هاتنی شاپوور بۆ سەر لاشەی فەرهادی شەهید
از کتاب:
شیرین و فهرهاد
اثر:
کمالی (1886-1974)
2 دقیقه
25 مشاهده
شاپوور هات کە دی ئەحواڵی فەرهاد
یەخەی دادڕی بە داد و بێداد
هاتە ژوور سەری بە ناڵە و خرۆش
ئەوەندە گریا هەتا بوو بێهۆش
هاتە هۆش گوتی شای فەرهادم ڕۆ
خاقانزادەی چین نامرادم ڕۆ
فەرزەندی عەزیز نووری دیدەم ڕۆ
شازادەی چینی بەرگوزیدەم ڕۆ
دڵتەنگ و بەدبەخت بێ نەسیبم ڕۆ
فەرهادی بێکەس هەم غەریبم ڕۆ
سەر بەرزکەرەوە بمکە دەڵاڵەت
بۆچی شاپوورت تۆ کرد خەجاڵەت
ئامانەتی تۆی خاقان دایە من
بۆچ ڕیشەی عومرت دەرهێنام لە بن
شیرین و شاپوور بە دڵی ناشاد
بە جووت هەڵیانگرت جەنازەی فەرهاد
لاشەی نازداری فەرزەندی فەغفوور
شوشتیان بە ئاوی زمزم و کافوور
لە عەبای شیرین بۆیان کرد کەفەن
یەعنی مرد لە داخ شیرینی ئەرمەن
قەبری بۆ هەڵکەند شاپووری دڵڕێش
پۆشی بە بەریا لیباسی دەروێش
لیباسەکانی خوێناوی فەرهاد
شاپوور هەڵیگرت بە داد و بێداد
ڕۆیشت شاپووری دڵ پڕ دەرد و غەم
شیرین بەربووە گریان لە حەرەم
ئەیگوت هەی بێداد لە چەرخی غەددار
بۆچ شاپوورت کرد ئەوا تار و مار
تەسکینم ئەهات بە قسەی شاپوور
کەچی ئەویشت وا لە من کرد دوور
بە ماتی دانیشت لە قەسری جامڕێز
لەعنەتی ئەکرد لە چارەی پەروێز
ئەیگوت یاخوا قەت نەبی دڵشاد
خوسرەو تۆ لە پاش شاپوور و فەرهاد
چاکەی فەرهادی خوسرەو واداوە
بمری بە دەرد و جەور و سەزاوە
گەر خاقانی چین بزانێ خەبەر
سەرزەمین ئەکا بە دەشتی مەحشەر
ئومێدم وایە بە خودای بێ باک
خوسرەو وەک فەرهاد ببێ سینە چاک