دڵێکی کۆست کەوتوو
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکهی فلاح (1928-1990)
3 دقیقه
796 مشاهده
لە ڕۆژێکی بەهارانی خۆشەویستی ئەم بەهەشتە
کە وەک نەورۆز، گوڵێکی سەر لقی ناو باخچەی سروشتە
چ گیاندار و چ بێ گیانی کوردەواری، هەرچی هەیە
کەیلی قاقای پێکەنین و بزەی لێوی ئەو ڕۆژەیە
چرۆی ساوا، خونچەی ناسک وا لە گەرمەی گڕ و گاڵا
بە دەم، بە چاو، بە گیان، بە دڵ، بە ڕوی شنەی بای شەماڵا
ئا ئەو کاتەی کە من ئەڵێم، تەنانەت پەلکەزێڕینە
چەماوەیە و کڕنوش ئەبا بۆ ئەو بەهارە ڕەنگینە
خوڕەی ئاوی ناو جوگەلەی باریکی دەم ڕوبارەکان
ئاوازێکی تەزوو بەخشە، وەک جریوەی باڵدارەکان
هەرمێگەلی بزن و مەڕ و کارژۆلە و بەرخی قەدپاڵە
لەدەشت و کێوی لەوەڕا بۆ خۆی سەرگەرمی قەپاڵە
عەجەب جۆش و خرۆشێکی لێ ئەڕژێ شمشاڵی شوان
تەلیسمێکی بێ زمانی سروشتییە و ڕوون و ڕەوان
لەشەرمی ئەوڕۆژە خۆشە، بایەقووش و کوندە پەپوو
لێرە و لەوێ کەوتبوونە شوێن لاسایی بلبل هەموو
لەو لاشەوە بە هەزاران چاوی گەشی نێرگسە جار
سەرنج ئەدا و پێ ئەکەنێ لەبەر شۆخ و شەنگی بەهار
هەرچی کەکوێرەکانییە چاوی ژیانەوەی گەشە
بۆ تەماشای دیمەنی ئەو هەموو جوانییە هاوبەشە
ئەو بەهارەی مەبەستمە بەهاری ئاسایی نەبوو
بەزم و شایی و ڕەشبەڵەک و هەڵپەرکێی لاسایی نەبوو
شادمانی لە دەروونا، وەکوو کانی هەڵئەقوڵا
زۆر دڵی لەت لەتی خەفەت بۆ ڕۆژێکی وا ئەکوڵا
بۆ بەبادانی ئەو خەمە و دەربڕینی ئەو خۆشییە
لەو بەهارە پاراوەدا سەیران و ئاهەنگ جۆشییە
شەپۆلی مناڵ و مەزن، بە هەزاران سەیرانکەران
ڕۆحێکی تازە بابەتی بەخشی بوو بە گەشت و گەڕان
هەرچی کە پێی بڵێی دڕکی ناسۆری لە باخا نەبوو
لەبەر گزنگی ئەو خۆرە پەژارە لە ناخا نەبوو
کەچی لەپڕ گوڵێکم دی بە دوو نێرگسی مەستەوە
بە لێوێکی بەبارەوە، چەپکە گوڵی بە دەستەوە
بە بەرگ و ڕەنگ و شێوەیا ماتەمینی لێ ئەڕژا
بە پشکۆی کۆستێکی گران دیار بوو کە دڵی ئەبرژا
ئەو دڵەی کە چەپکە گوڵی دیاری یەکەی پێوە نووسابوو
ئەو دڵەی کە وا برینی نەهێنی تێوە ئاڵا بوو
بەناو شەپۆلی هەڵپەرکێ و پێکەنینی ئەم و ئەوا
بەرەو درەختێ تێ پەڕی، وەکوو بینینم لە خەوا
لەو سێبەری درەختدا، لەسەر بەرزایی ئەو گڵە
بە کڕنوش و بە ڕێزەوە دای ئەنا ئەو چەپکە گوڵە
لەسەر گۆڕی دەزگیرانە دڵدارە جوانەمەرگەکەی
لەسەر دەمی جێ برینی سنگی لاوە بەجەرگەکەی
وەک پێی بڵێ: لەم ڕۆژەدا بۆیە هاتم خۆشەویستم
گەرچی لەڕێی سەربەرزی ئەم کوردستانە بەجێت هێشتم
گەرچی یادی تۆی نەبەرد و یادی هاوڕێ یانی وەک تۆ
لەسەر شانی هەموو کوردێ ئۆباڵێکە و چۆتە ئەستۆ
بەڵام ئاخ ئائەو سەیران و ئاهەنگ و بەزم و بەهارە
بەبێ تۆ گیانی شیرینم لەدڵما وەک ژەهری مارە
ئێوەن بە خوێنی گەش گوڵی ئازار و نەورۆز ئاو ئەدەن
گەوهەری یادگاری کورد بە بڵێسە زاخاو ئەدەن
بۆ خاکی تێراوی خوێن و تینووی نەورۆزی یەکجاری
بۆ کاروانی ڕێ ئاگری ئاسۆی ڕووناکی ڕزگاری