3

از کتاب:
مەسەلەی ویژدان
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
 7 دقیقه  7622 مشاهده

لەپاش ئەوە چەند مودەتێک لە لای تیجاری ئاغام مامەوە. موازەنەم کرد، لە لای ئەو دانیشتن بۆ من فائیدەی نییە. هەڵسام لەگەڵ کاروان لە شار دەرچووم، ڕۆیشتم بۆ قەزایەکی تر کە داخڵی ئەو لیوایە بوو. کە گەیشتمە مەرکەزی قەزا هەقیقەتەن جێگەیەکی خۆش و هەوایەکی لەتیف و باخ و باخچەیەکی جوانی بوو. ئەمما مەعەلئەسەف ناو کۆڵانەکانی لە کەماڵی پیسیدا بوو. پڕ بوو لە مەجاری و ئاوەڕۆ و زبڵ و پیسایی. بەمە هەقیقەتەن دڵتەنگ و عاجز بووم. تێ فکریم بۆ چی شوێنێ هێندە باخ و گوڵزاری تیادا بێ وە لە جەمالی تەبیعەتدا وەکوو بەهەشت بێ، کە چی وا بێ قەدر و قیمەت سەیر بکرێت؟ لەپاشانا تێ فکریم کە ئایا ئەم قەزایە بێ بەلەدیە بێ؟ وە ئەگەر بەلەدیەی تیادا مەوجوود بێت، کێ بێ ڕەئیسی بەلەدیەی؟ ئایا ئەگەر خەڵکی ئەم قەزایە بێت، چۆن ڕیعایەت و چاودێریی ناکات؟

پاش ئەوەی لە چایخانەیەک هێندێ ئیستراحەتم کرد، ئینجا چووم بە شوێن هۆدەیەکدا بگەڕێم بۆ ئەوەی ئیستراحەتی خۆمی تیادا جێبەجێ بکەم. هۆدەیەکم دۆزییەوە بە پارەیەکی هەرزان. شەوێ تێ فکریم کە ئایا لەم قەزایەدا چۆن گوزەران بکەم؟ کە بیرم کەوتەوە خۆ من کوێرە خەتێکم هەیە، ئەی بۆ نەچم بۆ سەرای حکوومەت وە بە ئیستدعانووسین نانێ پەیدا نەکەم؟ پاشان ترسی ئەوەم لێ نیشت کە ئیجازەم نەدەن.

بەیانی، بە کەماڵی مەراق و شڵەژاوییەوە، ڕووم لە سەرا کرد. هەر ڕەوشوڕووت و لادێیی بوون، وەک شارە مێروولە بە یەکدا ئەهاتن و ئەچوون. کە چاوم گێڕا تەنها دوو سێ عەرزوحاڵچی مەوجوودن، کە بە سیمایاندا و خەڵکی دەوریاندا، ئەوزاعیانم بە خراپ نەزانی. ئیتر منیش قسوورم نەکرد، هەر لەو نزیکانە چەن تەبەق کاغەز و دوو سێ ئووچ و هێندێ مەرەکەبم کڕی و لە سووچێکی بەر دەروازەی سەراکەدا دەرگا و دووکانی خۆمم دامەزراند. ڕسقی ئەو ڕۆژەم تەنیا ئیستدعایەک بوو، بەڵام خوا ئەمیشی بە خێر بۆ نەگێڕام.

چاوەڕێی ئەوە بووم، عەرزوحاڵی یەکەمم مەجرای خۆی بگرێت و ڕەئیسی دائیرە بیخوێنێتەوە. ئێستاش بۆم حەل نەبوو، ئایا لەبەر خراپیی خەتەکەی من بوو یاخو ڕەئیسی قەزاکە نەخوێندەوار بوو. حاسڵی بە هەر ئەحواڵێک بوو خوێندبوویانەوە. بۆی مەعلووم بوو کە مەسەلەی ئیستدعاکە لەجیاتی ئەوەی کە بنووسم «حەیوانەکانم ژمارە کراون و دوو جار قۆچانیان بۆ بڕاوە، مەغدوورم.»، نووسیبووم «من دوو تاقم حەیوانم هەیە و هەر تەنیا تاقمێکی ژمارە کراوە. ئیسترحام ئەکەم، ڕەفعی مەغدووریەتم بفەرموون!»

