سەبا هەستە درەنگە نامەیەک لەم پیری غەمبارە

از کتاب:
دیوانی عارف عورفی
اثر:
عارف عرفی (1896-1961)
 2 دقیقه  593 مشاهده
سەبا هەستە درەنگە نامەیەک لەم پیری غەمبارە
بڕۆ تەقدیم بکە بۆ خزمەتی ئەو شۆخی نازدارە
دەخیلت بم سەبا عەرزی بکە ئەوزاعی ئەم پیرە
لە جیاتی عومری چی ماوە زەلیل و زار و بێزارە
فیراق کارێکی کرد یارا شەو و ڕۆژی لە گریانا
بەلێشاو دێتە خوار فرمێسک لە چاوی عەینی ئاوبارە
نەکا بەدعەهدی و سستی بەسە لەم ئاخری عومرە
دەس هەڵناگرم هەتا ماوم ئەگەر بمدەن لە سێدارە
لە جێی لوتف و خۆشی شایەد دەستی کێشایە ناو جەرگم
بە فریامان کەون ئەمجا دەخیلە خەڵقە هاوارە
جەفای بۆ ئێمەیە مەیلی سەفای بۆ خاتری غەیرە
تەماشاکەن موسوڵمانان موسوڵمانێکی غەددارە
سووتام، برژام بە ئیمدادم بگەن یارانی کەم فرسەت
لەڕێی خوادا موسوڵمانینە ئەم دەردەم بکەن چارە
عەبەس عومرم بە زایع چوو لەڕێی لەیلێکی بێ ڕەحما
نەتیجەی هەروەکوو مەجنوون جێگام سەحرا و کۆسارە
لە شینی شۆخی شیرینا کە دەرچوو گیانی شیرینم
ڕەقیبی بە سیفەت وەک خەسرەوی پەروێز چ دەربارە
ڕجا، نامە، دەخاڵەت، هەر سێ تەئسیری نەکرد عورفیتخلص
عیلاجی ناکرێ ئەم زاڵمە لەم کارە ئینکارە
بنێژی لاشەکەم ئەمجا لە کێوی بێستوونی بێکەس
هەتا قیامەت حیکایەت لایقی تەسجیل و گۆڤارە