ڕجایە ئەم دوو سێ شیعرەم بە دڵ زۆر باش تەماشا کە

از کتاب:
دیوانی عارف عورفی
اثر:
عارف عرفی (1896-1961)
 2 دقیقه  554 مشاهده
ڕجایە ئەم دوو سێ شیعرەم بە دڵ زۆر باش تەماشا کە
ئەگەر مەقبووڵی تەبعت بێ بە جان و دیدە سەودا کە
خەیاڵی ئاخری ڕۆژت نەبێ هەرگیز بەشەر نابێ
ئەڕۆی ئەمڕۆ بەسەر خاکا سبەی سەرپۆشەکەت خاکە
مەبە غافڵ لە وەختی مردنا بۆ پێشڕەوی جوابت
درەنگە تا وەخت ماوە خێرا تەڵقینت ئیملا کە
ئەمە دونیایی دوونە عاقیبەت بۆ ئێمە هەر چوونە
لە حاڵی مردنا فەرقی نییە شا بێ ئەگەر شاکە
برام بەزری خراپە هەر پەشیمانی بە بەر دێنێ
بکە چاکە هەتا ئەتوانی کاکە چاکە هەر چاکە
مەکە باوەڕ بە لوتفی پێنج و دوو ڕۆژەی زەمان ئامان
هەزارانی وەکوو تۆی کوشت ئەمە ئەخلاقی ئەفلاکە
هەتا سەر نەبوە بۆ کەس عەیشی دونیا بەسیە مەغرووری
کەمێ هۆش و شعوورت بێ تەماشای تاقی کیسرا کە
لە دونیا بێخەبەر نازانێ ئەم دونیایە چەند دوونە
هەزارانی وەکوو تۆی برد و هێنا هێندە بێباکە
قسەم دۆستانەیە گەر ئیعتیباری بکرێ یا نەکرێ
ئەگەر نەیگریتە گوێ دیارە ئەمە خاڵی لە ئیدراکە
گەرەکتە گەر بچیتە سەر فرازی ئاخر و دونیا
برادەر تاکوو ماوی ڕوو لە قاپی شاهی لەولا کە