خوا ئەو زاڵمە بگرێ دوچاری مەرحەلەی کردم

از کتاب:
دیوانی عارف عورفی
اثر:
عارف عرفی (1896-1961)
 1 دقیقه  592 مشاهده
خوا ئەو زاڵمە بگرێ دوچاری مەرحەلەی کردم
لە جوملەی ساڵحانا بووم و بەناحەق چۆن تەرەی کردم
لەدیوانی جەزادا، با گوناهی من لە ئەستۆی بێ
کە چاوی مەستی بوو، مەستی سوراحی و جامی مەی کردم
دەمێ بوو گۆشەی خەڵوەت مەقامی جێنشینم بوو
لەجێی کونجی عیبادەت وا دووچاری ساز و نەی کردم
لە موددەی عومری خۆم هەرچەندە حەرفێکم نەزانیبوو
وەلی ئایەی سەری گۆنای بوو فێری ئەلف و بێی کردم
غەم و عەشق و فیراق و بێوەفاییی یاری ناهەموار
کە شێوەی ئەرغەوانی ڕووم، بە زەردی ڕەنگی بەی کردم
دەمێ بوو پاسەوانی میوەی باغی جەمالی بووم
شوکور پێکهات دڵم ئەمجارە هاتوو و نۆبەرەی کردم
جوانی چوو، بەسەر چوو عەشقبازی و لافی دڵداری
کە چی تازە تەمەننای وادەی ئیمڕۆ و سوبەی کردم
مەقامی عەیش، بارانی بەهاری سەبزی و خوڕڕەم بوو
کە چی بەختی منیش وا هات حەواڵەی فەسڵی دەی کردم
لە کونجی خەڵوەتا بێ غائیلە شاهانە ڕام ئەبوارد
خودایا ئەو کەسە بگرێ دووچاری ئای و وەی کردم