پێشەکی
ئەم پەرتووکەی بەردەستان بەرهەمی دوو کۆمەڵە تێبینی بەنرخی دوو پسپۆڕی بێگانەن کە یەکەمیان زانا و ئەنتروپۆڵۆژستی جیهانی بە ناوبانگ «هێنری فیڵد»ە و دووەمیشیان «ئی. جەی. ئاڕ»ە کە لێپرسراوێکی ئینگلیزی گرنگ بووە لە عێراق پاشی داگیر کردنی لە لایەن ئینگلیزەکان و ئاوابوونی ڕۆژی ئیمپریالیزمی عوسمانییەکان لەم نیشتمانە و تێکڕای ناوچەکەی گرتە دەست لە سەرەتای ئەم سەدەیە. گرنگی ئەم پەرتووکە لەوەدایە کە باسی کۆمەڵە خێڵێکی کورد دەکات کە ناویان لە هیچ سەرچاوەیەکی تردا نەهاتووە. ئەم ڕاستییەش ئەوەمان بۆ ساغ دەکاتەوە کە «فیڵد»ی زانا لە بەر چەن هۆیەکی زانستیانە و «ئی. جەی. ئاڕ»ی لێپرسراو لەبەر چەن هۆیەکی تایبەت بە ئینگلیزە داگیرکەرەکان و بەرژەوەندییەکانیانەوە لە ناوچەکە، ئەم دوو پسپۆڕە توانیویانە هەر یەکە بە گوێرەی توانای خۆی و ئەو هەلانەی بۆیان ڕەخسابوو گەلێ شتی بەنرخ کۆ بکەنەوە لەبارەی خێڵەکانی کوردەواری و شوێنەوارەکانیانەوە. سەرباری ئەمەش باری ئابووری و توانای سەربازی و گرنگی ناوچەکەیان لە ڕووی ئیستراتیژیەوە دەخەنە بەر تیشک. جگە لە ناوهێنان و ناساندنی پیاوە گەورەکانیان ئەو شتانەی باسمان کردن زیاتر پەیوەندیان بە تێبینییەکانی «ئی. جەی. ئاڕ»ەوە هەیە کە لەم پەرتووکەدا جێگەیان بۆتەوە سەرباری تێبینییەکانی هێنری فیڵد کە ئەویش بەش بە حاڵی خۆی کۆمەڵی تێبینی زانستیانەی دیکەی لەم پەرتووکەدا خستۆتە بەر دەستی خوێنەری بەڕێزمان کە نەک هەر تەنها نوتن سەبارەت بە خۆێنەری کورد و کتێبخانەی کوردیەوە بەڵکوو زیاتریش گەلێ لەو گیر و گرفتە ئەنترۆپۆلۆژیانەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە لە بارەی کۆمەڵگاکانی کوردەواری و نەژادی کوردەوە لە بەر ڕۆشنایی زانست و مێژووەوە.
لەوانەیە بە لای هێندێ کەس لەم سەردەمەدا سەیر بێ پەرتووکێکی ئاواهی بە چاپ بگات کە باسی هۆز و هۆزایەتی بکات لە دوا چارەکی سەدەی بیستەمدا. چونکە ئەم بابەتانە ئەمڕۆ بە شتێکی سەر بە ڕابوردوو دەدرێتە قەڵەم ئەگەر بە شتێکی دواکەوتوو دانەنرێ بەڵام وەڵامی من بۆ ئەو جۆرە کەسانە ئەوەیە کە ئێمەی کورد هەر دەبێ وەک میللەتانی تر لق و پۆکانی خۆمان بگێڕینەوە سەر بنجی ڕەسەنی خۆیان. ئەمە تەنها مەبەستی منە لە وەرگێڕان و ئامادە کردنی ئەم پەرتووکە. شایەنی باسە تێبینییەکانی کتێبەکەی فیڵد زیاتر ئەو هۆزانە دەگرێتەوە کە بە شێوەی کرمانجی خواروو و لوڕی ئاخافتن دەکەن و ئەوانەی «ئی. جەی. ئار» باسی ئەو هۆزانە ئەکەن کە بە شێوەی کرمانجی سەروو قسە دەکەن.
زۆربەی ئەم تێبینییانە دەگەڕێنەوە بۆ دوا ساڵانی سەدەی ١٩هەم و ئینجا ٢٠ەم، جا ئەگەر پەراوێزێکی زۆر لەم کتێبەدا نەبێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ئەم تێبینییانە خۆیان لە خۆیاندا بە تایبەتی ئەوانەی فیڵد، پەراوێزی کتێبە بەنرخەکەی فیڵدن کە لە ژێر ناوونیشانی «ئەنترۆپۆلۆژیای ئێران»ە و لە سییەکاندا بە چاپ گەیشتووە.