من و پاییز

از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکه‌ی فلاح (1928-1990)
 2 دقیقه  952 مشاهده
زۆر سروشتییە سەرنج و چێژم:
لە گەڵاڕێزان زەوقێ ئەچێژم
پاییز باڵداری هەست ئەخرۆشێنێ
تینوێتی ناخم دائەمرکێنێ
پەڵە هەوری ڕەش بە ئاسمانەوە
وژەوژی با بە بارانەوە
دڵم وەک خونچە گەش ئەکاتەوە
ژەنگی دەروونی من ئەشواتەوە
گەڵای وەریوی ڕەنگ زەردی سەرما
کۆچی، گیانی نوێ ئەکا بە بەرما
ئاڵیی ئەبەخشێ بە لێوی تاسەم
وەکوو بژێوی خوێن و هەناسەم
پەڕەی ناسکی گوڵی هەڵوەریو
وردە گیای تازەی کەنار جۆگە و شیو
دەریای تێ بینی من ئەشڵەقێنێ
کارێزی نەشئە و جۆش ئەتەقێنێ
دار و درەختی بێ بەرگی گەلا
تەزووی ئاودامان دێنێ بە دڵا:
کە هەڵ ئەلەرزێ بە بای بەیانی
دڵەی دێوانە و شێتی جوانی
ئەم دیمەنانەی پاییزی ڕەنگ زەرد
تەختی سروشتی سەدان داخ و دەرد
کار ئەکەنە سەر ناخی دەروونم
نوێ ئەکاتەوە گیانی زەبوونم
بۆ؟، چونکە من و پاییز دوو بە دوو
وەک یەک هاو دەرد و حەز و ئارەزوو
ئەم تەواوکەری ئەوی ترمانین
ڕێی حەپەسان و جێی سەر سوڕمانین
هەناسەی ساردی من بای خەزانە
ڕۆژی تەمەنم گەڵا ڕێزانە
بۆ هەڵوەرینی گەڵای درەختم
بۆ بەر پێی کۆچی ژیانی سەختم
فرمێسکی خوڕی دڵەی گریاوم
بۆ گوڵی هیوای ساوای ژاکاوم
دڵۆپەی زلی چاوی پاییزە
سەرچاوەی ئەشکم ئاوی پاییزە
جێی تەسەللامە پاییزی بێ ناز
وەکوو دوو هاوڕێی هاودەرد و نیاز
خەرمانی خەمی دڵ بە با ئەدەین
بۆ یەکتر ڕاز و سکاڵا ئەکەین