یادی ئاوابوونێک
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکهی فلاح (1928-1990)
4 دقیقه
779 مشاهده
ئەی چاوی یاد سەرنجێکی ئەوتۆم ئەوێ
لە پاییزا بەهارێکی تیا دەرکەوێ
بۆ گوڵزارێ بەدەروونی من مەبەستە
بەهەشتێکی دڵگیری وێژە و هەڵبەستە
باخچەیەکە لەجێی گوڵەباخ و شەوبۆ
چەپکە گوڵی جوانی و هونەری گرتەخۆ
نەورۆزێکە لە مەڵبەندی وێژەی کوردا
لە کوێستانی لاساییدا سەری هەڵدا
بۆنی خۆشی نوێ کەرەوەی هەمە چەشنە
شەماڵی هەڵبەستی تازەی خستە شنە
خووڕەی پڕ لە ئاوازی نوێی سەرچاوەکەی
گەشە و ورشەی دا بە باخچە ڕازاوەکەی
چاوی گێڕا بە «بەهەشت و یادگارا»!
بەڕۆژانی خۆشەویستی و بە شەوگارا
بە شەوانی گەشی وەک ڕۆژی ڕووناکا
بە ڕۆژانی ڕەشی وەک شەوی خەمناکا
مل کەچ نەبوو بوو پەرژینی چاو لێ کەری
تا بتەنێ، وەک تان و پۆ، دەور و بەری
بەهەشتێ بوو، پۆل بە پۆل، فریشتەی جوانی
لەژێر سێبەری ئیلهاما بۆی ئەڕوانی
لەبەر ئاوێنەی شەونمی قەتیس ماوا
ئەدوا لەگەڵ پەریی بە جوان ڕازاوا
ئەو جوانییەی لەسەر لقی ئەم سرووشتە
تاکە گوڵێکی دەرکەوتووی ژوورووی گشتە
ژێر سێبەری زۆر درەختی ئەو بەهەشتە
هەواری سەیران و گەشتە بۆ فریشتە
***
ئەی چاوی یاد بە سەرنجی سۆز و تاسە
وەک ناخی من، فرمێسک و هونەر بناسە
ئەو فرمێسکەی پاییز ئەیگۆڕێ بە باران
بە ڕەهێڵەی گریەی ئاسمانی بەهاران
هۆن هۆن دڵۆپی فرمێسکی وەفاداری
لەچاوی ئەو هەڵبەستانەدا ئەبارێ
بە هەناسەی ئاگرینی گڕی شیوەن
زیاتر بڵێسەی ئەبەخشی بە بەهرە و فەن
گڕە و دووکەڵی هەناسەی جگەرسووتاو
فرمێسکی بێ بڕانەوەی ئەدا بە چاو
بە گریانی وشک ئارەقی ڕەش و شین
باخچەی هونەر پەروەردە بوو جوان و شیرین
لەسەر دەستی فریشتەی شیعری بەسۆزا
لە بەهاری بەهرە و هونەری پیرۆزا
لەگەڵ بلبل لەگەڵ دەروێشی شمشاڵ ژەن
پەریی هەڵبەست کەوتە سکاڵای پڕ لەفەن
***
ئەی چاوی یاد بە سەرنجی بیرەوەری
ئەمەوێ پەی بە سرووشت و دەروون بەری
ئەو سروشتەی لە ئاوێنەی کوردستانا
چاو ئەبڵەقە لە ڕاست دیمەنی جوان جوانا
لە وڵاتی پەلکە زێڕینەی ئاسمانا
لە گەشتنامەی قەرەداخ و هەورامانا
بە وێنەی جوان و شیرینیی خەیاڵاوی
نیگاری ئەوتۆی ئەکێشا، تەلیسماوی
پەڕی هونەر، وەک وێنەکێشی بەهرەدار
سروشتیی هەڵبەستیی جوانتر بوو لە بەهار
چوار وەرزە باخچەی دەروونی پڕ بوو لە گوڵ
پاراوی کارێزی هەستی بە قوڵەقوڵ
تا ئەو دەمەی تیشکی چاوی کوژایەوە
خونچە و چرۆی هەڵبەستی ئەگەشایەوە
هەڵبەستی گەش بە تریفەی ئەو دەروونە
خوڕ بوو: بە ئاوازی ئەو سەرچاوە ڕوونە
دڕک با خۆی بە داری داخا هەڵواسێ
پەڕی ئەو هەڵبەستانە پاییز ناناسێ
ئەی چاوی یاد! گەرمیی سەرنجێکم ئەوێ
وەک «لاوک و پەیام» بڵێسەی سەرکەوێ
بۆ ئاگرێ: مەشخەڵ خۆشی بای بڕوایە
بۆ خەباتێ: ڕزگاری کوردی لە دوایە
بۆ ئامانجێ: تابڵێی شیرین و بەرزە
ڕێی خەباتێ: کە وا پەرستنی فەرزە
بۆ لاوکێ: ئەرخەوانیە وەک ئاسۆ
بۆ پەیامێ: بۆتە خوێنی جەرگی پشکۆ
ورە و زاتێ: سەرچاوەی سەرسەختی کێوە
لە مەرگیشا بزەی نەبەزینی لێوە
بۆ هەنگاوێ: بە ڕێگەی شەوگاری دوورا
ڕۆیی بۆ ڕووناکی بە ئاگری سوورا
بۆ ئارەقێ ڕژا بەسەر دڕک و داڵا
بەسەر زامی ژیانی ناسۆر و تاڵا
بۆ هەڵبەستێ، هەوێنی گەرمەی شۆڕش بوو
برووسکە و گرمەی ناڵینی پێش هێرش بوو
بۆ بلبلێ: ون بووی دوا کۆچە نۆ ساڵە
بەستەی شیعری لە گوێچکەی چەرخا زوڵاڵە
هونەرمەدێ: تا هەڵبەست و نووسین مابێ
ئەستێرەی بەرزی لە تەما نقوم نابێ
بۆ گۆراناعلامێ کە تا ئەم دنیایە مابێ
خۆری گەرمی بلیمەتیی ئاوا نابێ