تا نەڕێژی ئەشکی حەسرەت دیدەیی گریانی غەم
از کتاب:
دیوانی عارف عورفی
اثر:
عارف عرفی (1896-1961)
1 دقیقه
577 مشاهده
تا نەڕێژی ئەشکی حەسرەت دیدەیی گریانی غەم
کەی لە حاڵی زاری من حاڵی ئەبن یارانی غەم
مەزرەعەی غەم دەردی بێئاوی ئەکێشێ بۆ خوا
دەست و بردێ دابڕێژە هەوری غەم بارانی غەم
ڕۆڵەی غەم شەو کە دێ جێم ناهێڵێ تاکوو سەحەر
دەک خوایا بۆم بهێڵی کۆرپەی نەوجوانی غەم
شاهی غەم غەمخوارمە، غەمخۆری عیجزی حاڵمە
چۆن نەبم مەمنوونی لوتفی حەزرەتی سوڵتانی غەم
هەر لە بوونی ئادەم و حەواوە تاکوو عەسری حاڵ
کەس بووە حاڵی لە گێژی بەحری بێپایانی غەم
کۆمەڵی ڕێی حەقپەرەستی جەمعی وای بۆ هاتووە
گیرەوەی زیندانی عەشق و من لەنێو زیندانی غەم
تاکوو ماوە ئەم دوو سێ ڕۆژە لە ئەییامی عومر
مەسڵەحەت وایە کە ڕابوێری لەگەڵ دەورانی غەم
گەردشی چەرخی فەلەک ڕۆژی ئەزەل وا هاتووە
ڕۆح و ماڵت سەرف بکەی بۆ مەجلیسی دیوانی غەم
وا ئەزانم وەختی چوونت چاترت دەس ناکەوێ
جێگەی خۆشتر لە قەبری گردەکەی سەیوانی غەم