ڕەئیسی دائیرەکە ئەمەی دیبوو، بە حیددەتەوە ڕووی تێ کردم.

- کوڕە کابرا تۆ خەڵقی کام وڵاتی؟

- قوربان ئەسڵەن خەڵقی ئەم وڵاتەم.

- ئەم دەستبڕینە چییە؟ تۆ مادام نازانی بنووسی، بۆ چی خۆت کردووە بە عەرزوحاڵچی؟ تەماشا کە بەم خەتە پیسە، ئەم ئیستدعایە بێمەعنایە نووسیوتە؟ لەجیاتی بۆ ڕەفعی مەغدوورییەتی ئەم فەقیرە بنووسی، زیاتر مەغدوورت کردووە. هەر ئێستا حەواڵەی پۆلیسخانەی ئەکەم و ئەوراقت لەحەق بگرن. ئەمجا چاوت بە خۆت ئەکەوێت، بە قانوونی عەشایر چۆنت مەحکووم ئەکەم تا ئیتر لەمەولا کەس ئەمانە نەکات!

کە ناوی قانوونی عەشایری برد، تەعەجوبم کرد، چونکە بیستبووم قانوونی عەشایر مەخسووسە بۆ ئەوەی کە شەڕێکی موهیم لە بەینی دوو عەشایردا واقیع بێت، قەتڵ و قیتالی تێدا کرابێ بە مەحکەمە قابیلی حەلکردن نییە. یاخود بۆ مەسەلەیەک کە ئەگەر بە قانوونی مەدەنی بکرێت بۆ سیاسەتی ئەو مەوقیعە زەرەر بێت، ئەمجا بە قانوونی عەشایر ئەکرێت.

زۆر ترسام وتم ئەم مەسەلەی منە زۆر موهیمە.

بە ترس و دڵەلەرزەوە عەرزم کرد:

- قوربان من عەشایر نیم و ڕەئیسی عەشایریش نیم. فەقیرێکم بۆ خۆم کاسبی ئەکەم، من هەقم چییە بەسەر قانوونی عەشایرەوە؟

- ئا کوڕە! کێ لەوێیە؟

فەورەن دوو سێ حازر بوون. وتی:

- دەی نەختێ دەموولووتی بکوتنەوە!

بێ ئەدەبی نەبێ قەدەرێ دەمولووت و چاوم بە شەقازلە تەئدیب کرا.

ئەوراقەکەمی حەواڵە کرد و دای بە دەستمەوە. کە تێ فکریم ئەو خەتە پیسەی من، هێشتا زۆر لە خەتی ڕەئیس جوانترە. لە دڵی خۆمدا وتم: «خودا! قودرەت قابیلی تۆیە! یەکێ لەسەر خەت ناشیرینی موحاکەمە دەکرێت و یەکێ لەبەر خەت ناشیرینی مەسعوود بووە و بەختیارە؟!»

حاسڵ بردمیان بۆ پۆلیسخانە، لەوێ تەقریریان وەرگرتم. کابرایەک کە نەختێ دۆستم بوو، بوو بە کەفیلم و بە کەماڵی عاجزییەوە گەڕامەوە، چوومە ئەو هۆدە خانووەی کە بە کرێم گرتبوو، دانیشتم. ئێوارە لەبەر عاجزی نانم پێ نەخورا. شەوێ، کەفیلەکەم هاتە لام وتی:

- عەزیزم عاجزی فائیدەی نییە، هەڵسە بڕۆ عیلاجی خۆت بکە!

- عیلاجم چییە؟

- پارەت هەیە؟

- بەڵێ!

- ڕەئیس موعتەمیدێکی هەیە، بچۆ تەشەببوسی پێ بکە!

- ئاخر نایناسم؟

- مەراق مەکە! من دێم لەتەکتا.

خۆلاسە هەڵساین چووین بۆ ماڵی کابرای موعتەمید.

