تا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە

از کتاب:
دیوانی تاهیر بەگی جاف
اثر:
طاهر بیگ جاف (1878-1918)
 1 دقیقه  4249 مشاهده
تا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە؟
دەس بە ئەژنۆ، قوڕ بەسەر، دایم بە ئاهی سەردەوە
ڕۆژی ئەووەڵ بوو کە زانیم من ئەبێ دێوانە بم
ئاشقی تۆ، نەوعی مەجنوون، وا بە کێو و هەردەوە
مەرحەمەت کە زوو بڕۆ قاسید بڵێ دەردی دڵم
نازی پاپۆچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە
من کە پشتوانی باڵا و بۆسەچینی کوڵمەتم
چی دەکەم ئاخر لە سەیری باخ و بەی، بەم دەردەوە
هەر وەکوو قەوس و قەزەح با دەس لە گەردن دانیشین
تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بە ڕەنگی زەردەوە
یەک نەفەس چاکی نەهێنا کەعبەتەینی بەختەکەم
شەش دەرم گیراوە داماوم بە دەستی نەردەوە
ئیلتیماسی تاهیرتخلصی بێچارە قەد سوودی نییە
تۆ کە دایم شەڕفرۆشی بەو دڵەی وەک بەردەوە