەڕوانە پووڵدانەکە قسە بکا. هەرکە شەقەی پووڵەکانی گوێ لێ دەبوو، بزەیەکی دەهاتە سەر لێو. ئەو جار لە کەلێنی پووڵدانەکەوە دەیڕوانییە پووڵەکانی. ئەو پووڵانەی کە تمەن تمەن کۆی کردبوونەوە.

تافی منداڵیم دەهاتەوە بیر و ئێرەییم بەو منداڵە دەبرد. چون پێم وابوو دەتوانێ بەو پووڵدانە پڕ لە پووڵە بە ئاواتی منداڵانەی خۆی بگا. جار جار هەناسەیەکی ساردی هەڵدەکێشا و خونچەی پشکووتووی لێوی دەژاکا. دەمێک بە بزە و دەمێک بە کەسەر و کزەی دڵ سەرنجی دەدا، هەستم بەوە کرد کە ئەوەندە پووڵە ناتوانێ ئاواتەکەی بەدی بێنێ و بیر کردنەوە لە ئەو مەسەلەیە دڵی ساوا و ناسکی دەشکێنێ. لەلای دانیشتم و کوتم:

― کوڕی چاک ناوت چییە؟

کوتی:

― ئارام

کوتم:

―ئەی بۆ دایکت یا باوکت لەگەڵت نەهاتوون؟

کوتی:

―باوکم کارگەرە و دایکم... دایکیشم مردووە.

وشەی «دایکیشم مردووە» وەکوو ئاگرێک، پۆلووی دامرکاو و لەگڕکەوتووی دڵی پڕ کوڵی گەشاندەوە و فرمێسکی پێ هەڵوەراند. لە پرسیارەکەم پەژیوان بوومەوە و بۆ لاواندنەوەی دڵی زامداری، دەستم کرد بە قسە:

―قەیدی نییە ئارام گیان، هەزاران کەس وەکوو تۆ دایکیان نەماوە، بەڵام پیاوانە ڕاوەستاون و گەرچی خەمی دایکیانە، بەڵام فرمێسکی بۆ ناڕێژن. تۆ چەند ساڵی دیکە دەبی بە پیاو. دەزانی پیاو بە کێ دەڵێن؟ بەو کەسە بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و جگە لەخودا پاڵ وەکەس نەدا. ئەگەر ئەوڕۆ ئەتۆ لەگەڵ دایکت هاتبایە ئێرە، منداڵ بووی کە چی ئێستا تەنیا هاتووی. ئەتۆ ئەوڕۆ پیاوێکی، چونکە کاری پیاوێک دەکەی بەڵام ئەگەر دەگەڵ دایکت هاتبای منداڵێک بووی. گەورەیی و پیاوەتی بە قەڵافەت نییە.

ئارام چاوە پڕ ئاوەکانی لە چاوم بڕی و بە هێمنی کوتی:

مامە، منداڵەکانی مەدرەسە هەموو دایکیان هەیە، بێجگە لە من، هەر ئەمن بێ دایکم. ئەوێ ڕۆژێ، ڕۆژی دایک بوو. هەموو مناڵەکان دیارییان بۆ دایکیان کڕیبوو و دەیانبردەوە ماڵ، کەچی ئەمن نەمدەزانی چ بکەم. ئاخری چەپکەگوڵێکم کڕی و چوومە سەر قەبری دایکم و کوتم:

―دایە گیان بریا زیندوو بای لێچکەیەکی جوانم بۆ دەکڕی. نەڵێی ئارام ئەتۆی لەبیر چۆتەوە، نا، دایە گیان ئەتۆ قەت لەبیر ناکەم. شەو نییە خەونت پێوە نەبینم. دایە گیان ئەوشۆ زۆر زوو دەنووم هەتاکوو زووتر تۆ ببینم. تووخوا لەبیرت نەچێ دایە گیان بێیە کنم.

ئەگەر ئارام لەوە زیاتر درێژەی بە قسەکانی دابا، خۆم پێ ڕانەدەگیرا، بۆیە قسەکانیم بڕی و کوتم:

―باشە دایکت بۆ مرد؟

کوتی: سێ مانگ لەوە پێش بوو دایکم دووگیان بوو ڕۆژێکی زۆر ناڕەحەت بوو، بابم چوو مامانی هێنا، بەڵام دایک تاولەتاوێ خەراتر دەبوو، مامانەکەش دەیکوت: هیچ نییە. ئاخرەکەی زۆر ناڕەحەت بوو، بردمان بۆ دوکتور. دوکتور پاش چەند سەعات ڕاگرتن کوتی: لێرە چارەی نایە، چونکە دەبێ عەمەل بکرێ و لێرەش نەخۆشخانە نییە. دایکمیان دە ماشێنێ نا هەتا بیبەن بۆ شارێکی گەورە. منیش بە زۆر خۆم ڕەگەڵ خست، لەنێو ڕێگا دایکم منداڵەکەی بوو، بەڵام خۆی مرد. دەستی لەنێو دەستمدا بوو ئەگەر تەواو بوو. قەت ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێ، لەو ڕۆژەوە من بێ دایکم، ئەو پووڵدانەش یادگاری دایکمە و بە بۆنی وی لێدێ. ئەودەمی بۆی کڕیبووم قەرار بوو ئەگەر پڕ بوو دووچەرخەی پێ بکڕم. چونکە دەیزانی من دووچەرخەم زۆر خۆش دەوێ. لەو ڕۆژەوە، کە پووڵدانەم داناوە پووڵم خەرج نەکردووە و هەموو پووڵەکەم کۆ کردۆتەوە... ڕەفیقەکانم هەموو دەزانن من پووڵم بۆ دووچەرخە کۆ کردۆتەوە، دەڵێن خۆزگەم بە خۆت و پێیان خۆشە دەگەڵم ببن بە ئاواڵ. ئاخە، قەرار بوو من سبەینێ چەرخی بکڕم، ئەویش ئەوڕۆ گوێم لێ بوو دەوڵەت دەیەوێ نەخۆشخانە لە شار ساز بکا. منیش پوولدانەکەم هەڵگرت و هێنام نەخۆشخانەی پێ ساز بکەن. دەزانی بۆ مامە؟ دەزانی بۆ؟ بۆ ئەوەی کەسی دیکە دایکی نەمرێ. دایک مردن زۆر ناخۆشە مامە.

ئیتر هێزم نەمابوو. فرمێسک لە چاوانیدا پەنگی خواردبۆوە و هێدی هێدی دەڕژانە سەر کوڵمە گەش و جوانەکانی. بە دەنگی لەرزۆکی ئارام وەخۆ هاتمەوە کە دەیکوت:

―ئەرێ مامە ڕاستە دەڵێن ئەمن هەتیوم؟

گوتم:

―نا نا، ڕۆڵە؛ تۆ هەتیو نی، هەتیو ئەو کەسەیە باوکی نەبێ. ئەگەر ئەو جارەی منداڵان وایان پێ کوتی ناڕەحەت مەبە. چونکە تۆ نابێ لەبیرت بچێ کە پیاوی. پیاو بە قسەی منداڵان پەرۆش و تووڕە نابێ. نابێ قەت بۆ دایکت فرمێسک بڕێژی.

کوتی:

―نا، مامە ئەمن بۆ دایکم ناگریم، چونکە بوومەتە پیاو. بۆیە دەگریم دەڵێم: بریا چەند ساڵ پێشتر نەخۆشخانەیان ساز کردبا...