کە تێ فکریم دیوەخانێکی درێژی هەیە کە پڕە لە کێچ و ئەسپێ و دووکەڵ ئینسان کوێر ئەکات. خۆی لە سەدری مەجلیسەوە دانیشتبوو. ماڵاماڵ ئەو دیوەخانە، پڕە لە ئینسانی ڕەوشوڕووت. وام بۆ مەعلووم بوو کە هەموویان وەکوو من لە موخاتەرەدان. وە بۆ ڕەفعی ئەو خەتەرە کە لە ڕێگایاندایە بەغەیرەز ئەو دیوەخانە پیسە، مەلجەئی دنیاهێکیان نییە. چونکە هەموو کەس ئینتیزاری ئەکرد کە سائیرە هەڵسن وە خەڵوەت بێت، منیش لە عەینی ئەو فیکرەدا بووم. ئەمما لەبەر ئەوەی کە خۆفی من لە هەموویان زیاتر بوو وە یاخو تەحەممولم بۆ عەزابی کێچ و ئەسپێ و دووکەڵ هەبوو، لە هەموویان زیاتر لە دانیشتدا سوباتم کرد تا هەموویان هەڵسان. وە بە مەحرەمانە شەرفیابی حوزووری موعتەمید بووم و ئەوەی لازم بوو جێبەجێم کرد و گەڕاینەوە!

سبەینێ تەماشام کرد کە چوومەوە پۆلیسخانە، گەزی چی و جاوی چی؟ ئەوسا کە بە پێوە ئەوەستام، ئێستا دام ئەنێن! ئەوسا کە بەحاڵ مەیدانی قسەم بوو، ئێستا مونتەزیری گفتوگۆی منن! خۆم پێ نەگیرا لە قۆمیسەرم پرسی:

- ئەمڕۆ خۆم زۆر بە موحتەرەم ئەبینم بە عەکسی دوێنێ، ئەمە چییە؟

- بەخوا منیش نازانم! ئەوەندە هەیە ئێستا ئەمریکمان لە جەنابی ڕەئیسەوە بۆ هات کە فڵان کەسی ئیستیدعانووس کە ئەوراقی بۆ ئێوە حەواڵە کرابوو، ئەوراقەکانی ئیعادە بکەنەوە بۆ خۆم و زۆر ئیحترامی بگرن! ئێمەش مەجبوور بووین بە ئیتاعەتی ئەمر و حەقیقەت ئەم مەسەلەیە وەکوو موعجیزە وایە!

ڕاستیشی ئەکرد، قۆمیسەر خەبەری نەبوو، ئەمما خۆم ئاگام لەو موعجیزەی ئەو شەوە هەبوو کە کردبووم.

قۆمیسەر وتی:

- ڕەئیس وای ئەمر کردووە کە تەشریف بێنن بۆ مەقامی ئەوان! منیش هەڵسام و چووم و ڕەئیس فەوقەلحەد ئیحترامی گرتم و ئەمری کرد، چایییان بۆ هێنام و پێی وتم:

- ئیشت چییە بۆت بکەم، ئەوا ئەوراقەکەشم لا بردی؟

- قوربان ئیشم هەر ئەوەیە مەئزوونم بفەرموون بۆ ئیستیدعا نووسین.

- عەزیزم تۆ نایزانی من تەگبیری باشترت بۆ دەکەم.

دەرحاڵ، ئەمرێکی نووسی کە بەغەیرەز زۆراب ئەفەندی ناو، کە ئەسڵەن خەڵقی ئێرەیە وە ئێستا هاتووەتەوە و خەتی جوانە ئیستدعا نووسین بۆ هەموو کەس مەمنووعە. منیش بە کەماڵی مەمنوونییەوە ئەمرەکەم وەرگرت و دام بە ڕەئیسی بەلەدییە. دوو عەرزوحاڵنووسی فەقیر کە دراوسێی دووکانم بوون و وەجهی مەعیشەتیان تەنها ئیستیدعا نووسین بوو، بە ئەمری بەلەدییە مەنع کران! منیش هەر چەند قەلبەن موتەئەسیر بووم بۆیان کە نانم بڕین، ئەمما لەبەر ئەوە وەزعی موحیت وای تەقازا ئەکرد کە هەموو شەخس، سەعادەتی خۆی لە فەلاکەتی هاوجینس و هاوزمانی خۆیدا ئەبینێ، منیش سەرفی نەزەرم کرد لە ویژدان و وتم «بە جەهەننەم ئەمرن لە برسا! بە ئیستلاحی کوردی بە گونی بارگیرمەوە! با خۆم مەسعوود بم. ئینسان ئەبێ تابعی موحیت بێ.

***